}

زانكۆی سلێمانی: پشتگیریی ته‌واوی داواكاری خوێندكاران ده‌كه‌ین

کوردستان 06:03 PM - 2021-11-22

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، داواكاریی خوێندكاران به‌ڕه‌وا ده‌بینن و پشتگیری ته‌واوی دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ بۆ خوێندكاران ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

راگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی
ئاشكرایه‌ ماوه‌ی دوو رۆژه‌ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی هاوكات له‌گه‌ڵ خوێندكارانی به‌شێك له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان كردووه‌ بۆ داواكردنی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ی خوێندكارانی زانكۆ، كه‌ له‌ساڵی (2014)ه‌وه‌، به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌، له‌سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ستێنراوه‌ .

ئێمه‌ش وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی ئه‌م داواكارییه‌ی خوێندكاران به‌ڕه‌وا ده‌بینین و پشتگیری ته‌واوی دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ی خوێندكارانی زانكۆ ده‌كه‌ین، وه‌ ئاگادارین كه‌ چینی خوێندكارانی زانكۆ له‌م قۆناغه‌دا به‌ چ بارودۆخێكی دارایی ناهه‌مواردا تێده‌په‌ڕن، وه‌ هه‌موو لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێشتر چه‌ندین جار ئه‌م داواكارییه‌ی خوێندكاران له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ و پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، یه‌كێكیش بووه‌ له‌كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.

هه‌ر بۆیه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خه‌مخۆریمان بۆ خوێندكارانی زانكۆ جارێكی تر جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر داواكارییان به‌دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی زانكۆیی بۆیان. وه‌ له‌ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، به‌داخه‌وه‌چه‌ند به‌ریه‌ككه‌وتنێكی نه‌خوازراو له‌نێوان خوێندكارانی زانكۆ و پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا ڕویداوه‌، ئێمه‌ وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنی حه‌ره‌می زانكۆ و ئیدانه‌ی هه‌ر پێشێلكارییه‌ك و توندوتیژییه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێنماییه‌كان ئه‌نجامدرابێت، هه‌ربۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچون له‌سه‌ر ئاستی زانكۆ دروست ده‌كه‌ین بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی یاسایی.

داواكارین له‌ خوێندكارانی زانكۆكه‌مان بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی گیانیان وبه‌رده‌وامی ڕه‌وتی خوێندن پابه‌ندبن به‌ خوێندنی وانه‌كانیان و داواكارییه‌كانیان به‌شێوازێكی شارستانی پێشكه‌ش بكه‌ن به‌جۆرێك كه‌له‌ ئاستی پێگه‌ی خوێندكاری زانكۆدا بێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌میشه‌ پشتیوانی داوا ره‌واكانیان ده‌كه‌ین و به‌دواداچونمان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێناو دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ بۆ سه‌رجه‌م خوێندكارانی زانكۆكانی ھه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket