riklam

قوباد تاڵەبانی: یەكڕیزین و لەبەغدا شەڕ بۆ یەكڕیزی كورد دەكەین

کوردستان 09:31 PM - 2021-09-14

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، یەكێتی بەكۆتاییهێنان بەقاچاخچێتی و مافیاگەری، دەبێتەوە بەیەكێتیەكەی مام و كاكە نەوە، هەر بەیەكەوە ئەتوانین ئەو گۆڕانكارییانە بەدی بهێنین كەگۆڕان لەپێناویاندا دامەزرا.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ 14ی ئە‌یلول لە‌ دە‌ڤە‌ری راپە‌ڕین، هاوپەیمانی كوردستان بە‌ ئامادە‌بوونی كاندیدە‌كانی كە‌رنە‌ڤاڵێكی جەماوەری رێكخست.

لەو كەرنەڤاڵەدا قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و سڵاوی گەیاندە ئەو جەماوەرەی رانیە و پشدەر و بتوێن و دوكان كەبڕیاریانداوە لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانی مام جەلال و كاك نەوشیروان سەربخەن، هەروەها سڵاوی لەو خەڵكە ناڕازی و توڕەیەش كرد كەلەبەر هەر هۆكارێك بێت هێشتا دوودڵن یان هەر بڕیاریان نەداوە بەشداری دەنگدان بكەن.

قوباد تاڵەبانی وتی: ئێمە یەكڕیزین و شەڕ بۆ یەكڕیزی كورد دەكەین لەبەغداد، بۆیە داواتان لێدەكەم دەنگ بە هاوپەیمانی كوردستان بدەن تاكو بەو یەكڕیزییەمان، شەڕی بودجە و مووچە بكەین و خزمەتگوزاری زیاترتان پێشكەش بكەین و هەرچی پڕۆژە ماوە بەدووسایدی رانیەشەوە تەواوی بكەین، چونكە ئەم دەڤەرە شایستەی پرۆژەی جوانتر و خزمەتگوزاری باشترە.

 قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: كە لەخولی رابردوو، دوو نوێنەری ئەم دەڤەرە كەنوێنەری یەكێتی و گۆڕان بوون، رۆڵی كاریگەریان بینی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، بەیەكەوە توانیمان بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین و بودجەی عیراق تێپەڕێنین. توانیشیان بودجەی پێویست تەرخان بكەن بۆ پرۆژەی نەخۆشخانەی رانیە، كە بەم زووانە پەسەند دەكرێت.

قوباد تاڵەبانی داوای لەجەماوەری دەڤەری راپەرین كرد لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانەوەی قوتی خۆیان و  خێزانەكانیان، دەنگ بدەن بە كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان. وتیشی بۆیە پێداگری لەسەر هاوسەنگیی هێز دەكەم، چونكە دەنگدان بە لایەنە بچووكەكانی ئەم دەڤەرە، وەك ئەوەیە بەناڕاستەوخۆ دەنگ بدەن بەهێزی ركابەری سەرەكی هاوپەیمانی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستانە.

قوباد تاڵەبانی بەھەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی وت: ئێمە كەپەرت بووین لاواز بووین، بەڵام كەبەیەكەوەبین، بەهێزترین، بەیەكەوە گۆڕانكاری و چاكسازی ریشەیی لە ھەرێم دەكەین، ئەتوانین ئەو گۆڕانكارییانە، لە بەڕێوەبردن، لە شەفافیەت، لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، لە چاكسازی، لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی جێ بە جێ بكەین كە گۆڕان لە پێناویان دامەزرا.

لەكۆتایی وتارەكەیدا قوباد تاڵەبانی بەجەماوەر و هەڤاڵانی یەكێتی راگەیاند: یەكێتی یەكێتی ئێوەیە، یەكێتی بە ئێوەوە وەك چیای كێوەڕەش، وەك كۆسرەت، وەك ساراو پیرەمەگروون وایە، هەرگیز ناشكێت. دڵنیاتان دەكەمەوە یەكێتی بە راماڵینی گەندەڵی، بەكۆتاییهێنان بەقاچاخچێتی و مافیاگەری، بەخزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە ئەو یەكێتییەی مام و كاكە نەوە و هەڤاڵە تێكۆشەرەكانیان دایانمەزراند.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket