}

به‌لاغی كۆتایی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان

کوردستان 07:01 PM - 2021-11-21

به‌لاغی كۆتایی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان

هاونیشتمانیانی به‌ڕێز
 نوسه‌ران و شاره‌زایان
ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی دامه‌زراندن

سڵاوێكی گه‌رم
رۆژی  18ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 له‌ شاری كه‌ركوك كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی چه‌ندین نوسه‌رو شاره‌زایی بواری جینۆساید و تاوانه‌كانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ به‌سترا.  ھه‌مان رۆژ كۆنگره‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی به‌كاره‌كانی خۆی ھێنا.  
به‌پێویستی ده‌زانین روونی بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ بیرۆكه‌ی ئه‌م پرۆژه‌ نیشتمانیه‌‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، به‌ڵام دواجار یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی به‌كرداریكردنی  له‌ 13 حوزه‌یرانی 2021 له‌ كه‌ركوك به‌ڕێوه‌چوو و دواتر ھه‌ردوو كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مساڵی ٢٠٢١ له‌ مۆنۆمێنتی ئه‌نفال له‌چه‌مچه‌ماڵ و مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، زه‌مینه‌ی سازدانی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دامه‌زراندن بوو له‌ كه‌ركوك.
كۆنگره‌ی دامه‌زراندن، به‌ ئاماده‌بوون و به‌شداری 63 ئه‌ندام، گۆڕینی ناوی یه‌كێتێه‌كه‌ی له‌ (یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆساید و ئه‌نفال) بۆ (یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان)، و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سپاردنی پرۆژه‌ی په‌یڕه‌و و به‌رنامه‌ی كار به‌ لیژنه‌ی شاره‌زایان بۆ پیداچونه‌وه‌ و دواتر په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن و لیژنه‌ی پیداچونه‌وه‌وه‌، كاره‌كانی كۆنگره‌ی به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی پێ ھێنا.
مه‌به‌ست له‌ سازدانی كۆنگره‌كه‌ له‌ كه‌ركوك بۆ بایه‌خدان بوو به‌و شاره‌ی كه‌ چه‌ندین جار تووشی په‌لاماری كۆمه‌ڵكوژی و كاولكردن و تاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی مه‌ترسیدار بۆته‌وه‌.. به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا ماوه‌ی چوار ساڵه‌، رووبه‌رووی سیاسه‌تێكی نوێی به‌ عه‌ره‌بكردن و راگواستنی گونده‌ كوردییه‌كان بۆته‌وه‌..ئه‌گینا ھه‌موو كوردستان و دۆسیه‌كانی جینۆساید جێی بایه‌خی كاری یه‌كێتیه‌كه‌ ده‌بێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، كۆنگره‌ چه‌ند راسپارده‌یه‌كی گرنگی به‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوبردن سپارد به‌شێكی له‌وانه‌:
یه‌كه‌م: یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆساید، یه‌كێتی ھه‌موو قه‌ڵه‌مێكی به‌په‌رۆشی بواری ئه‌نفال و كیمیاباران و راگواستن و كۆمه‌ڵكوژیه‌. كار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ھه‌موو تواناكانی ئه‌و بواره‌ ده‌كات و وه‌ك چه‌ترێكی گشتگیر بۆ پرۆژه‌ی نوێ و كاری به‌كۆمه‌ڵ و تاك پاڵپشت و ھاوكار ده‌بێت.
دووه‌م: سازدانی كۆڕو كۆنگره‌ له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌به‌شداری پێكردنی شاره‌زایانی بیانی و ناوخۆیی و به‌ستنی كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی ساڵانه‌ تایبه‌ت به‌ناساندنی جینۆسایدی كوردستان.
سێیه‌م: دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی بواری جینۆساید و  ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان و ده‌زگاكانی پشتیوانی مافی مرۆڤ.
چواره‌م: ھاندانی ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا به‌بایه‌خدان به‌م كه‌یسه‌ نیشتمانی و چاره‌نوسسازه‌ی گه‌لی كوردستان به‌ھاندان بۆ توێژینه‌وه‌و جێكردنه‌وه‌ی له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن و فێركردن.
پێنجه‌م: كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌و به‌دیكۆمێنت كردنی ھه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست بێ به‌جینۆسایدی كورده‌وه‌و پاراستنیان له‌ناوچوون و به‌كارھێنانیان بۆ چالاكی و ناساندن و مانه‌وه‌.
شه‌شه‌م : ھاوكاریكردنی ھه‌ردوو په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ پابه‌ندكردنی حكومه‌ت به‌ رێكاری یاسایی بۆ زیندوو راگرتنی دۆسیه‌ی جینۆسایدی گه‌لی كوردستان و گه‌لانی عێراق.
حه‌وته‌م : ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌و وه‌رگێڕانی نوسین دۆكیۆمێنتی تایبه‌ت به‌جینۆساید بۆ سه‌ر زمانه‌ بیانیه‌كان.
ھه‌شته‌م :ھاندانی ھه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و ھه‌رێمی كوردستان بۆ فه‌رامۆش نه‌كردنی دۆسیه‌ی جینۆسایدی گه‌لی كوردستان و گه‌لانی عیراق.. ساڵانه‌ بوجه‌ ته‌رخان بكرێ بۆ مۆنیۆمێنت و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و مه‌زاری قوربانیان و ژیانی كه‌سوكاری قوربانیان.
یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان به‌ ھیواوه‌ ده‌ڕوانێته‌ به‌ده‌نگه‌وه‌ ھاتنی ھه‌موو نوسه‌رانی بواری جینۆساید بۆ كاری پێكه‌وه‌یی و داوای به‌ده‌نگه‌وه‌ ھاتنی راسته‌وخۆی دامه‌زراوه‌كانی  حكومی و ناحكومی ده‌كه‌ین بۆ ھه‌ماھه‌نگی و كاری ھاوبه‌ش و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی به‌كه‌مته‌رخه‌می تێپه‌ڕین و ده‌ست له‌ناو ده‌ست بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ كۆنگره‌ به‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن و ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی سپارد.

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی
یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان
2021-11-21

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket