riklam

سێیەمین فێستیڤاڵی سترانی هاوار لە كەمپی بەرخۆدان بەڕێوەدەچێت

ئەدەب و هونەر 08:49 AM - 2021-09-07

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی "هاوار" بە بەشداری گۆرانیبێژان و گرووپەكانی مۆسیقا لە كەمپی "بەرخۆدان" لە عەفرین بەڕێوەدەچێت.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی "هاوار" HAWAR بە بەشداری گۆرانیبێژان و گرووپەكانی مۆسیقا و بە دروشمی "بەهاری نوێی" Buharek Nû، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و هونەری ناوچەی عەفرین و بە هاوكاری بزووتنەوەی فەرهەنگ و هونەری "میزۆپۆتامیا" Mesopotamia لە سێ قۆناغدا لەوانە: قۆناغی یەكەم لە ڕۆژانی 7 تا 9ی سێپتەمبەری 2021، قۆناغی دووهەم لە ڕۆژانی 14 تا 15ی سێپتەمبەری 2021 و هەروەها قۆناغی سێهەم لە ڕۆژی 20ی سێپتەمبەری 2021 بە شێوەی ئۆنلاین لە كەمپی "بەرخۆدان" لە ناوچەی عەفرین لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی "هاوار" كە لە كاتژمێر 7ی ئێواری ئەمڕۆ دوو شەمە 6ی سێپتەمبەری 2021 لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا دەكرێتەوە؛ "بەرخۆدان بە كەڵك وەرگرتن لە فەرهەنگ و هونەر" ناویی لێنراوە و لەم ڕێگایەوە لە هەموو ڕەوت و لایەنەكانی كۆمەڵگای مەدەنی جیهان داواكراوە كە یارمەتی ئاوارەكانی عەفرین بدەن تاكوو بگەڕێنەوە بۆ شار و زیدی خۆیان.

مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە دووساڵانە گۆرانییە، پەروەردەكردن و بارهێنانی بەهرەمەندانی لاو و تازەپێگەیشتووە بە شێوازیی زانستی مۆسیقای ڕۆژ، تاكوو مەقام و گۆرانییە جوانەكانی مۆسیقای كوردی بە شێوازی جۆراوجۆر، پێشكەشی كۆمەڵگای كوردستانی بكەن.

بە دەستپێكردنی ئیدارەی سەربەخۆ و پێكهێنانی ناوەندەكانی ئیدارەی فەرهەنگ و هونەر لە كانتۆنی عەفرین و بەدواداچوونی شێوازە جۆراوجۆرە ڕۆشنبیرییەكان بۆ ئاشنایی هەرچی زیاتریی خەڵكی لەگەڵ كەلتووری خۆماڵی و نەتەوەیی خۆیان، ئەم ڕووداوە مۆسیقاییە دەستی بە چالاكی كردووە.

ئیدارەی فەرهەنگی كانتۆنی عەفرین Afrin، لە ساڵی 2015 فێستیڤاڵ سترانی میراتی "هاوار"ی Festîvala Stranê لە ناوچەی ئیستڕاتیجی عەفرین دامەزراند و زۆر گەنجی دەنگخۆشی ناساند كە لە بەرهەمەكانیدا گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی كوردییان پێشكەش كرد، تاكوو ڕەوتی توێژینەوە بە بەڵگەكردنی ئەم گۆرانییە هەرمانانە لە گوندەكانی زنجیرە چیاكانی "كۆرمینگ" Kurming بە دروشمی "ڕۆشنبیری لە هەر ماڵێك بوونی هەیە" دەستپێبكات.

فێستیڤاڵی سترانی "هاوار" لە ساڵی 2015 و 2016 بەڕێوەچوو و پاشان بە هۆی هێڕش و دەستدرێژی هێزە سەربازییەكانی توركیا و داگیركردنی نایاسایی عەفرین و ئابڵۆقەی ئەم شارە كوردییە، چالاكییە هونەرییەكانی وەستا و ئەمساڵ دیسانەوە بە هەوڵی شێلگیرانەی هەندێك لە هۆگرانی جیدی فەرهەنگ و هونەری ئەم ناوچەیه، چالاكییە مۆسیقاییەكانی خۆی دەستپێدەكاتەوە.

ناونیشانی فێستیڤاڵی سترانی "هاوار" لە كێوی ناودار و بەرزی "هاوار" یەكێك لە شاخە بەرزاییەكانی "جبل الاكراد" Jabal al-Akrad وەرگیراوە كە هێمای خۆڕاگری كوردەكان دێتەئەژمار و لە نووكی ئەم كێوەدا ئاسەواریی قەڵای "جەبەل هاوار" بەدیدەكرێت كە مێژووەكەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە كە بەشێكی گرینگە لە مێژووی ناوچەی عەفرین.

كێوی "هاوار" لە مێژووی ناوچەكە و لە بیروەری خەڵكیدا، پێگەیەكی تایبەت و مومتازی هەیە؛ تا ڕادەیەك كە زۆربەی هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە، بە هۆی جیاوازییەكەی، لە گۆرانییە ڕەسەن و حیماسییەكانی خۆیاندا ناوی ئەم شاخەیان بردووە و لەگەڵ بیرەوەرییەكانیدا ژیانیان بەسەر بردووە و بوونی ئەم شاخە، بۆیان بۆتە سەربەرزیی و سیمبولی خوڕاگریی و لەناخیاندا پێگە و پایەیەكی بەرزیی هەیە.

PUKmedia مەنسوور جیهانی ـ بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی هاوار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket