riklam

عیراق.. نوێنەران بۆیان نییە پۆستی حكومی وەربگرن

عیراق 07:38 PM - 2021-10-13

جیاوازیەكی دیكەی یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرا دەبێت، كە پێچەوانەی خولەكانی رابردوو، پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی 10-10-2021 بۆیان نییە پۆستی حكومی  وەربگرن، لەهەر حاڵەتێكیش ئەگەر لە پۆستەكەی نەما، كاندیدی حزبێكی تر كە لەدوای ئەو دەنگی هێناوە شوێنی دەگرێتەوە.

لەوبارەیەوە ئارەزو  مەحمود ئەندامی خولی رابردووی  ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە PUKmedia ی راگەیاند: بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن كە لەساڵی رابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندكرا، ئەو نوێنەرەی سەردەكەوێت  ناتوانێت پۆستی حكومەت وەربگرێت، بەڵكو  بۆی هەیە تەنها كاری پەرلەمانتاری بكات.

وتیشی: لەبەر ئەوەی شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هیچ لیستێكی حزبی نەبوو، بەڵكو بەشێوەی فرەبازنە ئەنجامدرا، بۆیە لەكاتی وازهێنانی ئەندامێكی پەرلەمان یان كۆچی دوایی بكات، ئەوا ئەوكەسە شوێنی دەگرێتەوە كە دەنگەكانی لەدوای ئەو دێت.

رونیشیكردەوە: لەو حاڵەتە مەرج نییە شوێنگرەوەكە لە حزبی ئەو نوێنەرە بێت كە دەستی لەكار كێشاوەتەوە یان كۆچی دوایی كردووە، بۆیە حزبە سیاسییەكان ناتوانن پەرلەمانتارەكەیان  بگوازنەوە دەسەڵاتی جێبەجێكار، چونكە حزبێكی تر شوێنەكەی لەپەرلەمان پڕدەكاتەوە.

وتەی ئەو ئەندامەی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران لەكاتێكدایە، پێشتر بەهۆی بوونی لیستی حزبەكان، هەر پەرلەمانتارێك  بۆ كاری حزبی یان حكومی پاشەكشەی بكردایە، راستەوخۆ كاندیدێكی درنەچوو لە حزبەكەی خۆی شوێنی دەگرتەوە، زۆرجاریش حزبەكان تەنیا بۆ كۆكردنەوەی دەنگ كەسێكی ناسراو و دیاریان كاندید دەكرد، پاشان كەسێكی تر دەچوووە شوێنەكەی.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket