riklam

ئیدارەی خۆسەر: بەبێ‌ بوونی كورد ناتوانرێت دەرچەیەكی سیاسیی بۆ قەیرانی سوریا بدۆزرێتەوە

کوردستان 01:15 AM - 2021-10-19

ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تشرینی یەكەمی 2021 لەشاری جنێفی سویسرا گەڕی شەشەمی كۆبوونەوەكانی لیژنەی دەستووری سوریا بەبێ‌ بوونی نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری لەباكوورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستی بەكارەكانی كرد.
ئیدارەی خۆسەری لەباكوورو رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر زاری فەتحوللا حوسەینی سەركردە لەحزبی چەپی كوردی و ئەندامی نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆسەر لەهەرێمی كوردستان جەختیكردەوە لەسەر سەرنەكەوتنی هەرچ پرۆژەیەكی سیاسی لەوڵات بەبێ‌ بوونی كورد.
حوسەینی لەمیانی لێدوانێكدا بۆ PUKmedia راشیگەیاند: هەرچ پرۆژەیەكی سیاسی كە لەداهاتوودا لەسوریا پێشنیاز دەكرێت بەبێ‌ بوون و بەشداریكردنی كورد و نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر لەباكوورو رۆژهەڵاتی سوریا سەركەوتن بەدەست ناهێنێت و وتیشی: شكستی زنجیرە كۆبوونەوەكانی جنێف و ئەو كۆنگرانەی تریش كە ئەنجامدراون بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەكی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا هۆكارەكەی دوورخستنەوەی كورد بووە لەهەموو ئەو دانیشتنە سیاسییە نێودەوڵەتیانەدا، بۆیە هەرچ پرۆژەیەكی سیاسی بەبێ‌ كورد و نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری كە نوێنەرایەتی پێنج ملیۆن سوری دەكات و كوردیش دووەمین نەتەوەیە لەوڵات، ناتەواو دەردەچێت.
حوسەینی دووپاتیشی كردەوە هەرچ سازانێك لەبارەی دەستووری داهاتووی سوریا بەبێ‌ كورد،نە گوزارشت لەخواستی كورد ئەكات وەك نەتەوە نە گوزارشتیشە لەخواستی ئیدارەی خۆسەر وەك پرۆژەیەكی سیاسی و سەربازی تەواوكاری كەلەسەر بنەمای سازانێكی سەركەوتووانە بنیاتنراوە.
واش چاوەڕوان دەكرێت هەریەك لەسێ‌ لایەنەكە پێشنیازی خۆیان لەبارەی پرەنسیپەكانی دەستوور پێشكەش بكەن و وەفدەكان لەنێوان خۆیاندا تاوتوێی بكەن و پاشان لەدانیشتنی گروپێكی پچووكراوەدا دەخرێنەوە بەر باس و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
جێی ئاماژەیە، گیر پیدرسن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سوریا سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان دەكات.
بەگوێرەی رۆژنامەی "وەتەن"، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سوریا، دوێنێ‌ یەكشەممە رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی نێوان لایەنەكانی سوریادا رێككەوتن لەم هەفتەیەدا دەستبكرێت بەپرۆسەی داڕشتنی رەشنووسی چاكسازیی لەدەستووری سوریادا.
راگەیاندنەكەی پیدرسن لەمیانی ئەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەدا دێت كەلەشاری جنێف سازیكردبوو دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو سەرۆكی بەشداربووی لیژنەی گفتوگۆی دەستوور، ئەحمەد كەزبەری نوێنەری وەفدی نیشتمانیی و هادی بەحرە نوێنەری وەفدی بەرهەڵستكار، ئەوەش لەسەروبەندی دەستپێكردنی گەڕی شەشەمی كۆبوونەوەكانی لیژنە پچووكراوەكە دێت كەئەمڕۆ لەشارێكی سویسرا ئەنجام دەدرێت و تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket