riklam

سەرۆك كۆمار:یەكێتی ئەوروپا لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو گەندەڵی هاوكاری عیراق بێت

عیراق 10:14 PM - 2021-09-06

سەرۆك كۆمار رایگەیاند: عیراق پەرۆشی بەھێزكردنی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بەتایبەتی رووەو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو گەندەڵی و كەمكردنەوەی  بارگرژییەكانی ناوچەكە.

د.بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئێوارەی ئەمڕۆ 6ی ئەیلولی 2021 پێشوازیكرد لە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا.

لەو دیدارەدا باس لەپەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و یەكێتی ئەوروپا كراو جەختكرایەوە لەگرنگی پتەوكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەبوارە جیاجیاكاندا، ھەروەھا بەگرنگییەوە ئاماژە كرا بەپێشكەشكردنی پشتیوانی یەكێتیی ئەوروپا بە عیراق، بەتایبەتی لە بوارەكانی سیاسەت و ئاسایش و ھاوكارییە مرۆییەكان و ئابووری و پرۆژە خزمەتگوزاییەكان و دووبارە بونیادنانەوەی عیراق.

ھەر لەدیدارەكەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند: عیراق پەرۆشی پتەوكردنی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بۆ سوود وەرگرت لەئەزموونی ئەوروپا لەبوارە جۆراوجۆرەكاندا، ھاوكات ئاماژەیكرد بەگرنگی بەھێزكردنی ھاریكاری لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی ناوچەكە و كۆتای ھێنان بە قەیرانەكان و ھێنانەكایەوەی ئاشتی و پتەوكردنی ھەماھەنگی ئابووری و بازرگانی، ھەروەھا راشیگەیاند بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجانە پێویستە زامنی ئاسایش و ئارامی عێراق بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی بەھێزكردنی هەماهەنگی نێوان عیراق و یەكێتیی ئەوروپا بەئاڕاستەی ریشەكێشكردنی تیرۆر لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، ھەروەھا دووپاتیكردەوە لەپێویستی پشتیوانیكردن لەگەشەپێدانی ئابووری و یارمەتیدانی عیراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە بە تاڵانبراوەكان بۆ دەرەوەی وڵات و پێشكەشكردنی ھاوكاری بۆ بەرنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی كەشوھەواو پاراستنی ژینگە، چونكە ھەموو ئەمانە ئاستەنگی گەورەن كە رووبەڕووبووی عیراق و ناوچەكە و جیھان بووەتەوە.

لای خۆیەوە جۆزێف بۆرێل، جەختی لە پابەندبوونی یەكێتی ئەوروپا كردەوە بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی عیراق لەبوارە جیاجیاكانداو پشتیوانی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عیراق، ھەروەھا پێشكەوتنەكانی عیراقی بەرزنرخاند، بەتایبەتی لەرووی پەرەپێدانی پەیوەندییە ھاوسەنگەكانی لەپێناو كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی ناوچەكە.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket