riklam

گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بارگرانی دارایی دەخاتە سەر هاوڵاتیان

کوردستان 07:01 PM - 2021-11-09

دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لەعیراق بەشارەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی هەنگاوی لەوجۆرە بارگرانی و زەحمەتی زۆر دەخاتەسەر هاوڵاتیان و شوفێران.

عەبدولناسڕ ئەحمەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە PUKmedia ی راگەیاند: ئەگەرچی تاکو ئێستا بڕیارێکی رەسمی و کۆتایی لەبارەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عیراق بەهەرێمی کوردستانەوە نیە، بەڵام جێبەجێکردنی هەنگاوی لەو جۆرە، بارگرانیەکی زۆری دارایی  دەخاتەسەر هاوڵاتیان و شوفێران لەم کاتانەدا.

وتیشی: تەنیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر  لە 1ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، بۆیە گۆڕینی تابلۆکان کاتێکی زۆری پێویستەو بەدووری دەزانم لەم کاتانە بڕیاری لەوجۆرە جێبەجێ بکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر گۆڕینی تابلۆ بارگرانی نەخاتەسەر هاوڵاتیان، بەکارێکی باشی دەزانم، چونکە لەکاتی ئێستا چەندین جۆر تابلۆ لەپارێزگاکان هەیە، بۆیە زۆر پێویستە لەرووی ئەمنی و ئەنجامدانی سەرژمێری ئۆتۆمبێل، یەک جۆرە تابلۆ بۆ سەرتاسەری عیراق هەبێت.

لەلایەنخۆشیەوە  عەمیدی هاتوچۆ ئەسعەد مەلا کەریم بەرێوەبەری پەیوەندییەکان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم  بۆ PUKmedia وتی: لەکاتی ئێستا هیچ رێنماییەکمان لەبارەی مەرج و شێوازی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەدەست نەگەیشتووە. راشیگەیاند: هەرکاتێک نوسراو ئاراستەی بەرێوەبەرایەتیەکەمان بکرێت، ئێمەش رایدەگەیەنین.

 

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket