}

مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی برسێتی له‌عیراق هه‌یه‌

عیراق 07:13 PM - 2021-09-18

ئابووریناسان هۆشداری له‌زۆربوونی دانیشتوان و سه‌رهه‌ڵدانی برسێتی له‌عیراق ده‌ده‌ن به‌شێك له‌شاره‌زایانی بواری ئابووری داوا له‌حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ن رێوشوێن بۆ رێگریكردن له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان له‌عیراق بگرێته‌به‌رو هۆشداریش ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر تێكڕای زۆربوونی دانیشتوان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، برسێتی هێرش بۆ وڵات ده‌هێنێت.

د.ناسڕ ئه‌لكه‌نانی شاره‌زای ئابووری له‌میانی لێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند: زۆربوونی دانیشتوان شتێكی نوێ نییه‌ له‌عیراق، ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو ژماره‌ی دانیشتوان له‌عیراق 12 ملیۆن كه‌س بوو، له‌و كاته‌وه‌ ژماره‌ی دانیشتوان به‌رده‌وام رووی له‌زۆربوون و گه‌شه‌كردنه‌، راشیگه‌یاند، له‌ زانستی ئابووریدا ژماره‌ی دانیشتوان به‌ مانای گه‌شه‌پێدان دێت به‌خزمه‌تگوزارییه‌كان و ژێرخان و شوێنی نیشته‌جێبوون. 

راشیگه‌یاند: له‌كاتێكدا كه‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان پێبشبینییه‌كانی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی پلاندانان خاوه‌نی پلانی خۆی بێت، به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی چه‌نده‌ گرنگی به‌چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه‌ مرۆییه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌دات؟ ئاماژه‌شیدا له‌ئێستادا به‌غدای پایته‌خت به‌ یه‌كێك له‌و پارێزگایانه‌ی عیراق داده‌نرێت كه‌ زۆرترین دانیشتوانی له‌خۆگرتووه‌، هه‌ڵه‌یه‌ هاووڵاتیان له‌پاێزگایه‌كدا كۆبكه‌یته‌وه‌و پارێزگاكانی دیكه‌ش فه‌رامۆش بكرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان سه‌رجه‌م پارێزگاكان بگرێته‌وه‌.

كه‌نانی وتیشی: له‌ئه‌مڕۆدا پارێزگامان هه‌یه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 3ملیۆن كه‌سه‌و پارێزگاش هه‌یه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ناگاته‌ یه‌ك ملیۆن، هۆكاره‌كه‌شی نه‌بوونی هه‌لی كاره‌  كه‌وا له‌ هاووڵاتیانی هه‌ندێك له‌پارێزگاكان ده‌كات رووبكه‌نه‌ پارێزگای به‌غداو چه‌ند پارێزگایه‌كی تر له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌لی كاریان تێدا ده‌ستده‌كه‌وێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌جیا پلانی خۆی بۆ دابنرێت و هه‌لی كارو سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانی بۆ دابین بكرێت و ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆیی ئه‌وانیش گه‌شه‌یان پێبدرێت.

كه‌نانی راشیگه‌یاند: بۆ نموونه‌ كاتێك باس له‌پلانی 30 ساڵه‌ ده‌كرێت پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ئێستاوه‌ ده‌ست به‌كاركردن بكات به‌ڵام گه‌نده‌ڵی رێگری بۆ پرۆسه‌كه‌ دروستكردووه‌، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ عیراق داهاتێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام ناخرێته‌ خزمه‌ت بودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت و وه‌به‌رهێنان به‌و پاره‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دروست ناكرێت، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌سایه‌ی نه‌بوونی پلانه‌وه‌ زۆربوونی دانیشتوان ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری له‌وڵات و ده‌گاته‌ ئاستێكی گه‌وره‌و مه‌ترسیدارو وا له‌ گه‌نجان ده‌كات كۆچ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ د.هومام ئه‌لشه‌ماع، پسۆڕیی ئابووری وایده‌بینێت له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا  بیردۆزه‌كه‌ی ماڵتۆس به‌سه‌ر عیراقدا جێبه‌جێ بكرێت.

شه‌ماع له‌میانی لێدوانێكدا له‌گه‌ڵ PUKmedia راشیگه‌یاند: له‌چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوودا عیراق تیۆرییه‌كه‌ی ماڵتۆسی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه‌باس له‌وه‌ده‌كات هه‌ژاری له‌جیهاندا و ئه‌و كێشانه‌ی پێیه‌وه‌ په‌یوه‌ستن له‌ئاكامی زۆربوون و گه‌شه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ په‌ره‌ده‌سێنن و ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنی به‌ربوومه‌ كشتوكاڵییه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و به‌هۆیه‌وه‌ كێشه‌ له‌ هاوسه‌نگیدا دروست ده‌بێت، ئاماژه‌شیدا كه‌ له‌ دوای چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك عیراق بێ نه‌وت ده‌بێت و  كه‌مئاوی رووی تێده‌كات و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان دروست ده‌كات و ساڵی 2050 وڵاتێك نامێنێت به‌ناوی عیراق.

شه‌ماع واشیده‌بینێت له‌ئێستادا پێویسته‌ عیراق كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی به‌په‌له‌ بگرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی رێگری له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان و دووگیانی بكرێت و ئه‌زموونی چین دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ رێگرییان له‌هه‌موو خێزانێك كرد كه‌ نابێت له‌یه‌ك منداڵ زیاتریان ببێت، به‌ڵام له‌ئێستادا و دوای چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك ئینجا رێگه‌ده‌ده‌ن هه‌ر خێزانێك نابێت له‌ دوو مناڵی زیاتر ببێت، ئه‌وه‌تا له‌ئه‌مڕۆدا ده‌یانه‌وێت پارێزگاری و كۆنترۆڵی گه‌شه‌سه‌ندنی دانیشتوان بكه‌ن.
شه‌ماع هۆشداریشی دا كه‌ تا ئێستا ده‌وڵه‌ت هیچ رێوشوێنێكی بۆ رێگریكردن له‌زۆربوونی دانیشتوان نه‌گرتۆته‌به‌ر، ئه‌گه‌ر زۆربوونی دانیشتوان به‌م تێكڕاییه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت چه‌ند ساڵێكی تر ژماره‌ی دانیشتوان دوو هێنده‌ زیاد ده‌كات و عیراق ده‌بێته‌ وڵاتی برسی و هه‌ژاری و كۆچی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

وه‌زاره‌تی پلاندانانی فیدڕاڵ، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18ی ئه‌یلولی 2021 پێشبینییه‌كانی خۆی راگه‌یاندو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ژماره‌ی دانیشتوان له‌عیراق له‌ساڵی 2030دا ده‌گاته‌ 50ملیۆن كه‌س و به‌پێی خه‌مڵاندنی ساڵانه‌ی دانیشتوان، ژماره‌ی دانیشتوان له‌عیراق ساڵانه‌ 850 هه‌زار كه‌س زیاد ده‌كات به‌ڕێژه‌ی %2.6، ره‌نگه‌ ژماره‌ی دانیشتوان له‌عیراق له‌ساڵی 2050دا له‌ 80 ملیۆن نزیك ببێته‌وه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket