}

سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌

عیراق 10:41 PM - 2021-09-22

د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلولی 2021 له‌ نیویۆرك چاویكه‌وت به‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا د. به‌رهه‌م پیرۆزبایی له‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس كرد به‌بۆنه‌ی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی وه‌ك سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هه‌روه‌ها به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد له‌ عێراق له‌بواره‌ جیاجیاكاندا، به‌تایبه‌تی پشتیوانی له‌ به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی 10ی تشرینی یه‌كه‌م به‌ ناردنی چاودێران له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری و پاكوبێگه‌ردی ھه‌ڵبژاردنه‌كان.

سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌گرنگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو كرد بۆ گه‌لی عێراق، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی دابینكردنی كه‌شێكی له‌بار و گونجاو بۆ به‌رێوه‌چوونی ھه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و پاكوبێگه‌ردی دوور له‌ ساخته‌كاری و فرتۆفێڵ.

ھه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا د. به‌رهه‌م دووپاتیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی پشتگیریكردنی هه‌وڵه‌كانی عێراق له‌ پێناو دابینكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ وڵات و گه‌له‌كه‌ی و گرنگی كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و گێڕانه‌وه‌ی رۆڵی گرنگی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ و جیھان.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا د. به‌رھه‌م جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی پته‌وكردنی ھه‌ماھه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر به‌رنگاربوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی سه‌رده‌م، به‌تایبه‌تی توندوتیژی و تیرۆر و قه‌یرانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و پاراستنی ژینگه‌، كه‌ بووه‌ته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی بۆ سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی، ھاوكات ئاماژه‌شیكرد بۆ ئه‌وه‌ی عێراق چاوی له‌ پشتیوانی و شاره‌زایی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌م بواره‌دا به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردن له‌ پلانی نیشتمانی بۆ دووباره‌ بوژاندنه‌وه‌ی وادی رافیدین له‌ رووی ژینگه‌یی و دامه‌زراندنی چه‌مكه‌كانی ئابووری سه‌وز.

له‌لای خۆیه‌وه‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس، ستایشی ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كرد كه‌ له‌ عێراق ھاتوونه‌ته‌دی، به‌تایبه‌تی هه‌وڵه‌كانی عێراقی به‌رزنرخاند بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌، ھه‌روه‌ھا جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پشتگیری عێراق له‌ رێگه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ پێناو ھێنانه‌ئاراوه‌ی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بۆ گه‌لی عێراق.
PUKmedia  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket