riklam

دەرونی شەڕەنگێزیی

بیروڕا 11:18 AM - 2021-11-25

دەرونی شەڕەنگێزیی   خەڵك ، ھەر حكومەت  و سیستمەكانی  پەروەردەو خوێندنی  باڵا   لێی  بەرپرسیارن !
بارزان  شێخ عوسمان 
لەكاتی   گرژی  و ئاڵۆزیی  و  پەلاماردانەكانی  چەند  رۆژی  رابردوی  سلێمانی  و دەوروبەری  دا ،ژمارەیەك  رۆژنامە نوسی  دۆست  داوای  تێڕوانینی  بەندەیان كرد  ، ھەندێكیش  بە  تەوس  و پلارەوە  بەھەمان شێوە   مەرامیان بو  بمدوێنن.  رێزم لە ھەردومەبەستە  باشەكە و مەرامە  خراپەكەش  گرت . 
جارێ پێش ھەمووشتێك  با بەبیری خۆمانی بێنینەوە،  لەماوەی  سی ساڵی رابردوی  ھەرێمی  كوردستان و دەیان  ساڵی  رابڕدوی حكومەتەكانی  عێراق  بەوەی  ئێستاشەوە  ،ھیچ  بەرنامە  وپلانێك   نەبوە و نییە  تا  كەرتی تایبەت  بەو جۆرە    گەشە  بكات  كە  ئیتر   خەڵك  زەڕنەقوتە  ئاسا  ھەر چاوەڕێی  حكومەت  نەكات  پۆ  دامەزراندن و دابین كردنی  ژیانی، ھەر سیستمی   بێكاریی  روپۆشكراو  پەیڕەو كراوە .خوا ھەڵناگرێت ئەم حكومەتەی  خۆشمان  بە ھەمان  رێچكەدا رۆیشتوە و دەڕوات  كە ھەر  سەرمایەداری خانوبەرە وقاچاخچی  بەرھەم بێنێت  یەك  پرۆژە نابینیت كە  ستراتیژیی    بێت  و خەڵك چیتر   ھەر  چاوەڕێی  پاروە  نانەكەی  حكومەت  نەبێت . بە  حكومەت  و موعاڕەزە و ناڕازییان بۆ   كورسیی پەرلەمان  و دەسەڵات  خەڵكیان  كردۆتە  ئامڕاز  ێك  و  ھەریەكەیان بۆ  مەرامێك  بەكاریان دێنن  و، بەشێكی خەڵكیان بە  شەڕەنگێز یی و جنێو فرۆشیی   بەرھەم ھێناوە. 
چیرۆكی  روداوەكان  ناگێڕمەوە و دوبارەیان ناكەمەوە ،یەكسەر  دێمە  سەر  مەسەلەكە . گرژیی و ئاڵۆزییەكانی  ئەمجارە  لە  مەسەلەی  دەرماڵەی  خوێندكارانەوە  سەری  ھەڵدا   كە  مافێكی  سەرەتایی   و رەوای  خۆیانە ، ئیتر  بۆچی  بۆیان دابین نەكراوە  و  دواخراوە    ئەوە   ناھەقییەكی  ئاشكرایە  و  لایەنی  پەیوەندیدار  لێی  بەرپرسیارە  . بابەتەكە ھەر  لێرەدا  كۆتایی  نایەت  و حكومەتی  فیدراڵ  و ھەرێمی  كوردستانیش   بێ بەرنامە و بێ پلانن نەك ھەر  لە ئاستی  پەروەردە  و خوێندنی  باڵادا ، بەڵكو   لە  ھەمو  سێكتەرەكاندا ، بۆیە  ناڕەزاییەكان   تا دێت  زیاتر  دەبێت ،پێ ناچێت  وا زوش  كۆتاییان  بێت. ھەر كۆبونەوەیەك  دوای  چەند  خولەكێك  دەبێت  بەخۆپیشاندان  و  ئیتر  پەلاماردانی  خۆپیشاندەران  و پۆلیس  و ھێزی  ئەمنیی بەدوادا  دێت  . 
بەوحوكمەی   نەخۆپیشاندەر   ئاگاداری  رێسا  و  قانونەكانی  خۆپیشاندانە  ،نە پۆلیسیش   ھێندە  مەشق و وانەی لەبارەی   شێوازی  مامەڵە كردن  لەگەڵ  ئەو  روداوانەدا  وەرگرتوە،    بۆیە  ھەمیشە  دۆخەكە   ئەبێتە  راپەڕین  و  شەڕی  مان و نەمان ، بێ دەسەڵاتیی  و دەستە وەستان  و نەبونی  رێگە چارە ی  لۆجیكیی  و لەدەستدانی  ئەقڵیش  ئەو رەفتارانە  بەرھەم  دێنێت، بۆیە  یەكسەر  تەقە و تێھەڵدان  و  شەڕە  جنێو  و پێك ھەڵپژانی  ھەڕەمەكی  عەشایریی  دروست دەبێت ،ئیتر  كار لەكار دەترازێت  و ئەوە  رودەدات  كە ئیتر  ئەبێتە  مادەیەكی باش  ھەم  بۆ  مەرامی  سیاسیی  ،ھەم بۆ  مەرامی  ئیعلامیی .لەم نێوەشدا  ھیچ  لایەك  ھێندەی  حزبە  ئیسلامییەكان  و پۆپۆلیستە ھاو ئاوازەكانیان   قازانج  لەم شەڕە  ناكەن ،بۆیە ئەوانیش  زیاتر   فو بە ئاگرەكەدا دەكەن خوا خوای زۆرترین  كوشتار و خوێنڕشتنیانە.  بەداخەوە  زیان  بەر زۆر  شوێنی گشتیی كەوت  كە  نەدور نە نزیك  پەیوەندییان  بە  مەسەلەكەوە  نەبوە ،لە ھەموی  ناخۆشتر   بەفیڕۆ چونی ئەو  ئاوە  زۆربو   كە  بۆ پاككردنەوەی  جادە وبان و شوێنە  سوتاوەكان  بەكار  ھێنرا ،لە كاتێكدا ناوچەكەمان  بۆ  تنۆكێ  ئاو  داماوە !.      . 
بە بڕوای  بەندە    سەبەبكاری ئەو   بارودۆخە ی ئەمجارە    نەبونی  پلانە  بۆ  سیستمی  خوێندن  ، لە ھیچ  وڵاتێكی  دنیادا  ھەمو  خوێندكاران  دواناوەندی (پۆلی  دوانزدە)   تەواو  ناكەن یەكسەر  بۆ زانكۆ  رەوانە  بكرێن ،لە  كەم  وڵاتی  پێشكەوتوی  جیھاندا  ژمارەی  دەرچوان  و خوێندكارانی  زانكۆ  ھێندەی  ھەرێمی  كوردستانە  ،لە  كاتێكدا  ژمارەی  دانیشتوانیەكەی ھێندەی مەدینە سەورەی   بەغدایە .   
لە وڵاتی ئاقڵان    مناڵ كە  ئەگاتە  پۆلی  پێنجەمی  سەرەتایی  ئەزانرێت   ئاستەكەی  چۆنە ،ئایا دەتوانێت  بگاتە  خوێندنی  زانكۆ  و   سەرو  پیشەیی و پەیمانگا ،یاخود نا ؟،   تا  توشی  سەرلێشێواوی نەبێت ، زۆربەی خوێندكاران  لەو رشتە  و بەشانە  دەخوێنن  كە  توانایان پێی  دەشكێت، بۆیە  ژمارەیان  لەزانكۆكاندا  دیاریكراوە و پلانی  بو دانراوە  و ھەڕەمەكی  نییە .   ژمارەی  خوێندكاری  زانكۆی ھیچ ھەرێمێكی  وڵاتێكی  پێشكەوتوی  دنیا  ھێندەی  ژمارەی  پارێزگای  سلێمانی  نابێت ! .كێشەكە ئەوەیە ئەوانەیشی   ناویان  قانون  داڕێژ  و دانەرن لە پەرلەمان ، پەروەردەو   و دەرھاویشتەی  ئەو سیستمە  شێرپەنجاویەن بۆیە ناتوانن  رێگە چارەیەك دابنێن  ، ئەوەی  ئێستا دەبینرێت  لە موزایەدە قسەی  زل  زیاتر نییە  .  ئەرێ  تەواوی وڵاتێكی  وەك   نایزەرلاند   ھێندەی  زانكۆكانی  ئەم ھەرێمە  دەرچوی  زانكۆ و دكتۆرا و ماستەر  و دەرچوی  كۆلیژی پزیشكیی تیایە؟! ئەی  ئەو ھەمو  بەناو ڕۆژنامەنوس  و دەرچوی  راگەیاندنە   بۆ ناڵێیت (لەگەڵ  رێزی  زۆرم  بۆ   راگەیاندنكارە   راستەقینەكان ).    
بە بڕوای من  لە جیاتی  بیانو ھێنانەوە و    دروشم بازیی  حكومەت  و   موزایەدەی  ئەوەی  سوار  شەپۆلی  ناڕەزاییەكان  بوە،  بیر  لە  گۆڕین و چاكردنی  بە  پلان و بەرنامە  بۆ  داڕێژراوی  تۆكمە  و زانستیی  بكرێتەوە بۆ ئەوەی  ئەو ھەڵاوسانەی  خوێندكاران و دەرچوانی  زانكۆ   بنبڕ  بكرێت ،   لەوانە  كەمكردنەوەی   زانكۆكان   لە جیاتی  ئەو ھەمو  زانكۆیە  لەسنوری  پارێزگای  سلێمانی  ،با كۆلیژەكانی  زانكۆی  سلێمانی  بەسەر  ئەو ناوچانەدا  دابەش  بكرێن  كە  ناوی زانكۆیان  لێ نراوە .دیارە  پێویستە  گۆڕانكاریی لە  سیستمی  پەروەردەش  لە  سەرەتاییەوە   بخرێتە ریزی پێشەوە    بەو جۆرەی  لە زۆربەی  وڵاتانی  جیھاندا دەبینرێت . دەبێت  پسپۆڕان و شارەزایانی  بیانیی   پرس  و راوێژیان پێ  بكرێت  ،ھیچ  شەرم و  نەنگییش نییە  كە  خۆمان  لێی  نازانین و رێگە  چارەمان  پێ نییە !.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket