riklam

31 سەتەلایت و 126 كەناڵی ناوخۆیی لە هەرێم هەن

کوردستان 12:47 PM - 2021-08-28

بەهۆی ئەو كرانەوەیەی كە لەبواری راگەیاندنی جۆراوجۆرو ئەو ئازادیەی كە لەهەرێمی كوردستان هەیەو لەلایەكی تر پێشكەوتنی ئامێرەكانی تەكنۆلۆژیا لەبواری پەخش و میدیاوە ، ئێستا هەرێم خاوەنی دەیان كەناڵی راگەیاندنی بینراو و بیستراو نوسراو ئەلیكترۆنیە ، بەڵام تاڕادەیەك ئەو زۆری و بۆریەی ئەو كەناڵانە پەرش و بڵاوی و كێشەی لەو بوارە بۆ هاووڵاتیان و حكومەتیش دروستكردووە ، بۆیە ماوەیەكی زۆرە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم لەهەوڵی ئەوەدایە كاری ئەو كەناڵانە رێكبخات و رێنماییان بۆ دەردەكات.

لەوبارەیەوە شێروان عەوڵا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لەوەزارتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕۆژنامەی كوردستانی نوێی راگەیاند : لەئێستادا 31 سەتەلایتی كوردی لەهەرێمی كوردستان هەیە كە 17 یان لەهەولێرو 10 یان لەسلێمانی و 4 یان لەدهۆكە ، هەروەك 126 كەناڵی ناوخۆیی لەهەرێم هەیە كە 83 یان لەهەولێرو 34 یان لەسلێمانی و 9 یان لەدهۆكە ، سەبارەت بەڕادیۆش وتی : لەئێستادا هەرێم خاوەنی 162 رادیۆی كوردی جۆراوجۆرە كە 87 یان لەهەولێرو 55 یان لەسلێمانی و 20 یان لەدهۆكە كە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریەوە مۆڵەتیان پێدراوە بۆ كاركردنی پەخشەكانیان.

سەبارەت بەژمارەی سایت و مۆڵەتپێدانیان شێروان عەوڵا وتی : ئێمە لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسان دانیشتوین رێككەوتوین لەسەر ئەوەی كە پەیج و سایتی هەواڵی كە دەچێتە قاڵبی رۆژنامەو رۆژنامەگەری سەندیكای رۆژنامەنووسان لێی بەرپرسیاردەبن لەلای ئەوان تۆماردەكرێن و باقی ئەو بابەتانەی كە لەمیدیای ئەلكترۆنی هەیە ئەوە وەزارەتی رۆشنبیری لێی بەرپرسیار دەبێت و بەنیازین لەداهاتوودا رێنمایی بۆ دەربكەین.

دەربارەی شێوازی پێدانی مۆڵەتی پەخش و لەرەلەر ، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لەوەزارتی رۆشنبیری ئاشكرای كرد لەمانگی یەكی ئەمساڵەوە بڕیارمان لەسەر ئەوە داوە مۆڵەتی پەخشی كەناڵەكانی راگەیاندن و كۆمپانیاكانی پەخش رابگرین و پێداچوونەوەیەك بەسیستمی پەخش بەگشتی بكەین بۆ ئەو فریكوێنسیانەی كە لەئاسمانی هەرێمی كوردستان هەیەو جارێكی تر بەشێوازێكی تر دابەشی بكەینەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان هاتۆتە پێش.

شێروان عەوڵا وتیشی: مەرجەكان لەتوێژینەوەدایە كە مەرجەكانیش ئەوەیە كە ئێمە لەوڵاتانی جیهان بەتایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵات و دەوروبەر سیستمی پەخش حكومەت خۆی بەڕێوەی دەبات ، بەڵام لەهەرێمی كوردستان دراوە بەكەرتی تایبەت ئێمە لێرە دوو كۆمپانیای مۆڵەتپێدراومان هەیە كە لەسەر سیستمی DVT و T2 كاردەكەن ئەوانە فریكوێنسیمان پێداون بۆ ئەوەی كەناڵەكانی راگەیاندن دووبارە پەخش بكەنەوە بیگونجێنین لەگەڵ ئەو ژمارە كەناڵەی كە مۆڵەتمان پێداون لەگەڵ ئەو ژمارە فریكوێنسیەی كە لەلایانەو چەندیان پێویستەو چەندیشیان زیاد دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین هاوسەنگیەك بۆ داهاتوو لەنێوان قازانجی كۆمپانیاو داهاتی حكومەت و هەرزانی بۆ بازارو گیرفانی خەڵك لەبەرچاو بگرین.

ئەوەشی ئاشكراكرد رسوماتی ئەو دوو كۆمپانیایەی لەلای ئێمەیە ساڵانە لێیان وەردەگرین بۆ هەر فریكوێنسیەك بڕی 500 هەزار دیناریان لێوەردەگرین كە ئەوانیش كۆمپانیای ISTAR و كۆمپانیای MIXMEDIA یە ئێستاش ئەو دوو كۆمپانیایە پێویستیان بەفریكوێنسیە كاتێكیش لەبەردەستیان نەبوو ئەوكات كۆمپانیای تر ناتوانێت بێتە مەیدانی كێبركێ و كاركردن.
سەبارەت بەسزانەدانی ئەو كۆمپانیانەی كە ئامێری كوالێتی خراپ بۆ پەخشی كەناڵی ناوخۆیی ماڵان دەهێننە كوردستان ، شێروان عەوڵا وتی : ئەو كۆمپانیانەی كە دەستیان بەكاركردووە لەهەرێم و مۆڵەتیان وەرگرتووە لەوەزارەتی رۆشنبیری تەنیا مۆڵەتی پەخشیان وەرگرتووە هیچ گرێبەستێكیان لەگەڵ حكومەت نیە لەسەر كوالێتی و نرخ و هیچ پابەندیەك نیە لەنێوان حكومەت و كۆمپانیاكان تەنیا ئەوان وەكو كۆمپانیایەكی راگەیاندن مۆڵەتی چەپكیان وەرگرتووە بۆ پەخشكردنی چەند كەناڵێك ، ئێمە بەنیازین لەو ماوەیەی كە خەریكی رێكخستنەوەیانین ئەو بابەتە بخەینە چوارچێوەیەك كە بەدیاریكراوی لەنێوان حكومەت و كۆمپانیاكان جێبەجێ بكرێت كە بابەتەكانی نرخ و كوالێتی ئامێری پەخشی ماڵانیشیان تێدایە كە ئێستا هیچ رێنمایی و گرێبەستێكمان لەگەڵیان نیە كە مافی ئەوەمان هەبێت بڵێین بۆچی كوالێتی ئامێرەكەتان خراپە یا نرخیان زۆرە یا بۆچی پارە لەكەناڵەكان وەردەگرن.

سەبارەت بەڕسوماتی كەناڵەكانی راگەیاندنیش وتی: كاتێك كەناڵێكی سەتەلایت دادەمەزرێت دەبێت بڕی 40 ملیۆن دینار بدات و ساڵانەی رسوماتەكەشی یەك لەسەر چواری ئەو پارەیە كە ساڵانە 10 ملیۆن دینارە ، كەناڵی سەرتاسەرییش رسوماتی نزیكەی 5 ملیۆن دینارەو كەناڵی ناوخۆیش ساڵانە رسوماتیان 2 ملیۆن و 500 هەزار دینارە ، بەڵام رۆژنامەو گۆڤارەكان هیچ پابەندیەكیان لەبەرامبەر ئێمە نیە بۆ وەرگرتنی پارەی رسومات لێیان و بەرپرسیارێتی دەركردنی رۆژنامەو چاودێریكردنیان پەیوەستە بەسەندیكای رۆژنامەنووسان ، لەئێستاشدا بەهۆی قەیرانی دارایی كەناڵەكانی راگەیاندن نەهاتوون پارەكانیان بدەن كە بیانوویان قەیرانەو داهاتیان نەبووەو زەرەرمەندبوونە ، بۆیە حكومەتیش تۆزێك نەرمی نواندووە ، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە لەسەر داوای چاودێری دارایی گشتی هەموو كەناڵەكان ئاگاداركراونەتەوە كە پێویستە رسومات و قەرزەكانی خۆیان بدەنەوە ئەگەر تاماوەیەكی دیاریكراوی نەیدەنەوە ، ئەوا رەنگە رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.

باسی لەوەشكرد چەند جارێك هەندێك كەناڵ سەرپێچیان كرد ، بۆیە بەپێی رێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2014 ئێمە لەمادەی پێنجەمی تایبەت بەسزادان كە چوار لایەن دیاریكراوە كە سزاكە دیاری بكەن لەوانە دادگاو داواكاری گشتی و سەندیكای رۆژنامەنووسان و ژووری مۆنیتەرینگە لەوەزارەتی رۆشنبیری كە خەڵكی تایبەتمەندی لەو بوارە تێدایە لەكاتی سەرپێچی و سكاڵاكان بەپێی رێنماییەكان ژمارەیەك سزا دیاری دەكرێت و كەناڵەكان سزادەدرێن كە سزاكان بریتین لەڕاگرتنی پەخش بۆ ماوەی 24 كاتژمێر هەروەها راگرتنی پەخشی یەك هەفتەمان هەیەو دەسەڵاتی ئەوەشمان هەیە ئەگەر دوای هەفتەیەك پابەند نەبوو ، ئەوا دوبارەو سێ بارەی بكەینەوە دواجار ئەگەر هەر پابەند نەبوو ، ئەوا دەیدەین بەدادگاو لەوێ بڕیاری بۆ دەردەچێت ، بەڵام تائێستا بڕیاری داخستنی هیچ كەناڵێك نەدراوە.

روونیشی كردەوە جۆری سەرپێچیەكانی كەنەڵەكان بریتیبوون لەوەی هەندێكیان پابەند نەبوون بەڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی لەسەر بابەتی خۆپارێزی یا هەندێك كەناڵ بەرنامەی خێرخوازیان هەیە بۆتە خراپ سوود وەرگرتن لەو پارانەی كە كۆدەكرێنەوە بۆ خەڵكی هەژار ، هەروەك لەسەر دەرچوون لەدابونەریتی گشتیش كە چەند بەرنامەیەك لەچەند كەناڵێك هەبوون سكاڵای زۆریان لەسەربوو ئێمەش بڕیارماندا بوەستێنرێن.

سەبارەت بەچاپكردنی كتێبیش وتی : قەیرانی دارایی كارەكانمانی بۆ چاپكردنی كتێب پەكخستووە كاتێك نوسەرێك بۆ چاپكردنی كتێبەكەی بێتەلامان دەبێت دەرخستە بكەین بۆ وەزارەتی دارایی ئەویش ئایا رەزامەندی لەسەر دەدات یاخود نادات هەندێكجار هەبووە لەساڵێكدا پێنج شەش كتێب لەسەر یەك كۆدەبێتەوە دەیكەین بەدەرخستە بۆ وەزارەتی دارایی ئەوانیش وەڵام بەڕەزامەندنەبوون دەدەنەوە ، بۆیە دۆخی چاپكردنی كتێب لەلای ئێمە خراپە لەساڵی رابردوو نزیكەی 6 تا 7 كتێب چاپكراوە ، ئەمساڵیش لەوانەیە تەنیا 3 تا 4 كتێب چاپكرابێت.
سەبارەت بەوەی لەئێستادا وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم كەناڵی راگەیاندنی هەیە ، شێروان عەوڵا وتی : لەپێشوودا وەزارەتەكە ئاژانسی هەواڵ و تەلەفزیۆنی (هەرێم) دواتر تەلەفزیۆنی (نەورۆز) و پاشانیش بووە (زارۆ تیڤی) و هەروەها رادیۆی (نەورۆز) ی هەبووە ، بەڵام لەئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایی هەموویان وەستاون لەكاركردن هەرچەندە تەلەفزیۆنی (زارۆ) هەموو كەلوپەل و ستاف و ستۆدیۆكانی ماون ، بەڵام بەهۆی قەیران وەستاوە ، چونكە كاری تەلەفزیۆن بەپارە بەڕێوەدەچێت ، وتیشی: داوامان لەئەنجومەنی وەزیران كردبوو كە پێویستە حكومەت تەلەفزیۆن و رادیۆی خۆی هەبێت ، ئەوانیش داواكەی ئێمەیان داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ گفتوگۆكردن لەسەری لەگەڵ ئێمە ، بەڵام تائێستا دانیشتنمان نەبووەو ئەگەر توانا هەبێت لەوانەیە دوبارە بەكاریان بخەینەوە.

ئەوەشی نەشاردەوە كە زۆربەی ئەرشیفی تەلەفزیۆنەكانی هەرێم و نەورۆزو زارۆ و ئەو كارانەی حكومەت بۆ كاری دیكۆمێنتاری كردوویەتی بۆ ئەرشیف كردن ئێستا لەوانەیە لەكاركەوتبن ، چونكە هەمووی خراوەتە ناو گونیەو لەژوورێك دانراون و ئامێری ساردكەرەوەمان بۆ داگیرساندووە ن چەند جارێكیش دەرخستەمان بۆ وەزارەتی دارایی كردووە كە ئەمە بەرهەمێكی نیشتمانیەو ناكرێت لەناوبچێت پێویستە جێگایەك و كارمەندو كۆمپیوتەری بۆ دابنرێت ، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد كە چالاكیەكانی ئەوان بریتیە لەبەشداریكردنی پێشانگاو كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەكانی بواری راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەو وتی : قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ماوەی دوو ساڵە هەمووی وەستاندووە كە هەم كارە نێودەوڵەتیەكان و هەم كارە ناوخۆییەكان وەستاون ، چالاكیەكانمان زیاتر چڕكردۆتەوە بۆ كارە كارگێریەكانمان بۆ ئەوەی بەیاساو رێنماییەكانماندا بچینەوەو زیاتر رێكبخەینەوە هەروەك بەڕێوەبەرایەتیەكەمان لەڕووی پەیكەری كارگێری رێكبخەینەوە ، تەنیا جارێك كۆمپانیایەك هاتن لەسلێمانی كە لەڕێگای پارێزگای سلێمانی كارەكانیان تەواو كردبوو پرسیان بەئێمە كرد كە پێشانگا دەكەنەوە ئێمەش رێنماییەكانمان پێدان كە لەڕووی تەندروستی پێوەی پابەندبن ، بەڵام بەهۆی كۆڕۆنا چیتر نەكرایەوەو ئەگەر دۆخی تەندروستی و كۆڕۆناش بەو شێوەیە بێت بڕوا ناكەم رێگا بدەین بەكردنەوەی ، بەڵام ئەگەر دۆخەكە باشتر بوو لەوانەیە رێی پێبدەین.   

PUKmedia رەوەست نەوزاد- هەولێر



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket