riklam

سەلام لە جاکی شان بکەن !

هەمەڕەنگ 09:46 AM - 2021-10-02

لە هەموو وڵاتانی جیهانی پێشکەوتوو و دواکەوتوو، دانانی خاڵی پشکنینی لە ناکاو، و هەرجارەی لە شوێنێک (نەک وەکو ئەوانەی ئێمە، کە وەکو دەوامی دائیرە، هەموو رۆژێ لە هەمان کات و لە هەمان شوێن خاڵی پشکنینی- بێ سوود- دادەمەزرێنن ) پرۆسێسێکی کاریگەرە بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و هەڵاتوان لەدەستی دادوەری و دەرچوان لە رەوتی یاسا، و ئەو کەسانەش کە ئەم خاڵانە دادەنێنەوە، دەبێ کەسانێکی پسپۆر وشارەزا بن لە کارەکەیان و هەر کە سەروبچمی تاوانبارێک ببینن، یەکسەر شک و گومانی لێبکەن، و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن، و پرسیاری وای لێبکەن، کە کابرای تاوانبار بشێوێ و بشڵەژێ، ئەوکات گومانەکەیان لێ پتەوتر دەبێ، و مافی ئەوەیان دەبێ کە کابرا دەستگیر بکەن، و نەهێڵن توانای ئەوەی هەبێ دەربازبێ، و دەبێ ئەو کەسانەی لەو خاڵانە دەوەستن، هەردەم لە ئامادەباشی دابن، نەوەک تاوانبارێک هەر کە ئەم خاڵە ببینێ، هەوڵ بدات بەخێرایی بۆی دەربچێ، و ئەو کەسانەی کە لە خاڵەکە وەستاون، هەر پێڕانەگەن چەکەکانیان لە شان بێننە خوارەوە!.

سەردەمانێک برادەرێک لەگەڵ هێزەکانی کۆریای باشوور لە کوردستاندا کاری دەکرد، بۆخۆی لەگەڵ شوفێرێک و دوو کارمەندی کۆریایی بە کارێکی دیاریکراو بە شەقامەکانی شاری هەولێردا گوزەر دەکەن بۆ شوێنێکی دیارکراو، و ئەو برایە دەیزانی کە لە شوێنی دیاریکراو هەروەکو جاران خاڵێکی پشکنینی خۆمانەی لێیە، و هەر لەدوورەوە خێرایی مۆنیکاکەیان کەمکردەوە، و تا گەیشتنە ئەو پۆلیسانەی کە لە خاڵەکە وەستابوون، برادەرەکە پێشبینی ئەوەی دەکرد، کە زۆر پرسیاریان لێبکرێ، سەبارەت بەو میوانە کۆریایانە، ئایا بۆکوێیان دەبەن، و ئێوە کێن، و ناسنامەکانتان نیشان بدەن، و چەندین پرسیاری تری لەو بابەتە، بەڵام ئەوەی هەرگیز کە ئەو برایە بیری لێندەکردەوە (هەروەکو بۆی گێڕامەوە)، ئەوەبوو هەر کە گەیشتنە خاڵەکە، یەکێ لە پۆلیسەکان، سەری هێنایە ژوورەوە، و سەیرێکی کۆریاییەکانی کرد، و پێیگووتن: سەلام لە جاکی شان بکەن!!.

کاتێ کە ئەو برایە ئەو قسەیەی بۆ کۆریاییەکان گێڕایەوە، کۆریاییەکان دایانە قاقای پێکەنین و ووتیان: ئێوە تا ئێستا نازانن کە ئێمە کۆریایی باشوورین، نەک خەڵکی هۆنگ کۆنگ (چونکە جاکی چان خەڵکی هۆنگ کۆنگە )؟!. سەلام هەر لەخۆت بێ کاکی پۆلیس!!.

 

هەندرێن خۆشناو

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket