riklam

شەڕی پارتیزانی لەدژی بزووتنەوەی تاڵیبان رادەگەیەنرێت

جیهان 11:50 PM - 2021-08-23

سەرباری ئەو سەركەوتنانەی تاڵیبان بەدەستیاهێناوەو زیادبوونی هەژموونی سەربازییان، بەڵام لەئێستادا لەپێنجەشیر كە تاكە پارێزگایە لەئەفغانستان لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەو بزووتنەوەدایەو هێزی بەرگری تێدا دروستكراوەو ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ سەرلەنوێ‌ هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا.
ئەو هێزە بەرهەڵستكارییانەشی لەدژی تاڵیبان پێكهێنراون، لەلایەن ئەمروڵڵا ساڵح، جێگری سەرۆكی پێشوو، هەروەها ئەحمەد مەسعود، كوڕی ئەحمەد شاە مەسعود، سەركردەی دیاری مەیدانی كۆچكردوەوە رابەراتیان دەكرێت، لەدوا راگەیەندیشیدا بڵاویكردەوە كە خەڵكی ناوچەكە ئامادەن لەدژی تاڵیبان شەڕ بكەن و ناشیانەوێت پارێزگاكەیان رادەستی ئەو بزووتنەوەیە بكەن.
جێی ئاماژەیە، پێنجەشیر یەكێكە لە 34 پارێزگایەكەی ئەفغانستان و زۆربەی دانیشتوانەكەی لەنەتەوەی تاجیكین، ناوچەكە گرنگی ستراتیژی خۆی هەیە، ناوچەكە ژمارەیەك رێڕەوی شاخاوی هەیەو ناوچەكانی باشوورو باكوور بەیەكەوە دەبەستێتەوەو بەهۆی پێگە جوگرافیا سەختەكەی و بوونی ژمارەیەك رووبار، بۆتە قەڵایەكی سەختی بەرگری.
بۆ گەیشتن بەناوچەكە، تەنها رێڕەوێكی باریك و تەسك هەیە لەناوچەی شاریكار لەپارێزگای باروان، هەر لەم شوێنەدا بوو كە نەیارانی بزووتنەوەكە بۆ یەكەمجار توانییان هێرشی گورچكبڕ بكەنە سەر تاڵیبان و لێبان بدەن، هەفتەی رابردووش، بەشێك لەیەكینەكانی ساڵح و مەسعود توانییان كۆنترۆڵی شاریكار بكەنەوەو ناوچەكە لەدەست چەكدارانی تاڵیبان دەربهێنن، هەروەها توانییان كۆنترۆڵی  رێگەیەكی ستراتیژیش بكەن.
جگەلەوەش، چەكدارانی دژ بە تاڵیبان توانییان لەدەروازەی تۆنێلی سالانجەوە، رێگەیەكی ستراتیژی داببڕێڕێنن كە كابولی پایتەخت بە مەزار شەریف، كە گەورەترین شارە لەباكووری ئەفغانستان، دەبەستێتەوە.
بەهۆی ئەم سەركەوتنە سەربازییانەوە بوو كە توانرا رێگری بكرێت لەگەیشتنی هاوكاری بۆ تاڵیبان و بەرەو پێشچوونی ئەو بزووتنەوەیە، واش دەردەكەوێت، پێنجەشیر ببێتە قەڵایەكی سەختی بەرگری لەدژی دەسەڵاتی نوێی ئەفغانستان و تاڵیبانیش تا ئێستا هەوڵی نەداوە هێرش بكاتە سەر  بارەگای سەرەكی بەرهەڵستكاران.
PUKmedia ئاژانسەكان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket