riklam

كەركوك.. یەكێتیی نووسەرانی جینۆسایدو ئەنفال كۆنگرەی دامەزراندنی ساز دەكات

ئەدەب و هونەر 07:19 PM - 2021-11-18

بەدروشمی (یەكخستنی هەوڵەكانی نووسین لەپێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان)، یەكێتیی نووسەرانی جینۆسایدو ئەنفال ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆنفرانسی دامەزراندنی لەشاری كەركوك سازدەكات بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەتوێژەرەوان و كەسایەتی رۆشنبیری و یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئەدیبان و نوووسەران و رۆژنامەنووسان لەكوردستان و كەركوك.

لەمیانی كۆنفراسەكەدا كە لەهۆڵی گۆڵدن تایم لەشاری كەركوك ساز دەدرێت پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفالی گەلی كوردستان و هەمواركردنەوەی گفتۆگۆیان لەبارەوە دەكرێت و پاشان دەستەیەكی دامەزراندن بۆ یەكێتیەكە دیاریدەكرێت.

ژمارەیەك لەبەشداربووانی كۆنگرە لەمیانی لێدوانەكانیان بۆ PUKmedia جەختیان لەسەر گرنگی ئەم كۆنگرەیە كردەوەو سازدانی كۆنگرەكەیان بەپێویست زانی، لەو بارەیەشەوە، عەبدولستار مستەفا توێژەری یاسایی رایگەیاند: لەڕوانگەی ئەو ئازارو چەوساندنەوانەی بەسەر گەلی كوردا هاتووە بەستنی ئەم جۆرە كۆنگرەیە بەپێویست و گرنگ دەزانم و هەروەها دامەزراندنی یەكێتییەك كە تایبەت بێت بەنووسەرانی جینۆسایدو ئەنفال كە پرسێكی تایبەتە بەكوردستان و هەموو جۆرەكانی جینۆساید دەگرێتەوە، بۆیە دامەزراندنی رێكخراوێكی لەم جۆرە بەتایبەتیش لە نووسەرو رۆشنبیران و لایەنی كۆمەڵایەتی و هونەری بۆ لێكۆڵینەو روونكردنەوەو گەیاندنی دەنگی پاشماوەی كەسوكاری ئەنفال بۆ رای جیهان یەكجار پێویستەو كارێكە هەر دەبێت ببێت بەئامانجی گرەنتیكردنی مافەكانیان.

هەر سەبارەت بەم پرسە د. مارف عومەر گوڵ سەرۆكی زانكۆی گوێژە لەسلێمانی رایگەیاند: ئامانج لەم كۆنگرەیەی ئەمڕۆ ئێمە ئامادەین تێیدا دامەزراندنی رێكخراوێكە بەمەبەستی كۆكردنەوەی سەرجەم ئەو نووسەرو توێژەرانەیە كە لەسەر لایەنە جیاوازەكانی تاوانی جینۆساید لەكوردستان دەنووسن، راشیگەیاند، لەڕاستیدا دامەزراندنی ئەم دەستەیە گرنگە بەڵام لەوەش گرنگتر كاركردنە لەپێناو گونجاندنی كار لەم رێكخراوەدا و بەدەستخستنی پشتیوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، كاركردن بەئاراستەی ئەم جۆرە پرسانە بەكارێكی مرۆڤایەتی دادەنرێت كە خزمەت بەكۆمەڵگەی دەوروبەر و كۆمەڵگەكانی دیكە دەكات تاوەكو ئەو كتێب و لێكۆڵینەوانەی لەمبارەیەوە ئامادەكراون و نووسراون بەدۆكیۆمێنت بكرێن و كار بكرێت بۆ رێگریكردن لەو هەوڵانە كە ئامانج لێیان ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدە.

لای خۆیەوە د. فاتح سەنگاوی ئەندامی دەستەی ئامادەكاری دامەزراندنی یەكێتییەكە رایگەیاند: كۆنگرەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی جینۆسایدو ئەنفال لەكوردستان بەهەوڵی كۆمەڵێك لەنووسەرانی كورد سازكراو ئەوەش لەپێناوی بە دۆكۆمێنتكردنی تاوانی جینۆسایدو ئەنفال، بەستنی ئەم كۆنگرەیە زۆر پێویست بوو لەپێناو پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ یەكێتیی نووسەرانی جینۆسایدو ئەنفال لەكوردستان و یەكخستنی سەرجەم نووسەران و رۆشنبیران لەژێر خێوەتی ئەم رێكخراوەدا.

لای خۆشیەوە عەدالەت عەبدوڵڵا نووسەرو رۆژنامەنووس رایگەیاند: بەڕاستی هەنگاوێكی لەم جۆرە زۆر گرنگ بوو بۆ یەكخستنی سەرجەم ئەو نووسەرانەی پسپۆڕن لەبواری توێژینەوە لەبارەی ئەنفال و جینۆسایدو پێویستیشە وتاری سەرجەم نووسەرانی كورد تایبەت بەم پرسە بەئاراستەی ناساندنی جینۆساید بێت كەلەچەند سەردەمێكی جیاوازدا روویانداوەو گەیاندنی بۆ هەموو جیهان بەتایەتیش بۆ جیهانی عەرەبی كە لایەنی پەیوەندیدارن بەو پرسانەی كە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناویندا روودەدەن و هەروەها ئەو كارەساتانەی رووبەڕووی گەلانی ئەم ناوچەیە دەبنەوە.

بڕواشی وایە ئەم كۆنگرەیە چەندین ئەركی لەسەر شانە گرنگترینیان یەكخستنی هەوڵەكان و چاوخشاندنەوەیە بە پرسی جینۆساید و ئەنفال و پێشكەشكردنی پرۆژەیەكی نوێ‌ كە روانبینێكی روونی هەبێت لەبارەی چۆنێتی پشتیوانیكردن لەم پرسە ئەوەش بەهەمائەنگی و هاریكاری لەگەڵ حكومەت و دامەزراوەكانی دیكە لەهەرێمی كوردستان و عیراق و هێنانەدی ئامانجەكانی ئەم كۆنگرەیە.

 

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket