riklam

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی خۆپیشاندان و دەرماڵەی خوێندكاران كۆدەبێتەوە

کوردستان 11:04 AM - 2021-11-24

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ 24ی 11ی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات و لەكۆبوونەوەكەشدا چەند پرسێك گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت كە یەكێكیان خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان بۆ داواكردنی دەرماڵەكانیان و دوا پێشهات و لێكەوتەكانی ئەو خۆپێشاندانانە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەكەم: خستنەڕووی دوو بابەت لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران:
- پوختەی بەشداریی وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە لوتكەی كۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021) كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن سازدرابوو.
- پێشهاتە سیاسیەكانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و پەیامی هەرێمی كوردستان بۆ هێزە سیاسییەكان بۆ دایەلۆگی هێمنانە لە بەرژەوەندی گشتیی وڵات، دوور لە توندوتیژی و كەوتنەوەی قوربانی.
دووەم: بابەتی خۆپیشاندانەكانی فێرخوازانی زانكۆو پەیمانگاكان بۆ داواكردنی دەرماڵەكانیان و دوا پێشهات و لێكەوتەكانی ئەو خۆپێشاندانانەو ئەركی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەم بارەیەوە.
سێیەم: خستنەڕووی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە بارودۆخی كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان له سنوورەكانی بیلاڕووس - پۆڵەندا و گەڕانەوەیان بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.
چوارەم: میوانداریكردنی عەبدولڕەحمان سەدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتێكی گشتگیر لەسەر بواری ژینگە لە هەرێمی كوردستان و دەنگدان لەسەر پەیڕەوی تایبەت بە كۆنتڕۆڵكردنی مەواد و كەرەستەكانی كاریگەر لەسەر چینی ئۆزۆن.
پێنجەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر بابەتی دەستی كاری بیانی لە هەرێمی كوردستان و دەرفەتەكانی جێگرتنەوەیان بە دەستی كاری خۆماڵی و پەرەپێدانی ناوەندەكانی وەزارەت لەبواری ڕاهێنانی پیشەیی و هەوڵەكانی وەزارەتیان لەبواری گەڵاڵەكردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی كار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket