riklam

منداڵان لەنێوان پەروەردە و بەخێوكردندا

پەروەردە 11:21 AM - 2021-09-26

بێگومان پەروەردە و بەخێوكردن بەیەك مانا نایەن، وەك ئەوەی بەشێكی زۆر لە دایكان و باوكانی ئێمە تێیگەیشتوون، بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم قسەیەش زۆر جار دایكان و باوكان سكاڵادەكەن لە دەست گرنگی نەدانی منداڵەكانیان بەخوێندن یان كۆشش نەكردن و بە قسەنەكردنیان، دەڵێن: باشترین جل و بەرگی هەیە، ژوری تایبەتی خۆی هەیە، مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەری تایبەت بەخۆی هەیە، بەم قسانە دیدی دایك و باوك دەردەكەوێت كە بەخێوكردن بە پەروەردە تێگەیشتوون، بەڵام بەلایانەوە گرنگ و جێگەی باس نییە كە چەند كاتیان بۆ تەرخان كردوون، چەندە هاوڕێن لە گەڵیاندا، تاچەند گوێیان بۆ دەگرن و گفتووگۆیان لەگەڵ دەكەن، لە كاتێكدا ئەمانە كەرەستەكانی پەروەردەیەكی دروستن.

 پێموایە منداڵانی ئێمە لەم رۆژگارەدا باشتر لە رابردوو پێداویستییەكانی ژیانیان بۆ فەراهەم كراوە، بەڵام بۆشایی خۆشەویستی و سۆز و بایەخ و كاتپێدان و هاوڕێیەتی لە لایەن باوانەوە بە ئاشكرا بە سیمایانەوە دیارە، دایك و باوكی هۆشیار لە ئێستادا دەبێت سەرەڕای تایبەتمەندییە مرۆیی و ئاینی، نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان كار لەسەر رەهەندی جیهانی بوون بكات، چونكە تەكنەلۆژیا سنوورەكانی هەڵگرتووە، بۆیە گرنگە خێزان تاكێك پێشكەش بكات توانای كرانەوەو جیهانی بوونی تێدا چێنرابێت.

دایك و باوكان چۆن بتوانن متمانە لای منداڵ دروست بكەن؟

هەموو گفتار و كردارەكانی دایك و باوك لە ماڵدا مانا بەژیانی منداڵ دەبەخشن، ئەوان بە بەردەوامی لە لایەن منداڵەكانییانەوە وەك نموونەی باڵا سەیردەكرێن و لاساییان دەكرێتەوە، مامەڵەی دایك و باوك دەبێتە هۆكار بۆ بوونی متمانە و هەروەها لەدەستدانیشی، كەواتە مامەڵەی دایك و باوكی متمانە بەخۆبوو سەرچاەیەكی بەهێزی دروستكردنی متمانە بەخۆبوونە لەلای منداڵ، هەروەها چەندین رێگاو رێكاری تر هەن بۆ دروستكردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵ لەلایەن دایكان و باوكانەوە وەك:

1-    دەربڕین و گوزارشتی ئەرێنی و هاندان و رێزلێگرتن، دەستخۆشی و ستایش كردن كە زیادەڕەوی تیادا نەبێت چونكە ستایشی زیاد لە پێویست دووچاری لە خۆبایی بوونی دەكات.
2-    خۆ بەدوورگرتن لە رەخنەلێگرتنی بەردەوام و سەركۆنەكردنی و لێپرسینەوەی زۆر و جنێوو شكانەوەی بەتایبەت لە لای هاوڕێكانی و كەسانی تر یان لێپێچینەوەو سزادان.
3-    پێدانی هەندێك لە ئەرك و بەرپرسیارێتی كە لە گەڵ تەمەنیدا گونجاوبێت، كاتێك بەباشی جێبەجێی دەكات پاداشت بكرێت و دەستخۆشی لێبكرێت.
4-    ماوەی پێبدرێت گوزارشت لە رای خۆی بكات و پرس و رای وەربگیرێت لە هەندێك بابەت و بایەخ بە بۆچوونەكانی بدرێت.
5-    نەترساندنی لە ئەنجامدانی هەڵە بەڵكو یارمەتیدانی بۆ ئەوەی لە هەڵەكانییەوە فێربێت.
هەروەها چەندین شێوازی تر هەن بۆ ئەوەی دایك و باوك بتوانن منداڵێكی خاوەن متمانە پێشكەش بە كۆمەڵگە بكەن، بێگومان ئەوەش دەوەستێتە سەر ئاستی رۆشنبیری دایكان و باوكان تا بتوانن بەباشترین شێوە منداڵەكانیان پەروەردە بكەن.  

منداڵ چۆن دەگاتە كەناری ئارامی؟
پێناسەكانی سەردەم بۆ منداڵ تا ئەندازەیەك‌ جیاوازن،‌ پێشتر دەگوترا منداڵ كاغەزێكی سپییە، بەڵام ئێستا دەگوترێت منداڵ زۆر لەوە هەستیارتر و ئاڵۆزترە كە كاغەزێكی سپی بێت، بۆیە هەر لەسەرەتاوە كاردانەوەی دەبێت بۆ ژینگە و دەوروبەری، رووداو و گۆڕانكارییەكان بە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی كاریگەریان دەبێت لەسەر منداڵ و داهاتووی ژیانی، بەپێی تەمەن كەشی ئارامی ماڵ و سۆز و خۆشەویستی دایك باوك و ژیانێكی بەختەوەرانەی دوور لە شەڕ و ئاژاوە چ لەناو خێزان و دەرەوەی خێزان هاوكاردەبن لەوەی منداڵ هەست بەئارامی بكات و بە دروستی گەشە بكات و پەروەردەببێت، بەتایبەت ئەگەر لە قۆناغەكانی دواتر باخچەی منداڵان و قوتابخانەش بەشداربێت لە دەستەبەری ژینگەیەكی پەروەردەیی گونجاو ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەنجامەكان زۆر دڵخۆشكەردەبن.

ئەگەرچی لە ئێستادا تەكنەلۆژیا ئەركی دایكان و باوكانی سەختتر كردووە لەوەی كە منداڵەكان دووچاری ئاڵودەبوون نەبن بەتەكنەلۆژیا و ئامێرەكانییەوە، چونكە توێژینەوەكان سەلماندوویانە كە مانەوەی زۆر لەگەڵ ئامێرەكان وئاڵودەبوون پێیانەوە منداڵ لە ئارامی دەروون دووردەخەنەوە و كاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست دەكەن. بۆیە پێویستە دایكان و باوكان كاتی زیاتر بدەن بەمنداڵەكانیان و هاوڕێیان بن و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن.

هەمزە عەباس فەقێ
پسپۆڕی پەروەردەیی

 PUKmedia  چنار عەزیز

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket