riklam

کاتی ئەوە نیە.....

بیروڕا 09:03 AM - 2021-11-25

كاتی ئەوە نیە سەد ساڵیش ژنان پیاوان بچەوسێننەوە؟ لەڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان، چیمان پێبوو بۆ یان؟

د.دارەوان حاجی حامید - پاریس 
ئەمساڵیش لەڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەلیستێكی خەمناكە وە ماڵئاوایین لە ٢٠٢١ دەكەن، كە لەلایەن دەزگاكانی چاودێری بارودۆخی ژنان لە جیهاندا تراژیدیای بەردەوامی توندو تیژی دژی ژنان، دەستدرێژی بە هەموو جۆرەكانیەوم، ناهاوتایی و پێشێلكردنی مافەكانیان  لەسەراپای جیهاندا بەتایبەتی لە جیهانە دواكەوتوو ژێر دەستەی دەسەڵاتە نەریتی و دیكتاتۆری و ئایینی و پیاو سالاریەكاندا نیشاندا، كە هێشتا ئەم نیوەیەی مرۆڤایەتی زۆر دوورە لەوەی هاوتای نیوەكەی دی بژی.                                                                                                                                       
ئەو لیستە پێمان ئەڵێت ڕۆژانە ٦٠٣ ملیۆن ژن  لە هەندێك وڵاتی جیهاندا تووشی ئەشكەنجەو لێدان و سوكایەتی ئەبنەوە كە لەو وڵاتانەدا توندو تیژی دژی ژنان (تاوان) نییە. ٧٠٠ ملیۆن كچ لە جیهاندا پێش تەمەنی شانزە ساڵی بە شوودراون . ١٣٠ ملیۆن كچ لە جیهاندا خەتەنە كراون. لەهەر دە ژنێك لانی كەم یەكێكیان لە جیهاندا ڕووبەڕووی توندو تیژی و دەستدرێژی سێكسی بۆتەوە. 
ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار ژن بەتاوانی شەرەف ئەكوژرێن. لە پانزە وڵاتی جیهان ژنان بە بێ ڕەزامەندی باوك یان مێرد  بۆیان نییە نە كار بكەن نە سەفەر. لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لە ڕووی كارو موچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتا نین و مافی هەموو كارێكیان نییە.  زیاتر لە ٤٥ ملیۆن ژنی لەشفرۆش لە جیهاندا هەن كە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان سیانزە تا بیست و پێنج ساڵدایە. لەو كۆمەڵگایانەدا كە بەر هێرشی تیرۆریستانەی هێزە ئیسلامیە جیهادیەكان كەوتوون، ژنان قوربانی یەكەمن و جگە لە كوشتنیان ئەكرێنە بابەتی كۆیلایەتی و فرۆشتن و دەستدرێژی بەردەوامی سێكسی .                                                                                                  
 نیوەی كۆمەڵ و دایك و پەروەردگاری نیوەكەی دیش كە تاكە خواست و پرسیاری لە پیاو ئەوەیە كەی ئەمیش ئەبێتە خاوەنی جەستەی خۆی ؟ دوای سێ سەدو شەست و چوار ڕۆژ لە ماندویی پێنەزانراو لەبیركراوی نیوەكەی دی، هەرگیز یەكسان نەبوونیان بە پیاو، لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان چیان لە پیاوان خواست و بە چ ئومێدەكەوە چاوەروانی ساڵێكی نوێیان لێ ئەكەن ؟ ژنان بێ ئومێدن كە پیاوان  پاش چەندین سەدەی  پێكەوە بنیاتنانی  شارستانیەتی مرۆڤ، لە داوا سادەكانی ناخیان بگەن، كە ببنە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژیان و بنیاتنەری هاوبەشی  خێزانەكانیان و خەم و ئارەزووەكانیان، ئەو پیاوانەی كە جگە لە و ساتانەی شەو نەبێت كە بەتەنیشت هاوژینەكانیانەوە (ڕاستتر ژنەكانیانەوە)  پرخەیان دێت، ساتەكانی دی ژیانیان لە دەرەوەی جیهانی هاوژینەكانیانەوە بەسەرئەبەن ، تەنانەت لەو  تاكە ڕۆژەشدا پیاوەتیان لە عەرشی باڵادەستی بەسەر نیوە قوربانیەكەوە تا ئەو ئاستە دانەبەزێت كە دان بە سێسەدو شەست و چوار ڕۆژی تەنیایی و ناهاوتایی و چەوساندنەوەی ژناندا بنێن.                                                                                                                                        

 بۆیە ژنان چیرۆكی بە  قوربانی بوون و هەتك كردنی جەستەی لێسەندراویان لە ڕۆژی مافەكانیدا بە تەنافی تاوانەكانی نیوە نێرینەكەدا هەڵئەواسن، بێ ئەوەی چاوەڕوانی و ئومێدی باشبوونی ژیانیان لە كۆمەڵگەیەكی جیهانی ژێر دەستی پیاواندا بكەن . ژنان هەموو ساڵێك هەر ئەوەندەیان پێ ئەكرێت كە بیری باوكو براو هاوسەر و مام خزم و ئەو نیوە باڵادەستە بخەنەوە ، بۆچی لەسەرەتای مرۆڤایەتیەوە بەرگی نیوەیەكی پێشێلكراوو چەوسێنراوەی بە ژنان بەخشیوە ؟ وەك ئەوەی ژیان لە گوناهێكەوە دەستی پێكردبێت كە مرۆڤی لە بەهەشتەكەی خوداوە فڕێ دایە سەر زەوی و تیایدا مێژووییەكی مرۆڤایەتی نووسیەوە كە بە چەوساندنەوەو سەرزەنشتكردنی نیوە مێینەكەی دەستی پێكرد. پیاوان مێژووی كوشتارو تراژیدیاكانیان خوڵقاندوو ژنانیش قوربانی سەرەكی بوون . پیاوان خوڵقێنەری ئایینەكان بوون كە غەزەب و نەفرەتیان بە نیوە وونبووەكەی خۆیان بەخشیوە.                                                                                                                             
لە سەرقاڵی بەیاننامەی حیزب و رابەرە سیاسیەكان بە یادی ڕۆژانی ڕاپەڕین كە ئەزمونێكی شكستخواردوو ئاسۆ نادیاری پێبەخشین، لە شەڕی بێهودەی دژایەتی یەكێتری و برسی كردنی خەڵكدا، لە پشت بانگەوازی كۆنفرانسە قەشەنگەكانی فێمینستە ناسكەكانی ئۆتێلە پێنج ئەستێرەكان و شاگەشكە بوون بەبزركردنی خواستی سادەی ژنان لە هەڵگرتنی شەرەفی چەكی شەڕڤانی و گەریلایی و گواستنەوەی موڵكایەتی جەستەیان لە پیاوەوە بۆ مەسەلەو ئایدیۆلژیایەك كە هەر لە بنەڕەتەوە ژن بوونیان ئەكوژێت، ژنانی كورد  چۆن ئەو ڕۆژەیان بەڕێ كردو لەو جەنجاڵیەدا چەند ژنی دی بە بێ دەنگی و بێ سزا كوژران و ئەشكەنجەدران و كەرامەتیان ڕوشێنراو سادە ترین مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە ؟                 
ژنانێك كە لە جیاتی خەون بە بوون بەشەڕڤان و گەریلاو چەكەوە ببینن ژیانیان وا جوانتر ئەكرد كە خەون بە خاوەندارێتی بوونی جەستەی خۆیانەوە ببینن وئەو موڵكایەتیە لە كۆمەڵگەو پیاوان بسەننەوە، چونكە هیچ ئازادییەك لە ئازادبوونی جەستە زیاتر مانایەكی نییە بۆ ژن.                                                                                                  
 دروشمی خۆپێشاندانی بزووتنەوە فێمینستەكانی فەرەنسا لە شەستەكاندا (جەستەم موڵكی خۆمە) بوو، بەڵام هێشتا دیارە ژنان لە جیهاندا دوورن لەوەی كە جەستەیان موڵكی كۆمەڵ نەبێت، بە تایبەتیش ژنانی كورد لە فەزای جیهانێكی دیدا ئەژین كە تیایدا ئێمەی پیاوانیش زۆر دوورین لەوەی ئیرادەی ئازادكردنی  جەستەی ژنانمان هەبێت و ئەو موڵكەیان پێبدەینەوە ،چ نەبێت با لێگەرێین بە برینداری بە تەنافی كەرامەت و پیاوەتی ئێمەدا هەڵیواسن و خوێنی لێبچۆرێت.                      
بۆیە لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، پێان دەڵێم كە هەزار ساڵە ئێمەی پیاوی ژنان ئەچەوسێنینەوە، ئایا كاتی ئەوەنیە ١٠٠ ساڵیش ژنان ئێمەی پیاو بچەوسێننەوە؟ یان لانی كەم  پارێزگاری لە خۆیان بكەن؟ لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە كچە ئازا و ئازادەكانی كوردستان، لە پێشمەرگە و فیداكارەكانیان، دڵنیام كە دەتوانن شان بەشانی رۆڵە بەجەرگەكانی ئەم گەلە، بە زیندووێتی و كارایی و هەست و نەستی بەرزی خۆیان، كۆمەڵگەیەكی داهێنەر، پڕ لە گەشە و، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوەدان و ئازاد بەرهەم بێنن..

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket