riklam

شرۆڤەكارێكی سیاسی: كۆمسیۆن تانە گرنگەكان فەرامۆش دەكات

عیراق 06:20 PM - 2021-11-01

شرۆڤەكارێكی سیاسی جەختیكردەوە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تانە گرنگەكان فەرامۆش دەكات و ئەو تانانە بەهەند وەردەگرێت كە لاوەكین و هیچ شتێك لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناگۆڕێت.

هیشام ئەلكندی شرۆڤەكاری سیاسی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: تا ئێستاش كۆمسیۆن لەهەڵەكردن و سەرپێچیكردن لەیاسا بەردەوامە و سەرجەم ئەو تانانەی لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان گیراون یاسایین و دەبێت كۆمسیۆن بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ كۆی تانەكان بكات و نەك بەشێكیان بەهەند وەربگرێت و بەشێكی دیكەشیان بە هەڵبژاردن دەریانبهێنێت  و فەرامۆشیان بكات.

راشیگەیاند: لەئێستادا كۆمسیۆن لە سەدا نەوەدی تانەكانی رەتكردۆتەوەو كاریش بەو تانانە دەكات كە هیچ شتێك لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناگۆڕێت، هەر لەبەرئەمەشە كۆمسیۆن دەڵێت ئەنجامی پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی وێستگە تانەلێدراوەكان لەگەڵ ئەوەی ئەلیكترۆنییەكەدا یەكسان بووە ئەمەش ووردی تێدا نییەو پێویستە لەسەر كۆمسیۆن ووردبینی زیاتر بكات و بگەڕێت بەدوای دەنگی ئەو قەوارانەدا كە لەئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناڕازین كە لە 90%ی سەرجەم قەوارە سیاسییەكان لەعیراق پێكدەهێنن و بزانن ئەو دەنگانە بۆ كوێ‌ چووە.

وتیشی: ژمارەیەك بژاردە لەبەردەم قەوارە ناڕازییەكاندا هەیە یەكەمیان رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەو پەنابردنە بۆ دادگای فیدڕاڵی تاوەكو بڕیارێك لەبەرژەوەندییان دەربكات و كۆمسیۆن ناچار بەوە بكات پابەند بێت بەیاساو بەرپرسیارێتییەكانی جێبەجێ‌ بكات، بژاردەیەكی تریش ئەوەیە پەنا ببرێتە بەر لایەنە نێودەوڵەتییەكان تانە لەتەوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بدرێت.

روونیشی كردەوە، بژاردەیەكی تر لەبەردەم لایەنە ناڕازییەكان هەیە ئەویش ئەوەیە رێككەوتن بكرێت و ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا هەڵبوەشێنرێتەوەو هەڵبژاردنێكی تر لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت چونكە یاساكە باس لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەكات بەشێوەیەكی ئازادو بێگەرد.

ئاماژەشی بەوەدا كۆمسیۆن هاتووە ئەو تانانەی دەستنیشان كردووە كە خۆی باش دەزانێت هیچ شتێك لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناگۆڕێت، رەنگیش بێت خۆیان گۆڕانكاریی لەئەنجامەكاندا بكەن چونكە سندوقەكانی دەنگدان لەژێر دەستی كۆمسیۆن خۆیدایەو راستیشە كە دەوترێت پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان هیچ سوودێكی نابێت، چونكە ئەوە ماوەیەكی زۆر بەسەر پرۆسەكەدا رۆیشتووەو دەتوانرێت ساختەكاری لەسندوقەكانی دەنگداندا بكرێت.

جگەلە رازیبوون بەئەنجامەكان هیچ شتێك لەبەردەم لایەنە ناڕازییەكاندا نەماوە

لای خۆیەوە ئەحمەد روبەیعی شرۆڤەكاری سیاسی جەختیكردەوە كە سەرجەمی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هاوتا بووەو بڕواشی وایە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردا نایەت.

روبەیعی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia راشیگەیاند: پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان و هاوتابوونی لەگەڵ ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكەدا ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەنجامەكان لە 100%  وەك یەك بوون و بڕواش ناكەم هیچ گۆڕانكارییەك لەئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا رووبدات.

روونیشی كردەوە، شتێك كە لەبەردەم قەوارە سیاسییەكاندا مابێت ئەوەیە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند بكەن و ئەو بژاردەیەشیان هەیە كە پەنا بەرنە بەر دادگای فیدڕاڵی و رێكارە یاساییەكان پەیڕەو بكەن و ناڕەزایەتی لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێشكەش بكەن.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket