}

بەپێی نوسراوێکی رەسمی.. کێ بەرپرسە لەبڕینی دەرماڵەی خوێندکاران

کوردستان 07:15 PM - 2021-11-22

وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت، لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەرماڵەی خوێندکاران بڕاوەو دواتر هیچ نووسراوێكی فەرمی  وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕێگای  ئەنجومەنی وەزیرانەوە له‌ ساڵی ٢٠٢١ نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران و بڕینیشی پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت پێشتر چه‌ندین جار ئه‌م داواكارییه‌ی خوێندكاران له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ و پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەک لەبارەی دەرماڵەی خوێندکاران بڵاودەکاتەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی........

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە سەبارەت بە "دەرماڵەی خوێندكاران"

یەكەم: بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(1018) لە بەرواری 11/2/2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوەخەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگیراوە. 

دووەم: پێش ٢٠١٤ دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه‌ و هه‌ر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه‌ خه‌رجكراوه‌و به‌ هیچ جۆرێك نه‌هاتۆته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و په‌یوه‌ندی به‌ داراییه‌وه‌ نییه‌.

سێهەم: هیچ نووسراوێكی فەرمی  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە ڕێگای  ئەنجومەنی وەزیرانەوە له‌ ساڵی ٢٠٢١ نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران .

ئەمەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دوابەدوای خۆپیشاندانی خوێندکاران و دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا جه‌ختیکردەوە، کە داواكاریی خوێندكاران به‌ڕه‌وا ده‌بینن و پشتگیری ته‌واوی دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ بۆ خوێندكاران ده‌كه‌ن و هه‌موو لایه‌كیش ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشتر چه‌ندین جار ئه‌م داواكارییه‌ی خوێندكاران له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ و پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، یه‌كێكیش بووه‌ له‌كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.

هەر لەو بارەیەوە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەڵێت: ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی؛ پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانی خوێندکاران دەکەین و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت.
وتیشی: پەیام و داواکارییەکانی خوێندکارانمان گەیاندۆتە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەخوازین بەزوترین کات وەڵامی داوا ڕەواکانیان بدرێتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی ئەرکی هەموومانەو پارێزەری هەر چالاکیی و ڕێگایەکی مەدەنیانە دەبین کە بە ئاشتیانە گوزارشت لە داخوازییەکان بکات.

ماوەی ٢ رۆژە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەمەبەستی داواکردنی دەرماڵەی خوێندن لەبەردەم هەردوو کەمپی نوێ و کۆنی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن و دەیانەویت داواکارییەکانیان بگەیەنرێتە لایەنی پەیوەندیدار.

 

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket