riklam

بافڵ تاڵەبانی: ئاسایش و ژیان و کاروکاسبی خەڵک هێڵی سوورە

کوردستان 08:44 PM - 2021-09-23

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یاوەری چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێم سەردانی هەریەک لە دکتۆر خەسرەو گوڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کرد.

لە دیدارێکدا کە لیوا حەکیم کەریم، بەڕێوەبەری نوسینگەی دەزگای ئاسایش ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنی، ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتری نێوان دەزگا ئەمنییەکان کرا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە زیان لە سەقامگیری ناوچەکە بدات.

دکتۆر خەسرەو گوڵ پلان و ستراتیژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی بۆ پاراستنی ئارامیی ھەرێم و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان خستەڕوو و  ئاشکرایکرد، لەماوەی رابردوودا دوور لەچاوی میدیا دەیان شانەی نوستووی تیرۆریستانی داعش ئاشکرا و دەستگیرکراون و راپێچی دادگا کراون. بەھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆ بەردەوام لە ئەرکداین و ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بکەین و سەروماڵی خەڵک پارێزراو بێت. بۆیە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاش چاوپۆشی لەکەس ناکرێت و رێگە بەهیچ کەسێکیش نادرێت ناوی ئاسایش بۆ بەرژەوەندی شەخسی و مەرامی تایبەت بەکاربهێنێت.

لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی ئاسایشی کرد و رایگەیاند، ئێوە پارێزەری ئارامیی و سەقامگیرین، ماندووبوون و قوربانیدانتان لەبیر ناکەین و بەڕێزەوە لە کار و چالاکییەکانتان دەڕوانین. لای یەکێتی ئاسایش و ژیان و کاروکاسبی خەڵک هێڵی سوورە و نابێت بەهیچ شێوەیەک لەبەرامبەر تاوانکاران و پێشێلکارانی یاسا لێبووردە بن و دەبێت رادەستی یاسا بکرێن، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانتان دەبین.

لەدرێژەی دیدارەکەدا هاوسەرۆک جەختی لەگۆڕانکاری و چاکسازییەکانی ناوخۆی یەکێتی کردەوە و رایگەیاند، لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنرێن و تێکەڵ بە کێشە کەسیی و سیاسییەکان بکرێن. چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە و جێگای قبووڵ نییە. دەبێت بەبڕیاڕی دادوەر و لەژێر رێنمایی بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەركەكانتان ئەنجام بدەن. ئەرکی ئێوە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیە. دەبێت کەشێکی لەبار و ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان فەراهەم بکەن و هەست بەپارێزراوی بکەن.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket