}

كاروچالاكییه‌كانی فیستیڤاڵی بابل به‌رده‌وامه‌

عیراق 05:05 PM - 2021-10-31

له‌چواره‌م رۆژیداو به‌به‌شداری جه‌ماوه‌رێكی فراوان و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب  و بیانی  كاروچالاكییه‌كانی فیستیڤاڵی بابل نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وامه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس حسێن عه‌وادی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: كاروچالاكییه‌كانی فیستیڤاڵ به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك ئه‌ڕوات به‌ڕێوه‌و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌هونه‌رمه‌ندانی عیراقی و عه‌ره‌ب به‌شدارییان تێدا كردووه‌ له‌نێویاندا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ناودار ره‌حمه‌ ریازو نه‌وال زوغبی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێك و كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌دا هه‌ندێك كێشه‌ی ته‌كنیكی دروست بوو بوون.

راشیگه‌یاند: به‌هۆی به‌شداری فراوانی خه‌ڵك له‌فیستیڤاڵه‌كه‌دا به‌شێكی زۆریان له‌ده‌ره‌وه‌ی شانۆكه‌ چاودێری كاروچالاكییه‌كانی فیستیڤاڵه‌كه‌یان ده‌كرد، هاوكات ستایش و سوپاسی رۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كرد كه‌توانیویانه‌ كه‌شێكی ئارام بۆ فیستیڤاڵه‌كه‌ فه‌راهه‌م بكه‌ن.

جێی ئاماژه‌یه‌ تیپی هونه‌ری میللی كوردی شوێنی دیاری له‌فیستیڤاڵه‌كه‌دا هه‌بوو و به‌كۆمه‌ڵێك چالاكی هونه‌ری به‌شدارییان له‌فیستڤاڵه‌كه‌دا كرد.

ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 28ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 فیستیڤاڵی بابل له‌خوولی 15هه‌مینیدا له‌سه‌ر شانۆی بابلی ده‌ستی به‌كارو چالاكییه‌كانی كردو 5 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و تێیدا زیاتر له‌ 35 چالاكی هونه‌ری و كه‌لتووری پێشكه‌ش ده‌كرێت له‌نێویاندا نمایش و كردنه‌وه‌ی پێشانگای كتێب و چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆری تر.

جێی ئاماژه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌م جار فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی بابل له‌شاری دێرینی بابل له‌ساڵی 1987 ئه‌نجامدراو تا ساڵی 2003 به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌ به‌دواوه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئازادكردنی عیراق، هیچ خوولێكی تری فیستیڤاڵه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، خوولی ئه‌مجاره‌ش به‌ 15هه‌مین خوولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی بابل داده‌نرێت كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ كاروچالاكییه‌كانی ده‌ستییان پێكردووه‌.

PUKmedia  تایبه‌ت


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket