riklam

ئایا عیراق پێویستی به‌ده‌ركردنی یاسای لێبووردنی گشتی هه‌یه‌؟

عیراق 07:45 PM - 2021-09-04

سه‌باره‌ت به‌ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ لێبووردنی گشتی، شاره‌زایه‌كی یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ عیراق یاسایه‌ك بۆ  لێبووردنی گشتی ده‌ربكات، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ زۆر بێویست ده‌كات ره‌شنووسی یاساكه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت.

 

د.عه‌لی ئه‌لته‌میمی، شاره‌زای یاسایی له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ  PUKmedia  رایگه‌یاند: گه‌لانی عیراق به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌و تایه‌فه‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌، چاوی له‌وه‌یه‌ حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یاسای لێبووردنی گشتی ده‌ربكات و زۆرێك له‌ هاووڵاتییان لێی سوودمه‌ند ببن و ببێته‌ هانده‌ر بۆ به‌هێزكردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیادبوونی متمانه‌ی هاووڵاتیان به‌حكومه‌ت، هه‌روه‌ها بتوانێت توێژێكی فراوان له‌وانه‌ رزگار بكات كه‌به‌هۆكاری جیاواز زیندانی كراون، كه‌ هه‌ندێكیان به‌هۆی دۆخی تایبه‌ته‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆیان بووه‌، روونیشی كرده‌وه‌، له‌چوارچێوه‌ی تێڕوانینی یاسایی و دیفاكتۆوه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌و دوور له‌سۆزو به‌زه‌یی، وایده‌بینین په‌له‌كردن له‌ناردنی ره‌شنووسی یاسای لێبووردنی گشتی بۆ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی كازمییه‌وه‌، بۆته‌ پێویستییه‌كی گرنگ و ژماره‌یه‌ك هۆكاری گرنگی خۆی هه‌یه‌.

 

ته‌میمی باس له‌هه‌ندێك له‌و هۆكارانه‌ ده‌كات و به‌گرنگییان ده‌زانێت، له‌وانه‌، پڕبوونی زیندانه‌كانه‌ له‌كه‌سانی حوكمدراو ئه‌وه‌ش له‌سایه‌ی بڵابوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناو جۆره‌ گۆڕاوه‌كانی، رێككه‌وتننامه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ماده‌ی (2)دا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكاندا به‌شێك له‌زیندانییان ئازاد بكرێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر زیندانییه‌كان و گرتووخانه‌كان دروست ده‌كه‌ن، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی هه‌ر خۆشی عیراقی له‌ڕیزبه‌ندی 20هه‌مین وڵاتدا پۆلێن كردووه‌ له‌ڕووی توشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌په‌تاكه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد ده‌ركردنی یاساكه‌ به‌پێویست بزانرێت.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهاندا، حكومه‌ته‌ ریفۆڕمخوازه‌ نوێیه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن یاسای لێبووردنی گشتی ده‌ربكه‌ن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ به‌ده‌ست ئازارو نه‌هامه‌تییه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی حكومه‌ته‌كانی پێشووه‌ ناڵاندووییه‌تی، ئێستاش گه‌ل چاوه‌ڕوانی كاری باش له‌كازمی ده‌كات.

 

د.عه‌لی ته‌میمی داوا له‌مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدڕاڵ ده‌كات به‌چاوی سۆزو به‌زه‌ییه‌وه‌ بڕوانێته‌ نه‌ك ته‌نها زیندانییه‌كان، به‌ڵكو خێزانه‌كانیشیان كه‌ تووشی ده‌ربه‌ده‌ری و لێكهه‌ڵوه‌شان بوونه‌ته‌وه‌.

 

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket