riklam

پاڵەوان بەشداری هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک دەکات

ئەدەب و هونەر 04:39 PM - 2021-11-22

فیلمی سینەمایی "پاڵەوان"ی لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی "ئەسغەر فەرهادی" بەشداریی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" دەکات.

فیلمی سینەمایی "پاڵەوان" (قهرمان) A HERO لە دەرهێنانی سینەماکاری بەناوبانگی ئێرانی "ئەسغەر فەرهادی"، هەڵگری دوو خەڵاتی ئۆسکار باشترین فیلمی بیانی، براوەی خەڵاتی "ورچی زێڕین"ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕلینالە"ی ئەڵمانیا و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا، لە بەرهەمهێنانی "ئلێکساندێر مالەگی" Alexandre Mallet-Guy، دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی گرینگی جیهانی دیکە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیهان" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک و هەروەها لە ناوەندی سینەمایی "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" ئەندامی باوەڕپێکراوی ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکانی ئسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیایە و لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بەرهەمە سینەمایی و بەڵگەفیلمەکان بەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە دەناسێنێت.

لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"ی ئەم فێستیڤاڵەوە تەندیس، لەوحەی فەخری و خەڵاتی 10 هەزار دولاری "یەڵماز گۆنای" بە باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 5 هەزار دولاری بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 5 هەزار دولاری بۆ باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتی، خەڵاتی 5 هەزار دولاری بۆ باشترین بەهرەمەندی نوێ، خەڵاتی 1500 دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین کورتە فیلم و خەڵاتی 5 هەزار دولاری ئەنستیتۆ "گۆتە"ی ئەڵمانی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی پێشکەش دەکرێت.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر" و بە دەرهێنانی هونەری "شەوکەت ئەمین کورکی" بە یادی سینەماکاری هەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" Yılmaz Güney دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی "چڵە خورمای" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.

هەشتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە، ڕۆژی 15ی نۆڤەمبەری 2021 بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی فەڕشی سوور و بە نمایشی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە هۆڵی "کۆنگرە" لە زانکۆی دهۆک بە فەرمی دەستی پێکرد و بە نمایشی 93 بەرهەمی دیکە، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"، واتە: 9 فیلمی بڵندی سینەمایی، 5 بەڵگەفیلم و 9 کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، واتە: 6 فیلمی بڵندی سینەمایی، 6 بەڵگەفیلم و 12 کورتە فیلم، بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیهان"، واتە: 8 فیلمی بڵندی سینەمایی، 4 بەڵگەفیلم و 7 کورتە فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردی"، واتە: 17 کورتە فیلم، بەشی "نمایشی تایبەت بە سینەمای ئەفغانستان" 8 فیلمی بڵندی سینەمایی و هەروەها بەشی "نمایشی تایبەت بە سینەمای کوردستان" 2 فیلمی بڵندی سینەمایی ڕۆژی 22ی نۆڤەمبەری 2021 بە پێشکەش کردنی خەڵاتەکان بە سینەماکارانی براوە کۆتایی پێدێت.

 

PUKmedia مەنسوور جیهانی 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket