}

كه‌ركوك و ئاڵۆزبوونه‌وه‌ی هاوكێشه‌كان

بیروڕا 09:17 PM - 2021-10-13

تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی عیراق سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شكست نه‌بوو كاتێك ژماره‌ی كورسییه‌كانی كه‌میكرد، به‌ڵكو دۆخێكی تایبه‌ت وایانكرد ئه‌و رووبدات كه‌ ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ركردنی بۆ قۆناغه‌كانی داهاتووی سیاسه‌تكردن قورس نییه‌ و یه‌كێتی ئه‌زموونی هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌یه‌.
كه‌ركوك به‌درێژایی مێژووی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراق خاڵی سه‌ركی ناكۆكی بووه‌ له‌نێوان كورد و ئه‌وانی دیكه‌دا، هیچ سیاسه‌ت و هه‌وڵی كۆتایی پێهێنانێك ورد نه‌یانتوانی ناسنامه‌ی كوردستانی بوونی ئه‌و شاره‌ بسڕنه‌وه‌، به‌پێی هه‌موو ئاماژه‌كانیش سه‌ره‌ڕای ئاڵۆزتربوونی زیاتری دۆخه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد یه‌كگرتوو بێت ئه‌وا كه‌ركوك هه‌ر به‌ كوردی و كوردستانیبوون ده‌مێنێته‌وه‌.
پرسی پێكه‌وه‌ژیان له‌و شاره‌ له‌ هه‌موو پرسه‌كانی دیكه‌ گرنگتره‌، هیچ هێزێكی كوردی نه‌بووه‌ دروشمی پێكه‌وه‌ژیانی به‌رز نه‌كردبێته‌وه‌ و نه‌شیكردبێته‌ كردار، بۆیه‌ سه‌ره‌ڕای سته‌می زۆر له‌سه‌ر كورد و ناسنامه‌ی شاره‌كه‌ی، كه‌چی هیچ لایه‌نێك ناتوانێ به‌ راسیست و خۆسه‌پێنه‌ر ناوی بهێنێت، به‌ڵكو سیاسه‌تی پێكه‌وه‌ژیان له‌ كه‌ركوك دروشمی سه‌ره‌كی بووه‌ و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌.
قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردن قۆناغێكی سه‌خت ده‌بێت بۆ كه‌ركوك، هێزه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان سه‌ركه‌وتنی كورد قبوڵ ناكه‌ن، بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ پلاندان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی زیاتر له‌ شاره‌كه‌ دروستبكه‌ن و به‌وهۆیه‌یشه‌وه‌ سه‌قامگیری سیاسی بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و بیانووش بده‌نه‌ به‌ سه‌ربازكردنی شاره‌كه‌ و له‌په‌ناشیدا هه‌یمنه‌ی خۆیان له‌سه‌ر كورد و كه‌ركوك زیادبكه‌ن.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، كاردانه‌وه‌ی كورد نابێت به‌جۆرێك بێت دروشم و كرداری پێكه‌وه‌ژیان وه‌لاوه‌ بنێت، به‌ڵكو زیاتر سووربێت له‌سه‌ری و هه‌وڵی ئه‌وه‌بدات ئه‌وانی تریش رازی بكات باوه‌ڕ به‌ سیاسه‌تی دروستی پێكه‌وه‌ژیان بهێنن و كاری جدیشی بۆ بكه‌ن.

ئاڵۆزبوونی بارودۆخی كه‌ركوك سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكه‌ بۆ ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی عیراق، بوونی ھه‌ندێ سوننه‌ی توندڕه‌و له‌گه‌ڵ توركمانی ناسیۆنالیست و هه‌روه‌ها به‌هۆی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دۆخه‌كه‌ی له‌ مه‌ترسی نزیككردووه‌ته‌وه‌، مه‌ترسییه‌كه‌ بۆ سه‌ر كورد، پێكه‌وه‌ژیان، ئاوه‌دانی، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی شاره‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ت ده‌داته‌ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی تریش چالاكببنه‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ سه‌رئێشه‌ی زۆر بۆ كورد و ناسنامه‌ی شاره‌كه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بینم پارێزگاری كه‌ركوك سیاسه‌تێكی نادروست په‌یڕه‌و ده‌كات و پێكه‌وه‌ژیانی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراقدا سیاسه‌تی راست ئه‌وه‌یه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك، چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزی سه‌ربازیی عیراق، پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی خۆجێی مه‌ده‌نی به‌ به‌شداری سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بكرێنه‌ مه‌رج، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرێ بارودۆخی كه‌ركوك ئاڵۆزتر ده‌بێت و دووریش نییه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌ربچێت. 

نه‌رمین عوسمان
PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket