}

سەرۆک کۆمار جەخت لە پێویستی مسۆگەرکردنی ھەڵبژاردنی دادپەروەرانە دەکاتەوە

عیراق 10:26 PM - 2021-09-23

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئەیلولی 2021 لە نیویۆرک چاویکەوت بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس کرد بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها بەگرنگییەوە باسی لە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە عێراق لەبوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی پشتیوانی لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم بە ناردنی چاودێران لە پێناو دادپەروەری و پاکوبێگەردی ھەڵبژاردنەکان.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرد بۆ گەلی عیراق، بۆ ئەو مەبەستەش جەختیکردەوە لە پێویستی دابینکردنی کەشێکی لەبار و گونجاو بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاکوبێگەردی دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لەسەر پێویستی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عێراق لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلەکەی و گرنگی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و گێڕانەوەی رۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکە و جیھان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لە پێویستی پتەوکردنی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر بەرنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی سەردەم، بەتایبەتی توندوتیژی و تیرۆر و قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، کە بووەتەوە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی، ھاوکات ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی عیراق چاوی لە پشتیوانی و شارەزایی نێودەوڵەتییە لەم بوارەدا بەمەبەستی پشتگیریکردن لە پلانی نیشتمانی بۆ دووبارە بوژاندنەوەی وادی رافیدین لە رووی ژینگەیی و دامەزراندنی چەمکەکانی ئابووری سەوز.

لەلای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە عیراق ھاتوونەتەدی، بەتایبەتی هەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاند بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا جەختیشیکردەوە کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لەپشتگیری عیراق لە رێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عیراق.

PUKmedia راگەیاندنی سەرۆک کۆمار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket