}

شاره‌زایه‌ك: پێویسته‌ كازمی بابه‌تی ئاسایشی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كاندا تاوتوێ بكات

عیراق 05:49 PM - 2021-09-11

بڕیار وایه‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌م  هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانی تارانی پایته‌ختی ئێران بكات، شاره‌زایه‌كی بواری ستراتیژیش جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی گه‌یاندنی دوو په‌یام به‌ كاربه‌ده‌ستانی ئێران له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا.

ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی حكومه‌ته‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ كازمی سبه‌ینێ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2021 سه‌ردانی تاران ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی ئێراندا كۆده‌بێته‌وه‌، پرسی وزه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات و په‌یوه‌ندی نێوان ئێران و سعودیه‌ گرنگترین ئه‌و دۆسیانه‌ ده‌بن كه‌ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا تاوتوێیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

لای خۆیه‌وه‌، ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، شاره‌زا له‌بواری ستراتیژ جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ كرده‌وه‌و دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كازمی له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئێران دوو پرسی گرنگ و سه‌ره‌كی بخاته‌ڕوو.
 له‌میانی لێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند: سه‌ردانی كازمی بۆ ئێران به‌یه‌كه‌م سه‌ردان دێت له‌دوای ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا هاتۆته‌پێش،  ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ عیراق هێشتا دۆسییه‌كی گه‌رمه‌ به‌لای ئێرانییه‌كانه‌وه‌، ئاماژه‌شیدا كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر كازمی له‌سه‌ردانه‌كه‌دا دوو پرسی بنه‌ڕه‌تی بوروژێنێت كه‌ بریتین له‌ ئاسایشی وزه‌و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان.

شه‌ریفی راشیگه‌یاند: هه‌روه‌ها له‌سه‌ر كازمی پێویسته‌ بۆ ئێرانییه‌كانی روونبكاته‌وه‌ عیراق مافی هه‌یه‌ به‌دوای جێگره‌وه‌ی تردا بگه‌ڕێت به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یتوانی بڕی پێویست له‌به‌رهه‌می وزه‌ بۆ وڵات به‌دیبهێنێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌م پرسه‌ پرسێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئاسایشی ئابووریش به‌واتای ئاسایشی وزه‌ دێت، بۆیه‌ هه‌موو بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م عیراقدا كراوه‌یه‌ له‌باره‌ی پرسی وه‌به‌رهێنان له‌غاز،  له‌گه‌ڵ كێشدا ده‌بێت، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر كازمی سنوورێك بۆ ئه‌م پرسه‌ دابنێت.

شه‌ریفی وتیشی: پرسی بنچینه‌یی دووه‌م كه‌ پێویسته‌ كازمی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئێراندا بیوروژێنێت، پرسی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئیتر كاتێتی به‌هه‌ریه‌ك له‌توركیا و ئێران بڵێین ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ له‌ئاسایشی عیراق و پێشمه‌رگه‌ش به‌شێكه‌ له‌سه‌رچاوه‌ نیشتمانییه‌كانی عیراق و ئه‌مه‌ خه‌سڵه‌تی عیراقه‌ له‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كانیدا.

شه‌ریفی دووپاتیشی كرده‌وه‌ وڵاتانی دراوسێ، جا دۆست بن یاخود هاوپه‌یمان، بۆیان نییه‌ بڕیار له‌باره‌ی ئاراسته‌ی رووداوه‌كان له‌عیراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خۆیان بده‌ن و بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی عیراق.

PUKmedia فائق ئێزیدی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو