riklam

رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیی!

بیروڕا 02:37 PM - 2021-11-21

 رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیی!

رۆژی "كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان" 

ئه‌حمه‌د ره‌فیق
كاتێك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  بڕیاری هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش ده‌دات، له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌ست به‌ ئاماده‌كاری و خۆسازدانی چڕ و پڕ ده‌كات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ و كادری دیار و به‌ توانای كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتیی، به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی رێوشوێنه‌كانی خه‌باتی چه‌كداری رێگه‌ی ئێران ده‌گرنه‌به‌ر، به‌ڵام مخابن ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌ و كادرانه‌ی یه‌كێتیی له‌ ئێران ده‌ستگیر ده‌كرێن و به‌ گوێره‌ی رێكه‌وتننامه‌ی شوومی جه‌زائیر له‌ نێوان شای ئێران و سه‌دام حسێن دا، راده‌ستی رژێمی به‌عس ده‌كرێنه‌وه‌ و، پاش دادگایی كردنێكی ره‌مه‌كیانه‌، به‌ بیانووی جیاجیا حوكم ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌فسوس سیان له‌و كه‌ڵه‌ سه‌ركردانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتیی، له‌ رۆژی 21-11-1976 دا حوكمی له‌ سێداره‌دان به‌ سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌كرێ، ئه‌وانیش شه‌هیدان (شیهاب شێخ نوری ناسراو به‌ "خاڵه‌ شیهاب" و جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید ناسراو به‌ "مامۆستا جه‌عفه‌ر" و "ئه‌نوه‌ر زۆراب") بوون.

كاتێك ئه‌و سه‌ركرده‌ و كادرانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتیی له‌ زیندان بوون و چاوه‌ڕێی دادگایكردن و جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانیان بوون، شۆڕشی چه‌كداری له‌ هه‌موو شوێنێكی كوردستان به‌ رابه‌رایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستی پێكردبوو، هه‌ر له‌ بادینانه‌وه‌ تا ناوچه‌كانی هه‌ورامان و شاره‌زوور و شارباژێڕ له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ بۆ كوێستان چالاكی و به‌رگری شۆڕشگێڕانه‌ ده‌ستیان پێكرد و له‌ زۆربه‌ی ئه‌و نه‌به‌ردییانه‌شدا داستانی بێوێنه‌ و قاره‌مانانه‌ تۆمار كران..!

كاتێكیش ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتیی له‌ رۆژی 21-11-1976دا له‌سێداره‌ دران، به‌ گوێره‌ی دانپێدانانی هه‌ندێك له‌ جه‌للاده‌كانی به‌عس و به‌ شایه‌تی هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانیان كه‌ له‌ دادگاو له‌ زینداندا له‌ گه‌ڵیاندا بوون، پڕه‌نسیپی له‌؛ "ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیارێتی و، پاراستنی نهێنی و گیانی هاوبیره‌كانیان له‌سه‌ر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆری جه‌سته‌یی و ده‌روونی خۆیان وایكرد؛ ببن به‌ سیمبۆڵی خۆڕاگری و گیانفیدایی" ته‌نانه‌ت ئه‌و دروشمه‌ی كه‌ خاڵه‌ (شیهاب-ی هه‌میشه‌ زیندوو) كه‌ دواتر بووه‌ وێردی سه‌ر زمان (كه‌م ژیان و، كه‌ڵ ژیان) بووه‌ هه‌وێنی خۆڕاگری و قاره‌مانێتی له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان دا!

ئه‌گه‌ر چی به‌ر له‌ پێنچ مانگ و پێش له‌ سێداره‌دانی ئه‌و سه‌ركرده‌ تێكۆشه‌رانه‌ (شۆڕشی نوێ) بڵێسه‌ی دابوو، رژێمی به‌عس مه‌به‌ستی بوو به‌ له‌سێداره‌دانی ئه‌و سه‌ركردانه‌ "شۆڕشی نوێ" خامۆش بكاته‌وه‌ و هاوسه‌نگه‌رانشیان چاوترسێن بكات، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی رووداوه‌كان به‌ جۆرێك پێچه‌وانه‌ بووه‌وه‌، به‌ زیانی رژێمی به‌عس كه‌وته‌وه‌ و له‌ سێداره‌دانی ئه‌و سه‌ركردانه‌ بووه‌ پزیسكی نه‌عره‌ته‌ی ئه‌و كڵپه‌یه‌ی كه‌ ته‌واوی باشووری كوردستانی ته‌نییه‌وه‌، دوای به‌خشینی هه‌زاران شه‌هید و 15 ساڵ له‌ خه‌بات و قوربانیدان، مه‌شخه‌ڵی ئازادیی و به‌رگری له‌ 5ی ئاداری ساڵی 1991دا؛ گڵكۆی شه‌هیدان (خاڵه‌ شیهاب و جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحێد و ئه‌نوه‌ر زۆراب)ی بۆ هه‌میشه‌ رووناك كرده‌وه‌ و رۆحی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی له‌ ئامێز گرت!

له‌ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیی دا؛
سڵاوو وه‌فا بۆ گڵكۆی شه‌هیدان (خاڵه‌ شیهاب) و (جه‌عفه‌ر  عه‌بدولواحێد) و (ئه‌نوه‌ر زۆراب) و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان..!

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket