riklam

كازمی: سامانی نه‌وتی تا سه‌ر نییه‌

عیراق 07:43 PM - 2021-08-31

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقی فیدڕاڵ، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 31ی ئابی 2021، دانیشتنی ئاسایی خۆی به‌سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گرێدا.

له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كازمی جه‌ختی له‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ستنی كۆنگره‌ی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی كرده‌وه‌و ئاماژه‌شیدا كه‌ به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ له‌ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌.

به‌گوێره‌ی بڵاوكراوه‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست PUKmedia گه‌یشتووه‌، كازمی راشیگه‌یاند: ئامانجمان ته‌نها گرنگیدانه‌ به‌به‌رژوه‌ندییه‌كانی عیراق، ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌ نییه‌ به‌رژه‌ندییه‌كانمان له‌سه‌ر حسابی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌یی بێت، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان بێت.

راشیگه‌یاند: پێویسته‌ عیراق به‌شێوه‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ شایسته‌ی ناو و مێژووه‌ گه‌وره‌كه‌ی بێت، سووریشین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت عیراق دوور له‌هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێك، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئاسایش و سه‌روه‌ری و ئابوورییه‌كه‌یدا هه‌بێت، له‌هه‌ر بارودۆخێكیشدا بێت، نابێت عیراق له‌لایه‌ن وڵاتی تره‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی بكرێت، هه‌روه‌ها ناشبێت عیراق له‌ده‌وروبه‌ره‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی داببڕێنرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌و پرسانه‌یه‌ كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هاوكارییانه‌ به‌هێز بكه‌ین كه‌ له‌سه‌ر پره‌نسیپی رێزگرتنی سه‌روه‌ری دوو لایه‌نه‌ بنیاتنراون.

كازمی وتیشی: نامۆ نییه‌ ئه‌گه‌ر كێبڕكێ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كاندا هه‌بێت، به‌ڵام شه‌رم و نامۆیه‌ كه‌ ئه‌م كێبڕكێییه‌ ببێته‌ مایه‌ی لێدان له‌عیراق و گه‌له‌كه‌ی.

ئاشكراشیكرد، به‌هێزه‌وه‌ هه‌نگاوی راستمان رووه‌و به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ناوه‌،  سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌مان له‌م دۆسیه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌، سه‌ره‌ڕای ده‌ستێوه‌ردانه‌ سیاسییه‌كان، له‌كارنامه‌مان له‌ حكومه‌تدا دۆسیه‌ی خزمه‌تگوزاری پشكی گرنگی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی به‌ڵێنمان دابوو جێبه‌جێی بكه‌ین، جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.

كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌ممان له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ماوه‌و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كراوه‌، خوازیاری ئه‌وه‌ین هاووڵاتیان به‌شداری فراوان و كاریگه‌رییان هه‌بێت، هانی هاووڵاتیان ئه‌ده‌ین به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن.

راشیگه‌یاند: به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر چالاككردنه‌وه‌ی سندوقی نه‌وه‌كانی داهاتوو ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش له‌ڕوانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به‌رۆڵه‌و نه‌وه‌كانمان، ده‌مانه‌وێت داهاتووییه‌ك بۆ عیراق ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین كه‌ دوور بێت له‌پشت به‌ستن به‌ ئابووری كورتخایه‌ن، سامانی نه‌وتی تا سه‌ر نییه‌، چه‌ندین وڵات ده‌ستیان به‌گه‌ڕان كردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی وزه‌ی خاوێنی جێگره‌وه‌.

PUKmedia راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket