}

سه‌رۆك كۆمار: رۆڵی ژن له‌ رووی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌هێز بكرێت

عیراق 04:47 PM - 2021-10-02

د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ئه‌مڕۆ  شه‌ممه‌ 2ی ئۆكتۆبه‌ری 2021 له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێك كه‌ پێكهاتبوو له‌ ژماره‌یه‌ك ژنانی چالاكوان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ ته‌واوی وڵات و ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێویستی هه‌ڵبژاردنی به‌رفراوانی خه‌ڵك به‌ تایبه‌تی ژنان گفتوگۆكرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م رایگه‌یاند، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ بڕیاره‌ دوای چه‌ند رۆژێكی تر ئه‌نجام بدرێت رووداوێكی مێژووی و وێستگه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ وڵات، بۆیه‌ پێویسته‌ ببێته‌ ئامرازێك رووه‌و گۆڕانكاری ریشه‌یی و ھێنانه‌دی چاكسازی بنه‌ڕه‌تی و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و ھێنانه‌ئاراوه‌ی حكومڕانی باش و ژیانێكی خۆشگوزه‌رانی شكۆمه‌ندانه‌ بۆ ھه‌موو ھاووڵاتییانی عێراق.

ھه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار رایگه‌یاند، به‌هێزكردنی پێگه‌ی ژنان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خاڵێكی گرنگ و جه‌وهه‌رییه‌، ھاوكات ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی كه‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له‌ ژنان نیوه‌ی ده‌نگده‌ران پێك ده‌هێنێت له‌ كۆی گشت ده‌نگده‌ران، هه‌روه‌ها كاندیده‌ ژنه‌كان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بریتیه‌ له‌ ‎%‎30 پاڵێوراوه‌كان به‌بێ كۆتا كه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی گرنگه‌ له‌سه‌ر سوربوونی ژنان بۆ به‌شداری كارایان له‌ ھه‌ڵبژاردنه‌كان، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تی به‌شدارییه‌كی ئازاد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ره‌و بژارده‌یه‌كی باشتر.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا سیستمی هه‌ڵبژاردنی ئێستا رێگه‌ ده‌دات به‌ ژنان كه‌ ئاماده‌یی باشتریان هه‌بێت له‌ دامه‌زراوه‌كانی یاسادانان له‌ رێگه‌ی كۆتاوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانی و پێشبینیه‌كانماندا نایه‌ته‌وه‌ بۆ به‌شداریه‌كی فراوانتر، ھه‌روه‌ھا راشیگه‌یاند یاساكه‌ پێشكه‌وتووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ وڵاتانی دیكه‌، بۆیه‌ هیوادارین كه‌ له‌ خوله‌كانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر به‌ره‌و پێشتر ببرێت.

سه‌رۆك به‌رهه‌م دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ دۆسێی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا پێویسته‌ و په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ گه‌شه‌پێدان و ئابووری و ئارامی كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆیه‌ به‌ بێ به‌هێزكردنی رۆڵی ژنان نه‌ ئابووری و نه‌ پێشكه‌وتنیش به‌دیدێت.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌شیكرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئامانج گرتن و رێگریكردن له‌ پاڵێوراوانی ژنان جێگه‌ی نیگه‌رانی و ئازار به‌خش و نه‌ خوازراوه‌، پێویسته‌ كار بكرێت بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌ بونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ كارانه‌.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket