riklam

نوێنەری یەكێتی لەقاهیرە: ئاشتی جیهانی لەمەترسیدایە

کوردستان 07:30 PM - 2021-09-21

وتاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەكۆنگرەی ئاشتی لەقاهیرەی پایتەختی میسرو بەسەرپەرشتی كۆمكاری عەرەبی.

مەلا یاسین رەئووف، نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەقاهیرە، لەمیانی كۆنگرەی ئاشتی بەبۆنەی رۆژی ئاشتی جیهانییەوە كە ئەمڕۆ 21ی 9ی 2021 لەقاهیرەی پایتەختی میسرو بەسەرپەرشتی كۆمكاری عەرەبی ئەنجامدرا، وتارێكی پێشكەش كرد.

لەپێشەكی وتارەكەیدا، مەلا یاسین سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەشی ناوەندی كۆمكاری عەرەبی كرد بەوەی كە دەستپێكی ئەو كاروانە مەزنەی لەلێكۆڵینەوەو توێژینەوە ئاییندەییەكانی ئەنجامدانی ئەم كۆڕە پیرۆزەیە لەبارەی ئاشتی جیهانی و بەتایبەتیش بەڕێز باڵیۆز د.محەمەد عەرابی و براو هاوڕێم د.زین ئەلسادات.

ئاماژەشیدا كە لەئێستادا و لەهەموو كات زیاتر ئاشتی جیهانی رووی لەداڕمان و لە مەترسیدایەو ئەشتوانم بڵێم ئاشتی جیهانی لەسەرانسەری جیهاندا لەكەناری كەوتندایە ئەگەر بەو ئاڵنگارییە گەورەیە دەستپێبكەین كە لەئەنجامی كێبڕكێی توندی نێوان هەردوو جەمسەری ئابووری جیهانیی كە خۆی لەهەردوو وڵاتی چین و ئەمریكا دەبینێتەوە، هاتۆتە ئاراوە، دەتوانین بڵێین برسێتی لەئاستی جیهاندا كە هۆكارە بۆ هەڵایسانی جەنگ لەپێناو قووتی ژیان هەڕەشەیە لەسەر سەرجەم مرۆڤایەتی.

راشیگەیاند كە ئەژدیهاكەی چین سەری لەقومقمۆكە دەرهاتووەو رووبەڕووی هێزە گەورەكانی وەك ئەمریكاو ئەوروپا و یابان و روسیا دەبێتەوەو ئەگەری جڵەوی نەگیرێت، هەمووان رەنج بەخەسار دەچین و ئەو رۆڵەمان نامێنێت.

ئاماژەشی بەوەدا كە گەڕانەوەی تیرۆرو توندئاژۆیی لەدوای كشانەوە ناڕوونی و گوماناوییەكەی ئەمریكا لەئەفغانستان بەو شێوە ناشیرینە وادەكات تیرۆر بەبەهێزی بگەڕێتەوەو سەرلەنوێ‌ خۆی چالابكاتەوە، بەشێوەیەكی زۆر مەترسیداتر لەجاران، لەسەر ئاستی جیهان و بەتایبەتیش لەو ناوچانەی كەهەر لەبنەڕەتدا گڕگرتوون و شەڕو شۆڕیان تێدایە، وەك سوریاو سۆماڵ و ناوچەكەمان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، زیانی مرۆیی و كاولكردن و وێرانی و بووژاندنەوەی كینەو سەربڕین و كوشتن بەخۆیدا دەهێنێت، هەروەها لەدوای كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان و جێهێشتنی گەلەكەی بۆ چارەنووسێكی نادیار، ئایدیۆلۆژیا توندئاژۆكان دەكەونە وێزەی یەكتری ئینجا ئەوانە توندئاژۆیی ئایینی بن یاخود هەر ئایدۆلۆژیایەكی تر بێت.

مەلا یاسین راشیگەیاند: سەرباری هەموو ئەو جەنگانەی دژ بەهەڵكشانی تیرۆر لەئارادایە، مەترسییەكی دیكە لەسەر هەسارەكەمان هەیەو كە خۆی دەبینێتەوە لە گۆڕانی كەشوهەواو  كارەساتەكان، كە لافاو و ئاگركەوتنەوەو و بیابانبوون لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هەروەها فەوتانی رووبەرێكی فراوان لە زەوییە كشتوكاڵییەكان بەهۆی ئەو كەمئاوییەی لەسەر ئاستی جیهاندا سەریهەڵداوەو كە رەنگە ببێتە هۆكار بۆ هەڵگیرسانی شەڕی درێژخایەن لەنێوان وڵاتان و گەلان.

ئاماژەشیدا بەبوونی سەرەتایەكی نوێ‌ لەپێشبڕكێی خۆ پڕچەككردن و مەترسی هاتنی وڵاتانی تر بۆ یانەی ناوكی جیهانیی و هەروەها مەترسی ئەوەی كە وڵاتانی دیكە ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و بایۆلۆجی.

مەلا یاسین هەروەها ئاماژەشیدا بە مەترسی دەركەوتنی ڤایرۆسەكان لەجیهاندا بەشێوەیەك بگاتە ئاستێك كە كۆنترۆڵكردنی قورس و دژوار بێت وەك ئەوەی كەلەئێستادا دەیبینین و بەدەست ئازارەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەناڵێنین لەو بەڵایانەی تووشمان بووە لەكۆچی دوایی ئازیزانمان و دووركەوتنەوەمان لەیەكتری.

راشیگەیاند: ئەوەی دەكەوێتە سەر شانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە توێژینەوەكان لەسەر ئاستی هەموو جیهان، ئەوەیە سەرجەم هەوڵەكانیان چڕبكەنەوەو فشار لەسەر كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دروستبكەن و بەشێوەیەكی زانستی و بەبەڵگەی بڕواپێكراو مەترسییەكان روونبكەنەوە، وڵات و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی چەك و ئەو كۆمپانیانەش كە رۆڵی كاریگەری هەبووە لەبازرگانیكردن بەچەك و پێشبڕكێی چەك یاخود رۆڵیان هەبووە لەپیسكردنی ژینگە لەوە ئاگادار بكرێنەوە كە ئەگەر هەسارەكە رووخا ئەوا بەسەر هەمواندا دەڕووخێت و لەپێشیشیانەوە بەسەر خۆیاندا دەڕووخێت.

PUKmedia تایبەت
 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket