riklam

ئەنجومەنی وەزیران: نوێنەرانمان داکۆکی لە مافی کورد بکەن

کوردستان 05:17 PM - 2021-09-15

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥-٩-٢٠٢١ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، کۆبوونەوەی ھەفتانەی ئەنجامدا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ھەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتیەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبەرکێیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێم و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی ھەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن . 

پاشان لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و  وەزیرە پەیوەندیدارەکان ، ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی ھاوردەکردەکراو لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی ھەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ ٢٠٢١ - ٢٠٢٥ ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو ، لە کۆبونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێم.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو . ئەم ڕەشنووسە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە ھەماھەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە . ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا ، پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەکەدا بکەن لە ڕووی قانونی و تەکنیکی وداراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبھێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان، لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە پێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری ڕێگاوبان، لە بڕگە سەرەکییەکانیەتی.

 

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket