}

قوباد تاڵه‌بانی: به‌ریتانیا پشتیوانی پرۆسه‌ی چاكسازی هه‌رێم بكات

کوردستان 02:30 PM - 2021-09-14

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازی كرد له‌ ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتی نوێی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و جه‌یمی هامیڵ ـ ی جێگری و له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك پرسی جێگه‌ بایه‌خی هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ 14-9-2021 له‌ هه‌ولێر، قوباد تاڵه‌بانی وێڕای پیرۆزبایی له‌ ستافی نوێی كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا، داوای كرد كاربكه‌ن له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانی به‌ریتانیا بۆ پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی حوكمڕانی له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌تگوزاری باشتر پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكرێت. 

هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌باره‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردنی 10ی مانگی داهاتوو، جه‌ختیشیان كرده‌وه‌ ده‌بێت به‌شێوازێكی ته‌ندروست و پاكوبێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت. وه‌فده‌ به‌ریتانییه‌كه‌ ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یان ده‌ربڕی بۆ ڕه‌وانه‌كردنی چاودێر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی به‌ندو باوه‌ یاسایی و دیموكراسییه‌كان. 

قوباد تاڵه‌بانی داوایكرد به‌ریتانیا گه‌رمتر له‌جاران په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بباته‌ پێشه‌وه‌، وه‌فده‌كه‌ش پابه‌ندی وڵاته‌كه‌یان دووپات كرده‌وه‌ به‌ درێژه‌دان به‌ هاوكارییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كان و باشتركردنیان له‌ قۆناغی داهاتوودا به‌تایبه‌ت پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ كۆتایی ئه‌م ساڵ. 

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران داوای له‌ كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا كرد له‌سه‌ردان و چالاكییه‌كانیاندا سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ر و ناوچه‌ جیاجیاكان كوردستان به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌ و چالاكییه‌كانیان ته‌نها له‌ سه‌نته‌ری شاره‌ گه‌وره‌كاندا چڕ نه‌كه‌نه‌وه‌، وه‌فده‌كه‌ش به‌ گرنگییه‌وه‌ پێشنیاره‌كه‌یان وه‌رگرت.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو