}

په‌روه‌رده‌ به‌ستنی ماسك ده‌كاته‌ ناچاری

کوردستان 04:39 PM - 2021-09-13

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان رێكاری نوێی بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌رده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، ماسك به‌ستن بۆ ستافی كارگێڕی و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و قوتابییان له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن ناچاریی ده‌بێت.
 
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13-09-2021 وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند رێكارێكی نوێی خۆپارێزی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی په‌روه‌رده‌كانی ( هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رمیان، كه‌ركووك - به‌شی خوێندنی كوردی) كردووه‌ و داوا ده‌كات وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن.
 
بڕیاره‌ سبه‌ینێ 14-9-2021، خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و رێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش به‌ ئامانجی رێگریكردنه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا. له‌ خاڵێكی رێكاره‌كاندا هاتووه‌، ماسك به‌ستن بۆ ستافی كارگێڕی و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و قوتابییان له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن ناچارییه‌ و له‌ حاڵه‌تی هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك ده‌سه‌ڵات ده‌درێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زا بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری كارگێڕی پێویست.
 
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت دوو ملیۆن و 500 هه‌زار ماسك و 50 هه‌زار پاككه‌ره‌وه‌ی دابینكردووه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی حكومی و ده‌بێت دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی خوێندن بۆ ستافی كارگێڕی قوتابخانه‌ و مامۆستایان.
 
یه‌كێكی تر له‌ رێكاره‌كان سه‌باره‌ت به‌ دابینكردنی ڤاكسینه‌، تێیدا هاتووه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ دابینكردنی ڤاكسین و تایبه‌تكردنی سه‌نته‌ره‌كانی پێدانی ڤاكسین ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێكردووه‌ و پێویسته‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی كاراتر هه‌ماهه‌نگی بكرێت و له‌پێناو پاراستنی ستافی كارگێڕی و ده‌سته‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ ڤاكسین وه‌ربگرن.

 PUKmedia وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket