riklam

داوای گۆڕینی شێوازی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکرێت

کوردستان 07:10 PM - 2021-10-31

مامۆستایایەکی زانکۆ بەشێک کێشەکانی  وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆو پەیمانگاکان بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی دەگەڕێنێتەوە و ئاماژە بەوەشدەکات پێویستە بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕانکاری لە پرسیارەکانی کۆتایی ساڵ بکرێت، بەجۆرێک بێت ئاستی راستەقینەی خوێندکار  نیشانبدات.

د. سامان بەرزنجی مامۆستای زانكۆ  لەشاری هەولێر  بە PUKmedia ی راگەیاند: كێشەی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆو پەیماناگاكان كە ئەمساڵ كاردانەوەی لێكەوتەوە،   بۆساڵانی رابردوو دەگەرێتەوە‌و ئەوە دەرئەنجامی كێشە كەڵەكەبووەكانی ساڵانی رابردووە.

وتیشی: یەكێك لەهۆكارەكانی ئەو كێشەیە  پەیوەندی بە ئاستی خوێندكارانەوە هەیە،  بەتایبەتی كاتێك خوێندكار لە قۆناغی نۆی بنەڕەتی دێتە قۆناغی ئامادەیی، هیچ پێوەر و نمرەیەك رەچاو ناكرێت، ئەمەش وایكردوە ئاستی ئامادەییەكان بە شێوەیەكی گشتی داببەزێ،  ئەمە لە كاتێكدا لە دە بۆ پازدە ساڵی رابردوو، لەكاتی پەڕینەوە لە نۆی بنەڕەتی بۆ  قۆناغی ئامادەیی، كە ئەوكات  سێی ناوندی بوو، پێویست نمرەیەکی بەرزی هەبێت ئینجا بچێتە ئامادەیی.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ  ئاماژەی بەهۆكارێكی دیكەی كێشەی  خوێندكارانكرد و رایگەیاند:  بۆئەوەی خوێندكار بە ئاست و توانای راستەقینەی خۆی بچێتە خوێندنی باڵا، پێویستە وەزارەتی  پەروەردە  شێوازی پرسیارەكانی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی  بگۆڕێت، چونكە ناكرێ  لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی بێ شومار نمرەی سەد لەسەد بهێنن و بەوجۆرە نمرەی خوێندكاران زۆر بێت.

د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشكرد: بەبازرگانی كردنی خوێندنی  و پەیوەندی ناسروشتی نێوان بەشێك لە زانكۆ تایبەتەكان  لەگەڵ هەندێك ناوەندی حكومی وایكردوە  ساڵانە كێشە لە وەرگرتنی  خوێندكاران دروست بێت و ئاستی زانستی دابەزێ، چونكە زۆرجار  هەوڵدەدرێ رێژەیكی كەمتری خوێندكاران  لە زانكۆحكومیەكان وەربگیرێت، بۆئەوەی روو لە زانكۆو پەیمانگا ئەهلییەكان بكەن.
پێشیوابوو:  جگە لەو هۆکارانە،  بەشێك لەوانەی سەرپەرشتی سیستەمی وەرگرتن دەکەن، كەمئەزمون و سودیان لە  وڵاتە پێشكەتوەكان وەرنەگرتووە. کە وادەکات  ئەو کێشە و گرفتانە دروست بێت و خوێندکاران توشی بێ ئومێدی بکەن.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket