}

پسپۆڕێكی ئابوری: پێویسته‌ مووچه‌ی چه‌ند توێژێك له‌فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان رابگیرێت

عیراق 07:13 PM - 2021-11-22

پسپۆڕێكی بواری ئابووری جه‌ختیكرده‌وه‌ هه‌ڵئاوسان له‌ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان له‌ده‌وڵه‌تی عیراقدا هه‌یه‌و دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ مووچه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌و فه‌رمانبه‌رو خانه‌نیشینانه‌ رابگیرێت كه‌ زیاتر له‌دوو مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

ده‌زگای ئاماری ناوه‌ندی عیراقی له‌راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ یه‌ك ملیۆن و 32 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌داموده‌زگا حكومییه‌كانی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی 40 ملیۆن كه‌س له‌ دانیشتوانی عیراق ده‌كه‌ن.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ناسر ئه‌لكینانی پسپۆڕ له‌بواری ئابووریدا وه‌ڵامی راپۆرته‌كه‌ی ده‌زگای ناوه‌ندی ئاماری داوه‌ته‌وه‌و ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی 11ی 2021 له‌میانی لێدوانێكیدا بۆ PUKmedia راگه‌یاند: ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی مووچه‌ له‌حكومه‌ت وه‌رده‌گرن زۆر له‌م ژماره‌یه‌ زیاتره‌و خۆی  له‌ 9 ملیۆن كه‌س ده‌دات و روونیشی كرده‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و ژمارانه‌ی له‌یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی ساڵی 2021دا هاتووه‌ 3 ملیۆن 450 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌خزمه‌تی به‌رده‌وامدان و زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و 370هه‌زار كه‌س مووچه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرن و هه‌روه‌ها 4 ملیۆن 650هه‌زار خانه‌نشین هه‌یه‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و توێژانه‌ن كه‌ به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ مووچه‌ له‌ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرن.
كینانی راشیگه‌یاند: هه‌ڵئاوسانی گه‌وره‌ له‌ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تدا هه‌یه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ ژماره‌ی خانه‌نشیندا، له‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك خانه‌نشین هه‌یه‌ كه‌ به‌ 4ساڵی خزمه‌ت مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن و ده‌كرێت مووچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌وانه‌ رابگیرێت و بگۆڕێت به‌ ئیكرامیه‌، هاوكات ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌ له‌یه‌ك كاتدا سێ مووچه‌ی له‌حكومه‌ت وه‌رده‌گرن، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران زیاتر له‌ 2250 فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌یان كارگه‌ی پێ به‌ڕێوه‌ببرێت.
كینانی پرۆژه‌یه‌كی پیشنیار كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ ئه‌ویش به‌ستنه‌وه‌ی شوێنی كاره‌ به‌شوێنی نیشته‌جێبوون و دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و دامه‌زراندنی كارگه‌و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی كشتوكاڵی له‌پارێزگاكان، له‌لایه‌ك رێگری له‌ هه‌ڵئاوسانی دانیشتوان له‌شاره‌ گه‌وره‌كاندا ده‌كات به‌ نموونه‌ به‌غدای پایته‌خت، هاوكات ده‌بێته‌ مایه‌ی ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان و ده‌رچووانی پارێزگاكانیان.
به‌گوێره‌ی ئه‌و وورده‌كارییانه‌ی له‌راگه‌یاندنه‌كه‌ی ده‌زگای ناوه‌ندی ئاماردا هاتووه‌، زیاتر له‌نیوه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ كه‌ده‌كاته‌ 550 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌ فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی فیدڕاڵ پێكدێن و هۆكاری ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ش بۆ ئه‌و دۆخه‌ ئه‌منییه‌ نائاساییه‌ی ساڵانی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ عیراق تێیدا ژیاوه‌.
به‌پله‌ی دووه‌م وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق دێت كه‌ زیاتر له‌ 125 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا نزیكه‌ی 98 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌.
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ كه‌ ئامانج لێی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌ له‌باره‌ی جۆری پیشه‌ و پسپۆڕی فه‌رمانبه‌ران له‌ناو داموده‌زگاكانی حكومه‌تی عیراقدا ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌زاران نه‌خوێنده‌وار له‌نێو ئه‌و ده‌زگایانه‌دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها رێژه‌ی ژنان له‌كۆی ژماره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌ كه‌رتی گشتیدان له‌ 34% تێناپه‌ڕێت و ته‌نها له‌ 3% یان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی باڵان.
ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ش حساب بكه‌ین كه‌ له‌خزمه‌تی سه‌ربازیدان و نزیكه‌ی 310هه‌زار سه‌رباز ده‌بێت و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش نزیكه‌ی 125هه‌زاره‌و زیاتر له‌ 90هه‌زار خۆبه‌خشیش له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، به‌وانه‌وه‌ كۆی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌ كه‌رتی گشتیدا كارده‌كه‌ن خۆی له‌ یه‌ك ملیۆن 700 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ده‌دات.

PUKmedia تایبه‌ت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket