}

لێكۆڵینه‌وه‌ له‌27 هه‌زار بڕوانامه‌ی ساخته‌ ده‌كرێت

عیراق 05:34 PM - 2021-11-20

شاره‌زایه‌كی یاسایی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20-11-2021، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و داواكاری گشتی ده‌توانن داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی راستی و دروستی ئه‌و بڕوانامه‌ ساختانه‌ی كه‌ خوێندكارانی عیراقیی له‌زانكۆكانی لوبنان ده‌ستیانكه‌وتووه‌و سه‌رجه‌میشیان بڕوانامه‌ی به‌رزی زانكۆن.

جێی ئاماژه‌یه‌ پێش چه‌ند رۆژێك ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵی 27 هه‌زار بڕوانامه‌ی باڵای ماجستیرو دكتۆرای ساخته‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ست خوێندكارانی عیراقیی كه‌وتووه‌و له‌لایه‌ن 3 زانكۆی لوبنانییه‌وه‌ ده‌رچوون و ئاماژه‌شی به‌تێوه‌گلانی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ره‌سمی و نووسینگه‌یه‌ك له‌به‌غدا كردووه‌ كه‌له‌به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆردا كڕین و فڕۆشتنیان به‌و بڕوانامانه‌ كردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، د.عه‌لی ته‌میمی پسپۆڕ له‌بواری یاسا تایبه‌ت به‌PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌پێی ماده‌كانی 6و 9ی یاسای سزادانی عیراقی، عیراق ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ به‌شدار بێت له‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی راستی ودروستی ئه‌و بڕوانامانه‌ كه‌له‌ئێستادا له‌وڵاتی لوبنان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، روونیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ راست بن ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا ده‌ستبردنه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوخۆو ره‌نگه‌ سه‌ریشبكێشێت بۆ ناوخۆی عیراق و ئه‌م تۆمه‌تانه‌ ماده‌كانی 289 و 298 ی یاسای سزادانی عیراقی ده‌یانگرێته‌وه‌و بریتین له‌تاوانی ساخته‌كاری و سزاكه‌شی 15 سالڕ زیندانیكردنه‌.

راشیگه‌یاند: خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریانخست كه‌ ئه‌م بڕوانامانه‌ ساخته‌ن ئه‌وا عیراق بۆی هه‌یه‌ رێكاری یاسایی دژی ساخته‌كاران له‌ناوخۆی عیراق بگرێته‌به‌رو بۆئه‌وه‌ش كه‌ بزانرێت ئه‌م بڕوانامه‌ راستن یاخود ساخته‌ن ئه‌وا عیراق ده‌شتوانێت داوای راستی و دروستی ئه‌م بڕوانامانه‌ بكات و به‌گوێره‌ی وه‌ڵامه‌كان ده‌بێت رێكاری یاسایی له‌دژی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانانه‌ بگیرێته‌به‌ر.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و داواكاری گشتی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارن و ده‌توانن داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بڕوانامه‌ ساختانه‌ كه‌ له‌وڵاتی لوبنان ده‌رچوون.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket