}

وه‌زیرانی فیدڕاڵ بۆ پرسی هه‌ڵبژاردن كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجامده‌دات

عیراق 07:07 PM - 2021-09-11

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلولی 2021 كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی به‌سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجامدا، كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت كرابوو به‌دابینكردنی پشتیوانی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌دواداچوون له‌باره‌ی دوا رێوشوێنو ئاماده‌كارییه‌كانی تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنه‌كان.

له‌میانی دانیشته‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران میوانداریكرد له‌پارێزگاره‌كان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان و فه‌رمانده‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، جگه‌له‌ سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا، كازمی جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌وا بڕیاره‌ رۆژی 10ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو بێته‌ ئه‌نجامدان ته‌نها چاره‌سه‌ره‌و چاره‌سه‌رێكی بێوێنه‌یه‌ بۆ كێشه‌كانی عیراق، دووپاتیشی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌واوكاری سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، پێویسته‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ ئه‌منیی و مه‌ده‌نییه‌كان و له‌گه‌ڵیشیاندا سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی هێزه‌ چه‌كداره‌كان رۆڵی دیاری خۆیان بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ بگێڕن و پارێزگاری لێبكه‌ن.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ راشیگه‌یاند: پێداگیریشیمان له‌سه‌ر به‌رپرسانی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردن كردۆته‌وه‌و پێمان راگه‌یاندوون كه‌ نابێت سه‌رچاوه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌كاربهێنرێت و ئه‌و كاره‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌و رێنمایشمان داوه‌ به‌كۆمسیۆن ئاگاداری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێته‌وه‌ له‌باره‌ی هه‌رچی پێشێلكارییه‌ك كه‌ له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌نجام ده‌درێت، تاوه‌كو به‌پێی یاسا و بێ دواكه‌وتن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

كازمی روونیشی كرده‌وه‌ به‌شداریكردنی كاریگه‌رو فراوانی گه‌لی عیراق له‌هه‌ڵبژاردن، گره‌نتی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك بێت گوزارشتی راسته‌قینه‌ له‌خواستی گه‌لی عیراق بكات، بۆیه‌ وا ده‌خوازێت سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی گه‌ل پچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به‌و كاندیده‌ بده‌ن كه‌ جێی متمانه‌ن و به‌ كه‌سانێكی پاك و پیشه‌یی ناسراون، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی پێشخستنی كاروانی چاكسازیی.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌دانیشتنی نائاسایی خۆیدا كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌و بابه‌تی خسته‌ڕوو وه‌ بڕیاری پێویستی له‌باره‌یانه‌وه‌ داو ره‌زامه‌ندیشی نیشاندا كه‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان بۆ كاری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابین بكرێت و ژماره‌یه‌ك بڕیاریشی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ركرد.

PUKmedia  نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو