riklam

سەرۆک کۆمار: هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە

عیراق 05:02 PM - 2021-09-08

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ی ئەیلولی 2021 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا  سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە، چونکە دوا بەدوای داواکاری جەماوەری و کۆدەنگی نیشتمانی دێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان و ھێنانەدی چاکسازی بنەڕەتی، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد کە ھەڵبژاردنی داھاتوو دەستکەوتێکی گەورەیە و لێکەوتەکانی کاریگەری دەبێت لە سەر گشت ناوچەکە.

ھاوکات روونیکردەوە کە بەم نزیکانە بەڵگەنامەیەک دەخرێتە روو بۆ هێزە سیاسییەکان تاوەکو ببێتە چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور و یاسا، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بە رۆڵی گرنگی دەسەڵاتی دادوەری بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا و ئەو پێشێلکارییانەی ئەنجام دەدرێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لەپێویستی گەڕاندنەوەی متمانەی گەلی عێراق بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دوای ئەوەی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی کە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا روویدا بووە جێگای گومان، جەختیشیکردەوە لەگرنگی مسۆگەرکردنی بەشدای بەرفراوانی خەڵک لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان وەک رێگاچارەکی ئاشتیانە بۆ گۆڕانکاری ریشەیی و چاکسازی بنەڕەتی لەپێناو ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە بۆ گەلی عێراق.

 سەرۆک کۆمار هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەرزنرخاند بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنەکان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بەهەندێک پرسی پەیوەست بەدەنگدان، هەروەها ستایشتی هەوڵەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن لەم بارەیەوە،  سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستە ئاستەنگ و مەترسییەکان تێپەرێنین.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار باسی لە ئەزموونی هەڵبژاردنی پێشوو کرد و رایگەیاند، ھەڵبژاردنەکانی پێشوو جێگای گوومان بوون، بۆیە گرنگە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە سەر بنەمای دادپەروەری و پاک و بێگەری بەڕێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ، ھاوکات ببێتە مایەی ھێنانەکایەوەی خواستی ئازادانەی گەلی عێراق وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە هێز و لایەنە سیاسی و جەماوەرییەکان بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەئەستۆدایە کە خەڵک هان بدەن تاوەکو بەشداری بەرفراوان بکەن لە ھەڵبژاردن، ھەروەھا دڵنیایی ئەوەش بدەن کە ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز و گرنگە و دەبێتە رێگاچارەک بۆ دەرباز بوون لە کێشە کەڵەکەبووەکان.

لە کۆتایدا دواین ئامادەکارییەکان و خشتەی کات لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە خرایە روو، ھاوکات دووپاتکرایەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا و گرنگی بەھێزکردنی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانیکردن لە سەرخستن و چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، بەجۆرێک زامنی سەرخستنی ھەڵبژاردن بکرێت دوور لە ھەر ساختەکاری و فرتۆفێڵێک، ھەروەھا رێز لە بڕیاری ئازادانەی خەڵک بگێرێت.

PUKmedia راگەیاندنی سەرۆک کۆمار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket