riklam

بەرزبوونەوەی نرخی ئالیك كێشە بۆ ئاژەڵداران دروست دەكات

ڕیپۆرتاژ 10:19 AM - 2021-09-27

سامانی ئاژەڵ یەكێكە لەسەرچاوە گرنگەكانی داهات و ئابووری وڵاتان هەروەك بەشێكی گرنگی خۆراكیان پێكدێنێت، بۆیە زۆربەی وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی پێشكەوتوو چەندین ساڵە گرنگی بەو كەرتە دەدەن، ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی لەبواری تەكنۆلۆژیاو زانستیش بەدەستهاتووە بۆتە هۆكارێكی گرنگ بۆ زیاتر پێشخستنی ئەو بوارە، هەرێمی كوردستان خاوەن خاكێكی بەپیت و سەرچاوەیەكی زۆری ئاوە، بۆیە شوێنێكی لەبارە بۆ پەروەردەكردنی ئاژەڵ بەهەموو جۆرەكانیەوە، بەڵام بەهۆی چەندین كێشەوە نەتوانراوە ئەو كەرتە پێش بخرێت، بۆیە لەئێستادا ناتوانرێت ئاژەڵی خۆماڵی پێداویستی ناوخۆی گۆشتی سوور پڕبكاتەوە بەهۆیەوە رێژەیەكی زۆری ئاژەڵ لەدەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێت.

شەهاب مەولود یەكێكە لەفرۆشیارەكانی مەیدانی ئاژەڵان لەشار هەولێر بۆ كوردستانی قسەی كرد و وتی: یەكێك لەكێشەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵ لەهەرێم گرانی نرخی ئالیكە كە تۆنی جۆ بە 560 هەزار دینارەو یەك فەردە كای 12 كیلۆییش بە 3 هەزار دینارە.

ئەو فرۆشیاری ئاژەڵە باسی لەوەشكرد: ئێستا لەوڵاتانی سوریاو توركیاو ئێران مەڕو بزن و لەوڵاتانی بەڕازیل و جۆرجیاش مانگاو گوێرەكە هاوردەی هەرێم دەكرێت كە زۆرترینیان بەپلەی یەكەم لەسوریاو بەپلەی دووەم لەئێران وپاشان لەتوركیا دەهێنرێت ئەگەر لەو وڵاتانە ئاژەڵ نەهێنرێت، ئەوا نرخی یەك كیلۆی ئاژەڵ بەزیندوویی دەبێتە 6 هەزار دینارو زیاتریش كە ئێستا بە 5 هەزار دینارە.

شەهابی ئاژەڵفرۆش ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەو ئاژەڵانەی لەدەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێن زۆربەیان دەهێنرێنە شاری هەولێرو لەوێشەوە هەناردەی سەرجەم شارەكانی تری هەرێم و عیراق تا ناوەڕاست و باشووری عیراق دەكرێت كە بەهۆیەوە نرخیان بەرز دەبێتەوە ئەگەر هەناردەش نەكرێن، ئەوا بەپێچەوانەوە نرخیان لەهەرێم دادەبەزێت.

سەبارەت بەنەخۆشی ئاژەڵ و چارەسەركردنیان لەهەولێر شەهاب مەولود وتی: ساڵانی رابردوو حكومەت یارمەتیمانی دەدا لەچارەسەركردنیان و كوتانیان، بەڵام ئەمساڵ هیچ یارمەتیەكی نەداوین و كاتێك ئاژەڵەكانمان نەخۆش دەكەون خۆمان دەرمانی بۆ دەكڕین و تێچووی چارەسەریان لەئەستۆ دەگرین و دكتۆری ڤێتێرنەری بۆ دەهێنین.
سەبارەت بەكێشەكانیان لەمەیدانی ئاژەڵان شەهاب وتی: كێشەی سەرەكیمان كەمی ئاوی خواردنی ئاژەڵانمان هەیە كە تەنیا یەك بیری ئاومان بۆ دابینكراوە كە بەشی ئەو هەموو ئاژەڵە ناكات.
خالید خەیلانی یەكێكی ترە لەفرۆشیارانی ئاژەڵ كە خاوەنی چەندین سەر ئاژەڵەو لەمەیدانی ئاژەڵانی هەولێر كاردەكات و دەڵێت: ئێستا هەرسێ جۆر ئاژەڵی وەك مەڕو بزن و مانگام هەیە بۆ فرۆشتن ئەو ئاژەڵانەی لەسوریا هاوردە دەكرێن هیچ كێشەیەكیان نیە، بەڵام بازرگانەكان دەرمانی پڕۆتینیان پێدەدەن كە گۆشتەكەیان بەهۆیەوە بۆنی هەیە كە پێویستە 15 رۆژ بمێنێتەوەو بۆنیان نەمێنێ ئینجا سەرببڕێن، هۆكاری پێدانی ئەو پڕۆتینەش بۆ زیادبوونی كێشیانە، بەڵام ئەو دەرمانە وادەكات لەكاتی تێكەڵبوونی ئاژەڵی وڵاتی سوریا بەئاژەڵی خۆمان نەخۆشی بڵاوبكاتەوە.

سەبارەت بەوەی خاوەن ئاژەڵانی هەرێم بەهۆی هێنانی ئاژەڵی سوریا زەرەرمەند دەبن، خالید خەیلانی وتی: هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئالیك بەو ئاژەڵانەی خۆمان دەدرێت كە نرخی گرانە ئەوكات نرخی ئاژەڵەكانیش لەئاژەڵی سوریا گرانتر دەوەستێت و لەكاتی فرۆشتنی نرخی وەك ئاژەڵی سوریا هەرزانە.

بەپێی راپۆڕتێكی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021 ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەست كوردستانی نوێ كەوتووە لەئێستادا 76 پڕۆژەی بەخێوكردنی مەڕو بزن لەهەرێم هەیە كە 23 یان لەهەولێرو 46 یان لەدهۆك و 6 پڕۆژە لەسلێمانی و 2 پڕۆژەیان لەهەڵەبجەیە كە 23 هەزارو 560 سەر ئاژەڵ لەخۆدەگرن، 7 پڕۆژەی قەڵەوكردنی بەرخیش لەهەرێم هەیە كە 1 پڕۆژە لەهەولێرو 4 پڕۆژە لەدهۆك و 1 پڕۆژە لەگەرمیان و 1 پڕۆژە لەهەڵەبجەیە كە 2166 سەر بەرخ لەخۆدەگرێت.

سەبارەت بەبەخێوكردنی مانگاش لەراپۆڕتەكە ئەوە نوسراوە كە 83 پڕۆژەی مانگای شیر لەهەرێم هەیە كە 43 پڕۆژە لەهەولێرو 15 پڕۆژە لەدهۆك و 19 پڕۆژە لەسلێمانی و 2 پڕۆژە لەگەرمیان و 4 پڕۆژە لەهەڵەبجەیە كە 11 هەزارو 228 سەر مانگا لەخۆدەگرێت، 1 پڕۆژەی بەخێوكردنی گامێش لەهەرێم هەیە كە لەپارێزگای دهۆكەو 75 سەر گامێش لەخۆدەگرێت، 76 پڕۆژەی قەڵەوكردنی گوێرەكەش لەهەرێم هەیە كە 40 یان لەهەولێرو 17 یان لەدهۆك و 18 یان لەسلێمانی و 1 پڕۆژەش لەهەڵەبجەیە كە 32 هەزارو 401 سەر گوێرەكە لەخۆدەگرێت، كە كۆی گشتی پڕۆژەكانی ئاژەڵ بەهەرسێ جۆرەكانی بریتیە لە 243 پڕۆژەی ئاژەڵی گەورەی جۆراوجۆر.

راپۆرتەكە ئەوەشی تێدا هاتووە لەماوەی 6 مانگی 2021 دا 74 هەزارو 111 سەر ئاژەڵی نەخۆشی جۆراوجۆر لەبنكەكانی ڤێتێرنەری هەرێم چارەسەركراون كە 2742 ئاژەڵی نەخۆش لەپارێزگای هەولێرو 24 هەزارو 397 یش لەپارێزگای دهۆك و 43 هەزارو 337 لەپارێزگای سلێمانی و 972 یان لەناوچەی گەرمیان و 2663 ئاژەڵی نەخۆش لەپارێزگای هەڵەبجە چارەسەركراون كە 44 هەزارو 617 یان سەر مەڕی نەخۆش و 14 هەزارو 523 یان بزنی نەخۆش و 7 هەزارو 307 یان مانگای نەخۆش و 21 یان گامێشی نەخۆش و 6 هەزارو 215 یان سەگی نەخۆش و 144 یان پشیلەی نەخۆش و 25 تریشیان جۆری ئاژەڵی تری نەخۆش بوونەو چارەسەركراون.

سەبارەت بەهەڵمەتی كوتانی دژ بەنەخۆشیە درم و سنوور بەزێنەكانیش، لەڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە كراوە لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021 دا 12 هەڵمەتی جۆراوجۆری كوتانی ئاژەڵان لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە كە 276 هەزارو 64 سەر ئاژەڵ كوتراون كە 221 هەزارو 249 سەر مەڕو 39 هەزارو 429 سەر بزن و 15 هەزارو 386 سەر مانگا لەخۆدەگرێت.

ئامارەكە ئەوەشی تێدا تۆماركراوە كە لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021 دا لەسەرجەم كوشتارگەكانی ئاژەڵانی هەرێم زیاتر لە 573 هەزار ئاژەڵ سەبڕاون كە زیاتر لە 452 هەزاری سەر مەڕو نزیكەی 47 هەزار سەر بزن و زیاتر لە 73 هەزار سەر رەشەوڵاخ لەخۆدەگرێت كە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكەی ڤێتێرنەری لەهەرێمی كوردستان 3 كوشتارگەی مۆدێرن لەهەریەك لەپارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك و هەولێر هەن جگە لەوانە چەندین كوشتارگەی كۆن لەقەزاو ناحیەكاندا هەن كە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكانی ڤێتێرنەریدان، بەڵام نزیكەی 10% ی ئەو سەر ئاژەڵانە لەدەرەوەی كوشتارگەكان و بەشێوەیەكی نایاسایی سەردەبڕێن.

بەڕێوەبەرایەتیەكە لەڕاپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە بەمەبەستی چاككردنی وەچەی ئاژەڵ بۆ بەدەستهێنانی گۆلك یا گوێرەكەی باش لەڕووی گۆشت و شیر بۆ ئەوەی بەرهەمیان باشترو زیاتر بێت لەشەش مانگی ساڵی 2021 دا كرداری چاككردنی دەستكردیان بۆ 9 هەزارو 801 سەر مانگا كردووە كە تێیدا 5 هەزارو 825 خاوەن ئاژەڵ و جوتیار لەپڕۆسەكە سوودمەندبوون ئەو پڕۆسەیەش 686 گوندی لەهەرێمی كوردستان گرتۆتەوەو چارەسەری چاكردنی دەستكرد بۆ  6 هەزارو 21 سەر مانگا كراوەو چارەسەری نەزۆكی مانگاش بۆ 1442 مانگا كراوەو 1624 لەدایكبوونی گوێرەكەش تۆماركراوە.

سەبارەت بەهاوردەكردنی ئاژەڵی گەورەو گۆشتی سوور لەدەرەوە، راپۆرتەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێم روونیكردۆتەوە كە لەماوەی شەش مانگی ساڵی 2021 دا  1 ملیۆن و 778 هەزارو 798 تۆن گۆشتی سوورو 857 سەر مانگای شیرو 33 هەزارو 873 سەر گۆلك و 61 هەزارو 597 سەر كارو بەرخ لەدەرەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە.

سەبارەت بەژمارەی ئاژەڵی گەورە لەهەرێمی كوردستان، سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی هەرێم بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا تەنیا یەك جار سەرژمێری بۆ ئاژەڵی گەورە بەهەموو جۆرەكانی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە كە ئەویش لەساڵی 2015 بووەو ژمارەیان زیاتر لە 4 ملیۆن و 596 هەزار سەر ئاژەڵی جۆراوجۆرە كە ژمارەی سەر مەڕ بریتی بووە لەزیاتر لە 3 ملیۆن و 112 هەزار سەر كە 793 هەزار سەریان لەپارێزگای هەولێر، زیاتر لە 1 ملیۆن و 54 هەزار سەر مەڕ لەسلێمانی، زیاتر لە 776 هەزار سەر مەڕ لەدهۆك و زیاتر لە 489 هەزار سەر مەڕ لەناوچەی گەرمیان بووە، هەروەها ژمارەی سەر بزن زیاتر لە 1 ملیۆن و 223 هەزار سەر بووە لەهەرێم كە 507 هەزار سەریان لەهەولێرو زیاتر لە 354 هەزار سەر لەسلێمانی و زیاتر لە 273 هەزاریان لەدهۆك و زیاتر لە 88 هەزار سەر بونیش لەناوچەی گەرمیان هەبووە، ژمارەی سەر مانگاش لەهەرێم زیاتر لە 256 هەزار سەر مانگا بووە كە 65 هەزار سەریان لەهەولێرو زیاتر لە 138 هەزار سەریان لەسلێمانی و زیاتر لە 47 هەزاریان لەدهۆك و 6 هەزارو 128 شیان لەناوچەی گەرمیان بووە، ژمارەی گامێش لەهەرێمیش بریتیە لە 3120 سەر كە 620 سەر لەپارێزگای سلێمانی و 2500 سەر گامێش لەناوچەی گەرمیان بووە.

PUKmedia رەوەست نەوزاد– هەولێر



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket