riklam

دارایی نوێنەران: پەرلەمانی ئێستا ناتوانێت بودجەی 2022 پەسەند بكات

عیراق 08:43 PM - 2021-08-30

لیژنەی دارایی نوێنەرایەتی جەختیكردەوە كە كاتی پێویستیان لە بەردەست نییە تاوەكو بتوانن پرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ساڵی داهاتوو 2022 پەسەند بكەن و بڕیاری لەسەر بدەن.
ئەمڕۆ 30ی ئابی 2021 جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند: لەئێستادا ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت پرۆژەی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند بكات، ئەگەر بێتو هەڵبژاردنی پێشوەختە لە10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا بكرێت، ئەوا پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی داهاتوو دەكەوێتە خوولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
كۆچەر راشیگەیاند: هۆكاری نەتوانینی پەرلەمانی ئێستای بۆ پەسەندكردنی بودجە گەڕاندەوە بۆ نەبوونی كاتی پێویست، وتیشی: پرۆژە یاسای بودجە لەچاو یاساكانی دیكەدا جیاوازی هەیە، ئەوە پرسێكە پەیوەستە بە سەرجەم وەزارەتەكان و پێویستی بەدانیشتنی بەردەوام هەیە لەگەڵ هەموو وەزارەتەكان و بریكاری وەزارەتەكان، تاوەكو پێداویستی راستەقینەی ئەم وەزارەتانە بزانرێت، چونكە ئەو پرۆژەیەی پێشكەشكراوە، پرۆژە بودجەیەكی پێشنیازكراوە نەك بودجەی فیعلی بێت، گفتوگۆكانیش لەگەڵ وەزارەتەكان پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیەو نابێت لەمانگێك كەمتر بێت، سەرباری ئەوەش، پێویستە خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پرۆژە یاساكە بكرێت و پاشان بخرێتە دەنگدانەوە، سەرجەم ئەم رێكارانەش بەلایەنی كەمەوە مانگ و نیوێكی پێویستە.
جەمال كۆچەر ئاماژەشی بەوەدا زیاتر لە 200 پەرلەمانتار خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كاندید كردووەو لەئێستادا هەموویان سەرقاڵن و لەتواناشدا نییە هیچ دانیشتنێك بەبێ‌ تەواوكردنی رێژەی یاسایی ئەنجام بدرێت و پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی داهاتوو بخاتە كارنامەی دانیشتنەكەوە.
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی فیدڕاڵ پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، پرۆژەی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2022 یان تەواوكردوەو وا چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی 3 هەفتەدا بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ.
PUKmedia تایبەت
 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket