}

هونەری مامەڵەكردن لەگەڵ خوێندكاران

بیروڕا 01:26 PM - 2021-09-16

عەبدولواحێد محەمەد

لە راستیدا پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بە چەندین تەنگژەی مەترسیدار و داڕسانی سەختدا تێدەپەڕێت، شاراوە نیە واقیعی ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین هەروەها ئەو گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتی و ئابووری و راگەیاندن و رۆشنبیریەی هاتۆتە پێشەوە، كاریگەری نەرێنی تەواوی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن دروستكردووە، وایكردووە كۆمەڵێك دیاردەی نامۆ لەلایەن هەندێك لە خوێندكارانەوە سەر هەڵبدات، بە تایبەت لە هەردوو قۆناغی بازنەی دووەمی بنەڕەتی و ئامادەیی، ئەوەی كەشەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە، خەمساردی هەندێك لە دایكان و باوكانە لە بەدواداچون و پەروەردەكردنی منداڵەكانیان بە شێوەی تەندروست، بە دیاریكراوی لەو دوو ساڵەی رابردوو كە كۆڤید-19 كاریگەریەكانی ئەو حاڵەتانەی پێشتر هەبوون قوڵتر كردەوە، ئێستا لە سەروبەندی ئاسایی بوونەوەی پڕۆسەی پەروەردە، كێشەیەك هەموو پەروەردەكارانی سەرقاڵ كردووە، ئەویش((هونەری مامەڵەكردنە لەگەڵ خوێندكاران)) لەم بارودۆخە بارگاویە ، بڕوام وایە چەند بنەمایەك هەیە وادەكات ئەوەی پێویستە یان بە دیوێكیتر ئەو مامەڵەی دەویسترێت پیادە بكرێت:

1-شێوازی بەرجەستەكردنی كەسایەتی مامۆستا:
هەندێك لە مامۆستایان وای دەخوێننەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ قوتابیان و خوێندكاران بە نەرمی هەروەها بەسۆز و بە زەیی هاتنەوە پێیان، چاكەكردن و دابەزین و هاوتابوون لەگەڵیان، جۆرێكە لە لاوازی بۆ كەسایەتی مامۆستا، هەنێكیتر پێیان وایە توند و تیژی و بەكارهێنانی زەبروزەنگ و قسەی رەق و برینداركەر و شوبهاندنی ناوەندی خوێندن بە خانەی راهێنان سەربازی هەروەها دەبێت دیوارێكیش هەبێت لەنێوان مامۆستایان لەلایەك و قوتابیان و خوێندكاران لە لایەكیتر، ئەو دوو حاڵەتەی ئاماژەمان پێدا نامانگەیەنێتە دروستكردنی كەسایەتیەكی هاوسەنگ و مامەڵەیەكی تەندروست، كۆی ئەركەكەش دەبێتە پڕۆسەیەكی راگوزەر و هەنوكەیی نەك ستراتیجی و دوور مەودا،  بە پێچەوانە دەبێت هەمیشە بە دوای باشترین هۆكار و ئامرازی گونجاوەوە بگەڕێین، تاوەكو هەڵسوكەوتێكی سەلیم پیادە بكرێت، لەوەدا دەبێت بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارە بگەرێین، بۆچی هەندێك مامۆستا توانیویانە شوێنی خۆیان لە دڵ و دەرونی قوتابیان بكەنەوە و ببنە جێی متمانە؟ بۆچی هەندێكیتر نەیان توانیوە و ناتوانن ئەوە بكەن؟

2-ئەو خەسڵەتانەی پێویستن بۆ مامۆستایەتی:
بۆ ئەوەی مامۆستا بە تەواوی بەرهەڤ بێت بۆ ئەو ئەركە پیرۆزە، پێویستە لە روی دەرونی و زانستی و پەروەردەییەوە پاراو بێت، لەسەروی ئەوانەشەوە رەوشت بەرزیە، لەوەدا پێویستە مامۆستا ئارام و بە بەهرە و سەنگین بێت هەروەها بە سۆزو بەزەیی و لە خۆ بوردوو بێت، زۆریش گرنگە خەسڵەتی قۆناغەكانی تەمەن و خوێندن بە چاكی شارەزا بێت، سەرباری ئەوەشی زانیاری تەواوی لەسەر خاوخێزان و ژینگەی ماڵەوەی قوتابیان هەبێت، دەبێت خۆشی لە نمایشی ناڕاست دوور بخاتەوە، چونكە خوێندكاران و قوتابیانی ئەم سەردەمە زۆر جیاوازن لە وانەی رابردوودا، ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی مامۆستایاندایە، دەبێت زانیاری باش و شێوازی گەیاندنی زانستیانە بزانن و سەربار و بنباریش دەبێت مامۆستا لە هەموو روێكەوە وەكو پۆشاك و پاك و خاوێنی و وتوێژكردنی دیار و جیا بێت لەوانیتر، چونكە مامۆستا خۆی سونبلە و واش سەیر دەكرێت و دەخوێندرێتەوە.

3-چۆنیەتی سەرنج راكێشانی قوتابیان و خوێندكاران:
بۆ بەرجەستەكردنی ئەو پێداویستیە بونیادیە مامۆستایان دەبێت:

1-زۆر لێبووردە و نەرمو نیان بن، هەمیشە پەیوەندیەكانیان دەبێت نۆرمەڵ و گونجاو بێت.

2-خۆیان دوور بخەنەوە لە توندو تیژی بەردەوام، لەبەرئەوەی ئەوە لێكەوتەی  باشی لێناكەوێتەوە.

3-رق هەڵنەگرن تەنانەت ئەگەر هەقیش بن، هەوڵدەن رێگەی ئامۆژگاری هەڵبهێنن لەسەر ئاستی گشتی و ئەگەر پێویستی كرد تاكەكەسیش.

4-هەمیشە دەم بە خەندە بن، زۆرترین دەستەواژەی هاندەر بەكاربهێنن و بەردەوامیش بن، دواجار هەر ئەنجامی دەبێت.

5-دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموان بكەن، بە هیچ شێوەیەك و بۆ هەر مەبەستێك بێت جیاوازی مەكەن، چونكە خوێندكاران لە هەموو كەس بە هەستترن و زوو دركی پێدەكەن.

6-ئەوەی هەڵەیەكی كرد لێی گەورە مەكەن بەردەوام لێبووردە بن، هەڵیان بۆ بڕەخسێنن بۆ ئەوەی خۆیان چاك بكەنەوە، با چەند جارێكیش بێت، یابانیەكانیش دەڵێن((دوای حەوت جار كەوتن، جاری هەشتەمیش هەوڵی   هەستانەوە بدەن)).

7-هەر گیز قوتابیان خوێندكاران لە كێشەی خۆتان مەگلێنن، ئیتر بۆ بواری كەسی یان گشتی بێت، چونكە ئەوە دەتانخاتە خانەی تۆمەتباركردن، رەنگە خۆ بووردنتان دوایی ئاسان نەبێت.

8-وتەكانتان خۆش بێت ، دەكرێ نوكتەشیان بۆ بڵێن، بەڵام ئاگاداربن  سنور تێنەپەڕێنێت.

9-هەمیشە هەوڵدەن ئاگادار بن لە كێشەكانیان، هەماهەنگ بن لە چارەسەركردنیان، خۆتان دوور مەخەنەوە و هاوكاریش لەگەڵ رابەرەكانی پۆل بكەن، با وا تێبگەن تۆ باوك و دایك و كەس و كاریانی و بەردەوامیش خەمیان لێدەخۆن، ئەوە هەستێكی زۆر ئەرێنی لەلایەن دروست دەكات، بۆ ئێوە و بۆ تێگەیشتن لە وانەكانیش.

10-هەموو هەوڵێك بدەن، بۆ ئەوەی وانەكان تێبگەن، زۆر ئارامتان لەسەر لاوازی هەندێكیان هەبێت، دەبێت  بنەمای جیاوازی نێوان تاكەكان بە باشی لەبەرچاوبگرن، ئەگەربە رێگایەك تێنەگەیشتن دەبێت رێگە تریان بۆ بەكاربهێنن، تا دەتوانرێت دەبێت كارئاسانیان بۆ بكەن، نابێت بار و بارگەیان بە ئەركی ماڵەوە زیاد لە پێویست قورس بكەن.

دواجار ئەوەی لە هەموو شت گرنگترە، ئەو بونەوەرانە بێ وەین و هیچ گوناهێكیان نیە لەوەی مامۆستایان لەگەڵیان كراوە یان روبەڕویان دەبێتەوە كە بەشێكی ئەم سەردەمە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، بەشەكەیتری تێنەگەیشتنی دەسەڵاتدارانە لە گرنگی پەروەردە و رۆڵی پەیامبەر ئاسای پەروەردەكاران، بۆیە دەبێت وەكو ئەمانەت سەیری ئەو كوڕ و كچ و لاو و گەنجانە بكرێتن و هەوڵی باشترین پەروەردەیان بۆ بدرێت، مەعلومە ئەگەر باش بن هاوبەشیكاران لە چنینەوەی دەسكەوتە ماددی و مەعنەویەكان زۆر دەبن، بەڵام ئەگەر بە دیوەكیتر  بێت ئۆباڵەكەی دەخرێتە ئەستۆی مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket