riklam

سەركردە گەنجەكەی كەنەدا لەبەردەم هەڵبژاردنێكی یەكلاكەرەوەدایە

جیهان 08:54 AM - 2021-09-16

لەپەراوێزی كەمپینی پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی كەنەدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پەرلەمانی فیدراڵی كە بڕیارە لە 20ی 9ی 2021 بەڕێوەبچێت، سەركردەی حزبە سیاسییەكان لەمیانەی گەشتەكانیاندا بۆ هەرێمەكانی كەنەدا بەردەوام  كۆڕو كۆبوونەوەی جەماوەری دەكەن.

لەچەند رۆژی رابردوودا لەژێر چاودێری رێنماییەكانی خۆپارێزی پەتای كورۆنا، لەتەواوی شارو هەرێمەكانی كەنەدا گۆڕەپانی گەرمی كەمپینی سەرۆكی حزبە سیاسییەكان بوو، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و راگەیاندنی كارو بەرنامەی حزبەكانیان لە فەرمانڕەوایی حكومەتی داهاتوو. 

هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی فیدراڵی كەنەدا لەڕۆژی 20ی 9ی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر هەردوو حزبی ركابەر لیبراڵ بەسەرۆكایەتی جەستن ترودۆو حزبی پارێزگاران (كۆنسێرڤەتیڤ)ی راستڕەو بەسەرۆكایەتی ئیرین ئۆتۆڵ كێبڕكێیانە بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی زیاتری كورسییەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی كەنەدا.
ئەو حزبانەی  بەشداری كەمپەینی هەڵبژاردن دەكەن بریتین لەحزبی لیبراڵی دەسەڵاتدار بەسەرۆكایەتی جەستن ترۆدۆ، پارتی پارێزگاران (كۆنسێرڤەتیڤ) بەسەرۆكایەتی ئیرین ئوتۆڵ، پارتی دیموكراتی نوێ (ئێن دی پی) بەسەرۆكایەتی جاگمێت سینگ، پارتی سەوز بەسەرۆكایەتی ئەنامی پۆڵ، كوتلەی كۆبیكۆس كە ئامانجی جیابوونەوەی هەرێمەكەیە بەسەرۆكایەتی فرانسوا بلانشێ.

میدیاكان بەردەوام كەمپەینی هەڵبژاردن و ململانێی پارتە سیاسسیەكان لە سەرانسەری وڵات بەتایبەتیش هەرێمی ئۆنتاریو بۆ بەدەستهێنانی متمانەی لایەنگران و هاووڵاتیان بەگشتی بڵاودەكاتەوە، چونكە هەرێمی ئۆنتاریو گرنگترین هەرێمەكانی كەنەدایە لەڕووی پیشەسازی و بازرگانی و داهاتی باج و زۆری ژمارەی دانیشتوانی.

بەپێی دوا راپرسی دەزگای لێگەر كە بەهاوكاری ئاژانسەكانی راگەیاندن لە دوو رۆژی رابردوو ئەنجامی دابوو ئاماژەی بەوە كرد كە لایەنەكان گرێدراون بەپشتیوانی لە 32%ی دەنگدەرانی بڕیاردراو، راپرسییەكە دەریخست كە كێبڕكیی گەرم لە نێوان هەردوو حزبی لیبرال و حزبی كۆنسێرڤەتیڤ (پارێزگاران) دایە.

هەر بەپێی راپرسی هەمان دەزگای ناوبراو لە دوو هەفتەی رابردوو رێژەی دەنگدەرانی حزبەكانی راگەیاندبوو كە پارێزگاران 34%ی دەنگی بەرامبەر بە 30%ی بۆ لیبراڵەكان و هەروەها حزبی دیموكراتی نوێ (ئێن دی پی) بەسەرۆكایەتی جاگمیت سینگ لە پلەی سێیەم و 20%ی  دەنگەكان و پارتی سەوزیش بەسەرۆكایەتی ئەنامی پۆڵ 3%ی دەنگدەرانی كە زۆربەیان لە دوورگەی شازادە ئێدوارد تۆمار كراوە. 

جەستن ترودۆ سەرۆكی حكومەت و سەركردەی حزبی لیبراڵ لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا بەرنامەكانی زیاتر لەبارەی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و پێكوتەی پەتای كۆرۆنا و مافی یەكسانی هاووڵاتیان و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی فرە نەتەوە جیاجیاكان و مافی پەنابەران كەمكردنەوەی دیاردەی رەگەزپەرستی راسیزم و بەڕەنگابوونەوەی گۆڕانكاری كەشوهەواو چڕبۆتەوە.  

لە هەرێمی كوێبكی رچەڵەكی فەرەنسی لیبراڵەكان بە پشتیوانی لە 34%ی دەنگدەرانی بڕیاردەر كە لەلایەن لێگەرەوە راپرسی دەكرێن بەردەوامن، بەراورد بە 30% ی دەنگ بۆ كوتلەی كۆبیكۆس تۆمار كردووە. بلانشێ لە دوای ئەنجامدانی ژمارەیەك كۆبوونەوەی جەماوەری لەم هەفتەیەدا رایگەیاند باوەڕمانوایە لە چەند رۆژی داهاتوو رێژەی دەنگەكانمان زیاتر بێت. 

 PUKmedia ئامادەكردنی عوسمان عەلی - كەنەدا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket