}

بافڵ تاڵه‌بانی: هێشتا مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر كۆتایی نه‌هاتووه‌

کوردستان 06:40 PM - 2021-09-23

له‌ بیسته‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی خێڵی حه‌مه‌دا، سه‌ری رێز له‌ئاست شه‌ھیدانی ئه‌و كاره‌ ترسنۆكانه‌یه‌ و سه‌رجه‌م شه‌ھیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنم.
ئه‌مڕۆ یادی پۆلێك شه‌هیدی قاره‌مان و تێكۆشه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانی جند الاسلام و انصار الاسلامه‌وه‌ به‌دیل گیران، شه‌هیدكران و ته‌رمه‌كانیان شێوێندرا.

ئه‌مڕۆ له‌یادی ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان و یه‌كێتی ئه‌نجامدرا، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی وه‌ك هێزێكی به‌رپرسیار له‌ ئاست وڵات و میلله‌ته‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر. له‌م پێناوه‌شدا قوربانیی زۆرمان داوه‌ و مێژوو شاهیدی ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌دات كه‌ هه‌میشه‌ یه‌كێتی به‌ خوێنی رۆڵه‌كانی كوردستانی پاراستووه‌. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تا مه‌خموور و له‌وێوه‌ بۆ رۆژئاوا و كۆبانێ نموونه‌ی ئه‌م راستییه‌ن.

له‌كاتێكدا كه‌ هێشتا مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر كۆتایی نه‌هاتووه‌ و بیری توندڕه‌وی ڕیشه‌كێش نه‌كراوه‌، پێویسته‌ هه‌موومان به‌ستراتیژێكی نوێوه‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كان ببینه‌وه‌ و یه‌كده‌ست و یه‌كده‌نگ بین له‌پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هه‌رێم و دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزه‌رانتر.

به‌ پێویستی ده‌زانم له‌م یاده‌دا سوپاس و ده‌ستخۆشی ئاڕاسته‌ی ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاری ھه‌رێم و دژه‌تیرۆر بكه‌م كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌پشتیوانی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان چه‌ندین پیلانی تیرۆریستییان شكستپێھێناوه‌ و رۆڵی گرنگیان بینیووه‌ له‌ سه‌قامگیری و ئاسایشی هه‌رێم.
جارێكیتر سه‌ری ڕێز بۆ گیانی پاكی شه‌ھیدانی كاره‌ساتی خێڵی حه‌مه‌ و هه‌موو شه‌ھیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنم و به‌ڵێن ده‌ده‌ین وه‌فاداربین به‌رامبه‌ر خوێنی شه‌هیدان و كه‌سوكاره‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌یان.


بافڵ تاڵه‌بانی 
ھاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket