riklam

یەكێتی ژنان: رێژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان زۆر زیادیكردوە

ژنان 09:50 PM - 2021-11-24

بەیاننامەی یەكێتی ژنانی كوردستان بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
ئەمڕۆ لەجیهاندا دوای ئەم هەموو پێشكەوتنە زانستی و تەكنەلۆجیە‌و بونی ئەو هەموو بڕیارە نێودەوڵەتی‌ و ئەو هەوڵانە بۆ بەرەنگاری توندوتیژی، هێشتا توندوتیژی بەرامبەر ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزیی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم یەكسانی و ئاشتی ‌و دادپەروەری كۆمەڵایەتی ‌و مافی مرۆڤ لەجیهاندا‌و هێشتا رێژەیەكی زۆر لەژنان لەجیهاندا روبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەكۆی  3 ژن لەجیهاندا یەكێكیان روبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، نەخشەی بونی توندوتیژی لەجیهاندا پانتاییەكی زۆر لەنەخشەی گۆی زەوی دادەپۆشێت، بەشێوەیەك كۆمەڵگەیەكی مرۆڤایەتی نادۆزرێتەوە كە خاڵی بێ‌ لەم دیاردەیە، تادێت لەهەڵكشاندایە، هۆكاری ئەم توندوتیژیەش بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی سەرمایەداری و چینایەتی و جەنگ ‌و سەرهەڵدانی هزری سیاسی توندڕەو‌و قەیرانە ئابوری و سیاسی ‌و كۆمەڵایەتییەكان‌ و باری ئابوری خراپ‌ و بەكاڵاكردنی ژنان و مناڵان‌و بازرگانیكردن پێیانەوە‌و بەكۆیلەكردنیان لەلایەن مافیا جیهانییەكانەوە، ئەمە سەڕەرای ئەوەی لەم سەردەمی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنایەشدا، رێژەكە زۆر زیادیكردوە.
دەستنیشانكردنی رۆژێكی دیاریكراو بۆ بەرەنگاری توندوتیژی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەیە كۆدەنگییەكی جیهانی دروستببێ‌ بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی ‌و هانی وڵاتان بدات بۆ كاركردنی زیاتر‌و پابەندبونیان بەبڕیارە نێودەوڵەتییەكانەوە.
لەهەرێمی كوردستاندا كە بەشێكە لەكۆمەڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو جۆرەكانی توندوتیژی بونی هەیە، ئەگەرچی كۆمەڵە یاسایەك بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە هەموار كراوەتەوە، وەك یاسای نەهێشتنی توندوتیژی و قەدەغەكردنی كوشتنی ژنان بەبیانوی شەرەفپارێزی، بەڵام رۆژانە كوشتن و خۆكوشتنی ژنان بووەتە سەردێڕی هەواڵەكان، جگە لەو حاڵەتانەی كە لەشوێنە چەپەك ‌و نادیارەكاندا روو دەدات ‌و كەس پێی نازانێت ‌و زۆر كەم بكوژانی ژنان روبەڕووی یاسا دەبنەوە.
نەبونی سەروەری یاساو كارپێنەكردنی یاسا هەموار كراوەكان ‌و قەیرانە ناوخۆییەكان، هۆكاری سەرەكی توندوتیژین، لەم رۆژەدا داواكارین پەرلەمانی كوردستان بەئەركی سەرەكی خۆی وەك چاودێریكردن‌و جێبەجێكردنی یاساكان هەڵسێت.
هەروەك داواكارین حكومەت‌و رێكخراوەكان هەمئاهەنگی تەواو بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بكەن.
یەكێتی ژنانی كوردستان
2021/11/25

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket