}

تۆ لە جەستە زیاتری

ژنان 12:47 PM - 2021-11-25

نەرمین عوسمان 

ناوەكان بوون بەژمارەیەكی بێ كەس، ژمارەیەك لەسەر كێلی كچێكی ناسكۆڵەی تەمەن هەرزەكار؛ رەنگە ناوی ژیان بووبێت و ئێستا ژمارە (6)ە، یان چنار بووبێت و ئێستا لەژێر زەوییەكی وشك و رەق راكشابێت و ژمارەكەی (13)یە. ئەم ژمارانە لە سەردەمی جینۆسایدی جوولەكەكان دەچێت كاتێك جوولەكەكان دەگیران و هەریەكەیان ژمارەیەكیان لەسەر جلەكانیان یاخود بە سووتاندن یاخود بە كوتان لەسەر جەستەیان هەڵدەكەنران و دەخرانە زیندانەكان و دواتر زۆربەیان دەكوژران و دەبوون بە ژمارە.
ئەم ژنانەی بوون بە قوربانیی توندوتیژیی بە ناوی پاراستنی شەرەف و ئابڕوو، لە ئێستادا ئەوانەی گۆڕیان هەیە ژمارەن و لەناو زیندانی بەزۆر سەپێنراوی گۆڕستانەكان بە جەستەی ساردوسڕەوە راكشاون و خەونە سادە و ساكارەكانیان لەگەڵیان خەوتوون. رەنگە خاوەن ژمارەكان بەختەوەرتر بن لەو كچانەی كە هەر نازانرێت لە كوێ و چۆن بێسەروشوێن كران و لە كوێ نێژراون یان بە كام ئاودا دراون.
سنووری سلێمانی، زەهرا و حەوای بەغدایی، دوعای شنگالی، نورزانی شەمەری، حەسنای زیقاری، فاتیمەی هەولێریی... ئەمانە و هەزارانی وەك ئەم بێتاوانانە لەلایەن بكوژەكانیانەوە چەندین جار بڕیاری كوشتنیان بۆ ئامادە كراوە، جارێك داماڵینی ژن لە هەست و سۆز و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقین لەنێوان ژنان، جارێكی تر شاردنەوەی هۆكارەكان، ئازادیی تاوانبارەكان، جەرگسووتاندنی دایك و شەرمەزاریی خوشك، گۆڕینی ناو بۆ ژمارە، ناوزەندكردنیان بە بەدڕەوشت. ئەم تاوانانە بەهۆی نەریتێكی قێزەونی هاوردەكراوی بەزۆر سەپێنراوە بەسەر كولتووری كوردەواریدا. ئەوانەی ئەم جۆرە تاوانانە دەكەن، خۆیان گلەیی و گازندە دەكەن و جنێو بە دنیا دەدەن لەسەر نادادپەروەری، كەچی خۆیان گەورەترین تاوان دژ بە دادپەروەری دەكەن. نە دادوەر و نە قازی بڕیارێك دەدەن كە دەسەڵاتی كولتوورێكی دواكەوتووی نێرانە پێی بەخشیون، مەترسیدارترین تاوان؛ تاوانی شەرەفە، سەدان ئاسەواری كۆمەڵایەتی و دەروونیی لەسەر خێزان و كۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێن.
هۆكارەكانیش:
1. پێناسەی هەڵە بۆ شەرەف.
2. جیاوازیكردن لەنێوان نێر و مێ لەو رۆژەوەی لەدایك دەبن.
3. لاوازیی پەیوەندیی خێزانیی.
4. ژنان لە هاوكێشەی دەسەڵات و هێز، خاڵە لاوازەكەن.
5. كولتوورێكی بەزۆر سەپێنراو و سوودوەرگرتن لەو بۆچوونە هەڵانە.
6. كەمیی رۆشنبیریی دەربارەی ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەكان.
7. لاوازیی دەزگا فەرمی و نافەرمییەكان.
8. سەیركردنی ژن وەك كاڵا، ئەمەش كاریگەری تەنانەت خستووتە سەر ژن خۆیشی و دووركەوتنەوە لە خۆپەروەردەكردن و چوونە ناو كایەی ژیان و كارەوە.
9. نەرمیی دادگاكان و دۆزینەوەی بەڵگەیەكی یاسایی نەرمتر وەك ئەوەی كە دەڵێن: رەنگە بكوژەكە لەژێر كاریگەریی بوارێكی دەروونیی خراپدا بووبێت و كەمكردنەوەی سزاكانیان.
10. هەندێك كەس هەن رایان وایە ئەم جۆرە كوشتنە، پاككردنەوەی كۆمەڵە لە حاڵە خراپەكارییەكان.
ئەمانە و دەیان هۆكاری تر، ئێستایش بە سەدان لەو تاوانبارانە بەئازادیی جەستە دەسووڕێنەوە و نە بە یاسا و نە بە دەزگا فەرمی و نافەرمییەكانیان توانیویانە رێگریی لە سەدبارەبوونەوەی ئەو تاوان و تاوانبارانە لە كەمبوونەوەی. هۆكارە سەركییەكەیش تاكوو ئێستا ئەم كولتوورە دواكەوتووە لە زهنی هەر تاكێكماندا خول دەخواتەوە و نەتوانراوە لاببرێت.
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە هەماهەنگی و تۆڕێكی توند و پتەو دروست بكرێت بۆ شەرمەزاركردن و ریسواكردن و دادگاییكردنی هەموو ئەوانەی بەشدارن لە كوشتنی كچ و ژنی بێتاوان و دانانی یاسا و مافەكانی مرۆڤ لە سەرووی هەموو كولتوورێكی ناڕەواوە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket