}

كازمی: ملیاره‌ها دۆلار له‌لایه‌ن گه‌نده‌ڵكارانه‌وه‌ به‌نایاسایی براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌

عیراق 07:18 PM - 2021-09-16

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدڕاڵ راگه‌یاند سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی رۆژی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ سازو ئاماده‌كراون.

هه‌روه‌ها كازمی له‌میانی دانیشتنی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلولی 2021 به‌ڕێوه‌چوو، راشیگه‌یاند: ته‌نها سێ هه‌فته‌مان له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردندا ماوه‌و سه‌رجه‌م پێداویستی و داوكارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ ئاماده‌كردووه‌و زه‌مینه‌ی ته‌واو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌سته‌به‌ركراوه‌.

راشیگه‌یاند له‌كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌نجامدرا، رێوشوێنی گرنگمان بۆ پاڵپشتیكردن له‌كۆمسیۆن ده‌ركردو سه‌رجه‌م پێدوایستییه‌كانمان له‌ڕووی لوجیستی و ئاسایشه‌وه‌ دابینكردووه‌و حكومه‌ت پابه‌ندبووه‌ به‌سه‌رجه‌م به‌ڵێنه‌كانی له‌ پشتگیریكردنی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌و سازدانی كه‌شی له‌بار بۆ به‌ڕێوه‌چوونی.

كازمی جارێكی تر داوای له‌ سه‌رجه‌م چالاكی و بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان كرد هانی هاووڵاتیان بده‌ن به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن و بتوانن ریفۆرمی سیاسی و كارگێڕیی له‌وڵاتدا بهێننه‌دی، چونكه‌ گه‌ل و وڵاتمان شایسته‌ی ئه‌وه‌ن.

راشیگه‌یاند: دوێنێ په‌یماننامه‌ی نیشتمانیی ره‌فتاری هه‌ڵبژاردن ده‌ركرا، په‌یماننامه‌ی ویژدان كه‌ له‌پێناو رێكخستنی ئاراسته‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌، بریتیشه‌ له‌ په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پابه‌ند ده‌كات كه‌ نه‌بنه‌ هۆكار بۆ له‌كه‌داركردنی بێگه‌ردی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

وتیشی: په‌یماننمان داوه‌ به‌عیراقییه‌كان به‌هیوای داهاتووییه‌كی باشتر بۆیان به‌ره‌و سندوقی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕۆین، به‌هیوای هه‌ڵبژاردنی كاندیدێكی گونجاو له‌لایه‌ن عیراقییه‌كانه‌وه‌، تاوه‌كو ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ژیانێك دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران.

كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هه‌ر دوێنێ به‌شداریمان كرد له‌كۆنگره‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ی به‌نایاسایی له‌عیراق بۆ ده‌ره‌وه‌ براون، هه‌ستمان به‌ دڵسۆزی و جددییه‌تێك كرد له‌لای لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كار بكه‌ن بۆ یارمه‌تیدانی عیراق به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ دزراوه‌كانی، كه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار له‌پێش و له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ گه‌نده‌ڵكاران به‌قاچاغ بردویانه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ مافی عیراقییه‌كانی ده‌زانین و ده‌بێت ته‌واوی ئه‌م مافانه‌یان بۆ بگێڕینه‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌شیدا به‌سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی بۆ تاران و رایگه‌یاند: پێش چه‌ند رۆژێك سه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانمان كردو ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌مان له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ تاوتوێكردو گفتوگۆكان ئه‌رێنی و به‌رهه‌مدار بوون، روونیشی كرده‌وه‌ په‌یوه‌ندی مێژوویی پته‌و به‌ئێرانی به‌ستوونیه‌تییه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م كایه‌ جیاوازه‌كاندا، رێشككه‌وتین ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری نێوان هه‌ردوو وڵات فراوان بكه‌ین.

PUKmedia به‌دواداچوون

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket