riklam

بودجەیەکی تایبەت بۆ کردنەوەی مەرزی سازان تەرخاندەکرێت

کوردستان 03:06 PM - 2021-09-09

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پەیامنێری PUKmedia  ،بەرێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی باس لە کردنەوەی دەروازەی سنوری سازان دەکات لە پارێزگای ھەڵەبجە و ھەروەھا باس لە چۆنیەتی کردنەوەی بنکەی پاسپۆرت دەکات لە قەزای پێنجوێن، ھەروەھا داواش لە ھاوڵاَتیانی سلێمانی و دەوروبەری دەکات ئەو کەسانەی پاسپۆرتەکانیان تەواو بووە وەریبگرنەوە".

عەمید سالار عەبدوڵا بەرێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی و نوێنەری خاڵەسنورییەکانی حکومەتی عیراق رایگەیاند" ھۆکاری دواکەوتنی کردنەویی دەروازەی سنوری سازان دەگەرێتەوە بۆ رازی نەبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ساڵێک پێش ئێستا، بەڵام ئەوە زیاتر لە ساڵێکە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش رەزامەندی دەربریوە بە کردنەوەی ئەو دەروازە سنورییە لەنێوان ھەردوو لادا ، لە ئێستاشدا حکومەتی ھەرێم و پارێزگاری ھەڵەبجە کاری باشیان کردووە بۆ کردنەوەی ئەو دەروازەیە بەوەی کەوا نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێم کردووە بۆ دروستکردنی پردی سازان چونکە ئەو شوێنە دۆءڵێکی زۆر قوڵە و پێویستی بە پرد ھەیە ھەروەھا نوسراویش کراوە کە پردی توەقووت دروست بکرێت و ھەروەھا نوسراویش کراوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە تاوەکو رێگاوبانی ئەو ناوچەیەش چاک بکرێت ".

وتیشی" وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش کاری باشیان کردووە بۆ جێ بەجێ کردنی نوسراوەکان و لە ئێستادا لە قۆناغی کاروباری ئەندازیاری و ھونەریدان و پاش رەزامەندیش داوتر پرۆژەکان جێ بەجێ دەکرێن و دەست دەکرێن بە کاروبارەکان ، ھەروەھا پارێزگاری ھەڵەبجە نوسراوێکی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و توانرا رەزامەندی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت ٥-٩ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم واژۆی لەسەر کردووە کە رێگای سازان – ھەڵەبجە چاک بکرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاری ھەڵەبجە نوسراوی ئارستەی دەستەی خاڵەسنورییەکانی حکومەتی عێراقی کردووە لەوێشەوە سنوسراوەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق کراوە  بەھاوکاری  ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  کاری باشی بۆ ئەنجام دراوە ، بەلام کارەکانی ھێشتا تەواو نەبووە ".

عەمید سالار ئەوەشی راگەیاند" لەلایەن حکومەتی عیراقەوە ٢٥ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ پارێزگای ھەڵەبجە وە پارێزگای ھەڵەبجەش بری ٨ ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ دەروازەی سنوری سازان ، لە ئێستاشدا حکومەتی عیراق سەقاڵی ناردنی ئەو ٢٥ ملیار دینارەیەکە بینێرێت بۆ پارێزگای ھەڵەبجە ".

بەرێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەشی راگەیاند" حکومەتی ھەرێم وبەدیاری کراویش بەرێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم مەبەستیەتی ئەو دەروازە سنورییە بکرێتەوە چونکە خزمەتێکی زۆری دەبێت بۆ شاری ھەڵەبجەو ھەلی کار زۆر زیاتر دەبێت خەڵکانێکی زۆر دەکەونە سەرکار کە ئەوەش سوودی زۆری ھەیە بۆ ئەو پارێزگایە و دووبارە ئەو پارێزگایە دەبوژێتەوە ".

سالار عەبدوڵا ئەوەشی ووت" کە پارێزگای ھەڵەبجە لەگەڵ  کۆماری ئیسلامی ئێران رێکەوتوون کە ناوچەیەکی پیشەسازی دروستبکرێت کە ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەو پارێزگایەو چەندین کارگەی نوێ لەو پارێزگایە دروست دەکرێت کە خزمەتی شاری ھەڵەبجە دەکات ، لەگەڵ کردنەوەی دەروازە سنورییەکە دوبارە  ھەڵەبجە ئاوەدان دەبێتەوە".

لەبارەی کردنەوەی بنکەی پاسپۆرت لە قەزای پێنجوێن، عەمید  سالار  ڕایگەیاند" ئێمە کە ھاتینە بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ھاوڵاتیان بۆ دەرکردنی پاسپۆرت بۆ ٦ مانگ سەرەیان دەگرت وە زەختێکی زۆر لەسەر بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ھەبوو ، ھەروەھا ھاوڵاتیان بۆ سەرەگرتن بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت شەوان لەبەردەم دەرگای بیناکە دەمانەو لەسەر مقەبا دەخەوتن ، ئەمانە ھەمووی وای کرد لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی بیر لەوە بکرێتەوە ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ ھاوڵاتیان بە ئاسانترین شێوە دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییەکان بۆیە ئێمە لەسەر ئەو راسپاردەیە بنکەی نوێمان لە شارەکانی کەلار و چەمچەماڵ و ھەڵەبجەو رانیەمان کردەوە ئەوەش ئاسانکاری کرد بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان لەشارەکانی خۆیان پاسپۆرت دەربکەن ، لەسەر ھەمان ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی بریار درا کە لە قەزای پێنجوێنیش بنکەیەکی نوێ ی دەرھێنانی پاسپۆرت بکرێتەوە کە ئەوەش ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ ھاوڵاتیانی ئەو قەزایە کە لەناو قەزا کەی خۆیان پاسپۆرت دەربکەن ".

وتیشی" ئێمە کارمان کردووە بۆئەوەی بینایەکی تایبەت لەو قەزایە بکرێتەوە سەرجەم پێداویستیەکانی بۆ دابین بکرێت، دەشمانەوێت بەزووترین کاتە ئەو بنکەیە بکەینەوە ھاوڵاتیان چیتر بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت سەردانی سلێمانی نەکەن و ئەو رێیە دوورە نەبڕن ".

عەمید سالار عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد" لە ئێستادا زیاتر لە ٦ ھەزار پاسپۆرت تەواو بووە  داواشی لە ھاوڵاتیان کرد کە پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە چونکە رۆژانە زیاتر لە ھەزار ھاوڵاتی سەردانی پاسپۆرتی سلێمانی دەکەن بۆ دەرھێنان و نوێ کردنەوەی ئەوەش وا دەکات زەختێکی زۆر لەسەر بەرێوەبەرایەتیەکە دروست بێت".

 

PUKmedia جەمال سەرگەتی 
فۆتۆ: شاد ئیبراھیم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket