riklam

زاڵاوا لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز دوو خە‌ڵاتی بەدەستهێنا

ئەدەب و هونەر 11:10 AM - 2021-09-12

فیلمی سینەمایی زاڵاوا له دەرهێنانی سینەماكاری كورد ئەرسەلان ئەمیری خەڵاتی گەورەی هەفتەی رەخنەگران و خەڵاتی رەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم واتە فیپێڕشی لە سی و شەشەمین خولی هەفتەی روخنەگرانی ڤێنیز بەدەستهێنا.

رێوڕەسمی كۆتایی بەشی پێشبڕكێی سی و شەشەمین خولی هەفتەی رەخنەگران Critics' Week  له حەفتا و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیز Venice به ئامادەبوونی هەندێك لە ستافی سەرەكی فیلمی سینەمایی زاڵاوا لەوانه: ئەرسەلان ئەمیری دەرهێنەر، سەمیرا بەرادەری و روحوڵڵا بەرادەری بەرهەمهێنانی ئەم فیلمه، ئایدا پەناهەندە یەكێك له سیناریۆنووسان، نەوید پوورفەرەج، پووریا رەحیمی سام و خاتوو هودا زەینولعابدین ئەكتەرانی ئەم بەرهەمه كوردییه.

سەعات 6ی  ئێوارەی شەوی هەینی 10ی سێپتەمبەری 2021 به كاتی ئەورووپا لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا بەڕێوەچوو و ئەم فیلمه كوردییە توانی به سەركەوتووییەوه خەڵاتی گەورەی هەفتەی رەخنەگران و ‌هەروەها خەڵاتی رەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم (فیپێڕشی) FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی رەخنەگرانی فیلم بەدەستبێنێت.

له وتاری ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی سی و شەشەمین خولی هەفتەی رەخنەگرانی ئەم فێستیڤاڵه گرینگە پله یەكەی سینەمای جیهاندا هاتووە،  ئەندامانی لێژنەی دادوەران، كەوتنەژێر كاریگەریی مامۆستایانەی دەرهێنەر له خوڵقاندنی یەكەمین بەرهەمی سینەمایی خۆی دەرهێنەر، شارەزایانه به كەڵكوەرگرتن له هەسته جیاوازەكان لەم فیلمەدا پەیامێكی بەهێز له بەرانبەر نەزانین و كۆنەپەرەستی نیشانی بینەر دەدات كه لەم ڕۆژه تایبەتانەدا گرینگییەكی بێوێنە و كاریگەری هەیه.

هەروەها له ڕێوڕەسمی كۆتاییدا، خەڵاتی رەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم واته فیپێڕشی FIPRESCI كە له لایەن یەكێتی رەخنەگرانی سینەمای ئیتالیا SNCCI  بەڕێوەدەچێت له نێوان تەواویی بەرهەكانی هەر 4 بەشی 78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیز به فیلمی زاڵاوا له بەشی هەفتەی رەخنەگران و هەروەها به ‌فیلمی سینەمایی Levenement لە دەرهێنانی ئادرێی دیوان Audrey Diwan لە وڵاتی فەڕەنسا له بەشی پێشبڕكێی سەرەكی ئەم رووداوە  سینەماییه بەخشرا.

فیلمی سینەمایی زاڵاوا Zalava لە یەكەمین نمایشی جیهانی لە سێ سانسی جیاوازدا چووە سەر پەردەی سینەماكان و له لایەن بینەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرینگە و هەروەها ‌‌رەخنەگرانی سینەماییەوە  پێشوازییەكی بێوێنەی لێكرا.

فیلمی كوردی زاڵاوا بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گەورەی هەفتەی رەخنەگرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیز لەگەڵ 6 فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له ڕكابەرییدابوو.

یەكەمین ئەزموونی سینەمایی ئەرسەلان ئەمیری بە پشتیوانی فڕۆم فیلمی هۆنگ كۆنگ HAF، مالی فیلمی كۆریای باشوور KOFIC، بەشداریی ڕێكخراوەی سینەمایی فاڕابی ئێران و هەروەها دانانی سەرمایەی كۆمپانیای سینەمایی تووبا فیلم Touba Film بەرهەمهاتووە و لە لایەن كۆمپانیای نێودەوڵەتی بەلجیكیی لێوێلك LevelK لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیز بە ناونیشانی كۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان، بە سەرۆكایەتی ئالبێرتۆ باربێرا Alberto Barbera بە نمایشی كۆمەڵێك فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی لە ڕۆژانی   1تا 11ی سێپتەمبەری 2021 لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

 PUKmedia مەنسوور جیهانی ـ راگەیاندنی فیلمی سینەمایی زاڵاوا



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket