riklam

هەرێم زیاتر لە دوو ملیۆن دۆنم دارستانی لەدەستداوە

کوردستان 09:22 AM - 2021-08-11

هەرێمی كوردستان وەكو زۆربەی وڵاتانی جیهان بەهۆی زۆری رێژەی ئۆتۆمبێل و كارگەو موەلیدەی كارەباو سوتاندنی خاشاك، بەڕێژەیەكی بەرچاو تووشی پیسبوونی ژینگەو هەوا بووە كە لەئێستادا ئەنجامە خراپەكانی دەركەوتوون، لەم چەند رۆژەی رابردووش ئاگرێكی زۆر لەدارستانەكانی وڵاتی توركیا كە یەكێكە لەوڵاتە دراوسێیەكانی هەرێمی كوردستان كەوتۆتەوە كە كاریگەری خراپی لەسەر ژینگەی هەرێمی كوردستانیش دروستكردووە.
لەوبارەیەوە ئەحمەد محەمەد مەولود وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ دواو وتی: لەم چەند ساڵەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر ئاگركەوتنەوە لەدارستانەكانی گۆی زەویدا روویداوە كە كاریگەری لەسەر كۆی سیستمی ژینگەی جیهانی هەیە، چونكە یەك هەوامان هەیە ژینگەش تایبەتمەندیەكی هەیە كە سنوورە كارگێری و سیاسیەكان نازانێت كاتێك هەوا پیس دەبێت كاریگەری لەسەر شوێنی دیكەش دروستدەكات لەبەر ئەوە سووتانی دارستانەكانی وڵاتی توركیا كاریگەری لەسەر ژینگەی هەرێمیش هەیە بەتایبەتی كە ئەو وڵاتە لێمانەوە نزیكە ئەگەر بێتو ئاڕاستەی بایەكانیشی رووی لەهەرێمی كوردستان بكات و گازە سووتاوەكانیش ژەهراوین كە چەند جۆرێكن وەكو ئۆكسیدی یەكەم و دووەمی كاربۆن و گازی نایترۆجین كاتێك تێكەڵ بەهەوا دەبن هەواكەی هەرێمیش ژەهراوی دەكەن، بۆیە كاتێك دارستانەكان دەسووتێن یا دارەكانی دەبڕدرێن كاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە دەكات دەبێتە كەمبوونەوەی هەمەجۆری زیندەوەران كە ئێستا زاناكان هەمەجۆری زیندەوەران بەڕەگەزی چوارەمی پاراستنی ژینگە دەزانن.
بەپێی ئامارێكی دەستەی ژینگەی هەرێم لەساڵی 2020 دەستەكە مۆڵەت و رێگەپێدانی بە 1329 پڕۆژەی جۆراوجۆری لەهەرێم داوە كە 407 یان لەهەولێرو 388 یان لەدهۆك و 251 یان لەسلێمانی و 210 یان لەگەرمیان و 73 یان لەڕاپەرین بووە، لەشەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021 شدا 952 پڕۆژە بووە كە 270 یان لەهەولێرو 165 یان لەدهۆك و 321 یان لەسلێمانی و 125 یش لەگەرمیان و 71 لەڕاپەرین بووە، ئەو پڕۆژانەشی بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ پاراستنی ژینگە رێگەی پێنەدراوە بریتیە لە 19 پڕۆژە لەهەرێم كە 11 یان لەهەولێرو 4 یان لەسلێمانی و 1 پڕۆژە لەدهۆك و 3 پڕۆژە لەڕاپەرین بووە.
هەر بەپێی ئامارەكە كۆی ئەو پڕۆژانەی لەساڵی 2020 بەهۆی پابەندنەبوون بەڕێنماییەكانی پاراستنی ژینگە سزادراون بریتیە لە 33 پڕۆژە كۆی گشتی سزادانیان بەپارە بریتیە لە 76 ملیۆن و 646 هەزار دینار، لەشەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021 شدا كۆی گشتی داهاتی دەستەكە لەسزادانی خاوەن پڕۆژەكان بەهۆی پابەند نەبوون بەڕێنماییەكانی ژینگەو پشكنینی تێستی ئاو و نوێكردنەوەی مۆڵەتی ڕاو 283 ملیۆن و 728 هەزار دینار بووە.
لەئامارەكە ئەوەش هاتووە كۆی گشتی پڕۆژە جۆراوجۆرەكان لەهەرێم كە لەساڵی 2020 دا چاودێری و پشكنینیان بۆ كراوە بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێنماییە ژینگەییەكان بریتیە لە 2117، ئەو پڕۆژانەشی لەهەمان ساڵدا پشكنینی تاقیگەییان بۆ كراوە بریتیە لە 4025 نمونەو 25 هەزارو 373 پشكنین، لە 2021 شدا 1947 پڕۆژەی جۆراوجۆر چاودێری و بەدواداچوونی ژینگەیی بۆ كراوەو هەر لەهەمان ساڵدا پشكنینی تاقیگەیی بۆ 2170 نمونەو 14 هەزارو 275 پشكنین ئەنجامدراوە، هەروەك دەستەی ژینگەی هەرێم 455 چالاكی هەڵمەتی هوشیاری و راگەیاندنی لەساڵی 2020 ئەنجامداوەو لەساڵی 2021 یشدا 426 چالاكی هەمان شێوەی ئەنجامداوە، ئامارەكە ئاماژەی بەوەشداوە لەساڵی 2020 بەهۆی پابەندنەبوون بەڕێنماییەكانی ژینگە لەهەولێر 429 كەیس و سكاڵاو لەسلێمانی 125 كەیس و لەدهۆك 43 كەیس و سكاڵاو لەگەرمیان 2 كەیس و لەڕاپەڕینیش 56 كەیس تۆماركراوە، لەساڵی 2021 دا 35 كەیس و سكاڵای دادگا لەپارێزگای هەولێرو لەسلێمانی 169 كەیس و لەدهۆك سفرو لەگەرمیان سفرو لەراپەڕین 1 كەیس بووە .
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم وتیشی: تائێستا هەرێمی كوردستان ئامێری پێشكەوتوو پێویستی پێوانەكردنی هەواو ژینگەی نیە ئەوەی هەیە وەكو دەستەكەمان 7 ئامێرمان لەشاری دهۆك هەیە لەگەڵ دوو دانەی تری جۆری پۆرتەبڵی بۆ پێوانەی هەوا، بەڵام گرفتیان هەیە كە بەشێكیان كۆنن و بەشێكیشیان كارناكەن كە هۆكارەكەی بۆ نەبوونی كارەبای 24 كاتژمێری دەگەڕێتەوە لەهەولێرو سلێمانیش چەند ئامێرێكمان هەیە كە ئەوانیش گرفتیان هەیەو بەو شێوەیەی هەرێمی كوردستان كاریان پێناكرێت، چونكە ئامێری پێوانەی هەوا دەبێت بەشێوەی ستانداردی جیهانی لەكۆمەڵێك شوێنی قەرەباڵخی وەكو ناو بازارو ترافیكی ئۆتۆمبێلەكان و سەنتەری شارەكان یا شوێنی چۆڵەوانی یا دەرەوەی شار دابنرێن و دواتر هەموویان بەیەكەوە پێوانەكانی هەواكە بەراورد دەكرێن ئەنجامی هەواكەت بۆ دەردەچێت.
باسی لەوەشكرد كە دەستەكەیان لەساڵی 2018 دەرخستەیەكمان ئامادەكردووە بۆ دابینكردنی وێستگەی پێوانەكردنی هەوا، چونكە ئەوكات توێژینەوەی هەوای كوردستانمان لەڕێگای كۆمەڵێك لایەن كردو چەند زانیاریەكیشمان دانا كە تایبەت بوو بەكوالێتی هەوای هەرێم، بەڵام لەبەر ئەوەی نەمانتوانی وەكو پێویست توێژینەوەكەمان شێوازێكی زانستی لەخۆبگرێت، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە هەر شارەو چەند وێستگەیەكی هەوای هەبێت و لەچەند شوێنێك دابنرێت بۆ ئەوەی بەشێوازێكی زانستی پێوانەی هەوا بكەین، بەڵام لەبەر گرفتی دارایی كارەكەمان ئەنجام نەدا، ئێستاش لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیاو رێكخراوی giz و پەیمانگای فینلەندی لەسەر هێڵین كار لەسەر چۆنیەتی پێوانەكردنی هەوا بەشێوازێكی زانستی دەكەین كە بەهۆی مانگە دەستكردەكان كۆمەڵێك زانیاریان لەسەر هەوای هەرێم وەرگرت پێوانەی هەوای خۆشمان كە بەئامێرەكانمان ئەنجاممان دابوو بەواندا ئەوانیش ئێستا خەریكی توێژینەوەو بەراورد كارین لەنێوان ئەوانەی ئێمەو خۆیان تا بزانن تا چەند داتاكانی ئێمەو ئەوان لەیەكتر نزیكن، دوای دەرچوونی ئەنجامەكانیش كونسوڵی ئەڵمانیاو رێكخراوی giz بەڵێنیان بەئێمە داوە كە ئامێرمان بۆ دابین بكەن.
گوتیشی : كۆمەڵێك هۆكار هەن بۆ پیسكردنی هەوای هەرێمی كوردستان كە بریتین لەزۆری رێژەی ئۆتۆمبێلی تایبەت كە ژمارەی ئۆتۆمبێل تا مانگی 6 ی ئەمساڵ گەیشتۆتە زیاتر لە 1 ملیۆن و 861 هەزار ئۆتۆمبێل جگە لەئۆتومبێلی پۆلیس و سەربازی كە رۆژانە 7 تا 8 ملیۆن لیتر بەنزینمان پێویستە كە هەر یەك لیترێك بەنزین كە دەسوتێت نزیكەی یەك كیلۆو 700 گرام دوانە ئۆكسیدی كاربۆن تێكەڵ بەهەوا دەكات، هەروەك زیاتر لە 5500 موەلیدەی كارەبا لەگەڕەكەكانی هەرێم هەن هەروەها رۆژانە نزیكەی 6500 تاكو 700 تۆن خۆڵ و خاشاك تێكەڵ بەخاكی هەرێم دەكرێت و كارگەیەكی پێشكەوتووی ریسایكلینیشمان نیەو ژمارەیەكی زۆر لەپاڵاوگەو كارگەمان هەیە، رێژەی سەوزاییش لەهەرێمی كوردستان تاوەكو 2015 كە دوا داتایە لەلامان 12,4% بووە كە بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت 15% كەمتر نەبێت، بەڵام هەرێم بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار كە دەبێتە پیسبوونی ژینگەكەی دەبێت سەوزاییەكەی 25% تا 30% بێت .
ئەوەشی ئاشكراكرد كە رێكخراوی (گرین پیس) لەساڵی 2018 پێوانەی هەوای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد دوو لەو شارانەی كە لە 10 شارە ژینگە پیسەكانی وڵاتەكانی ناوچەكە، شارەكانی بەغداو هەولێر بوون كە ئەوەش مانای ئەوە نیە شارەكانی دهۆك و سلێمانی پیس نەبن.
سەبارەت بەهۆكاری ئاگركەوتنەوە لەدارستان و پوش و پاوانەكان، ئەحمەد محەمەد وتی : هۆكارەكانی بریتین لەوەی لەكاتی دروستبوونی رەشەبا ئەو دارانەی زۆر بەرزن لەئاستە بەرزەكانی بەریەك دەكەون و لێكدەخشێن و گەرم دەبن دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە هەروەها هەورە بروسكەش هۆكارە، هۆكارێكی تر بریتیە لەوەی كاتێك خەڵكی دەچنە گەشت لەدوای خۆیان بوتڵی ئاو فڕێدەدەن كاتێك بوتڵە ئاوەكە دەنوشتێتەوە گۆشەیەك دروست دەكات پاشان تیشكی خۆری بەردەكەوێت وەك شووشە گەرمی دروست دەكات و كاتێك بەر پوش و پاوان دەكەوێت ئاگری لێدەكەوێتەوە.
روونیشی كردەوە لەساڵی 1957 یەكەم رووپێوی دارستان لەهەرێم ئەنجامدرا ئەوكات نزیكەی 5 ملیۆن دۆنم دارستانمان هەبوو لەساڵی 2015 شدا رووپێوی دووەمی بۆ ئەنجامدرا دەركەوت رووبەری دارستانەكانمان كەمبۆتەوە بۆ 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم، كەواتە هەرێم 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم دارستانی لەماوەی 58 ساڵی رابردوو لەدەستداوە، لە 10 ساڵی رابردووش نزیكەی 1 ملیۆن و 30 هەزار دارستان سووتاوە، تەنیا لەساڵی 2020 دا 2779 ئاگركەوتنەوەمان هەبووە كە بەشێكی لەدارستانەكان بوونە، هۆكاری سروشتی سووتانی دارستانەكان لەهەرێمی كوردستان زۆر كەم روودەدات، بەڵام هۆكارە سەرەكیەكەی بۆ چەند شتێك دەگەڕێتەوە كە لەوانە چوونی خەڵكی بۆ گەشتوگوزارە كە دوو جۆر هەن یەكێكیان بەبێ مەبەست كە كاتێك هاووڵاتیان دەچنە سەیرانگایەك خەڵوزو نێرگەلەو جگەرە دادەگیرسێنن و ئاگردەكەنەوە دواتر ئاگرەكە بەجێدێڵن پاشان ئاگرەكە تەشەنە دەكات، جۆرەكەی تر ئاگركەوتنەوەی بەئەنقەستە لەلایەن خەڵكەوە كە ساڵانە ئەو دیاردەیە زۆر ئەنجام دەدرێت.
راشیگەیاند: پاراستنی ژینگە لەهەرێمی كوردستان پێویستی بەهوشیاركردنەوەیە كە بەشێك لەكارەكانی دەستەكەی ئێمە هوشیاریە بۆ هاووڵاتیان لەڕێگەی فەرمانگەی هۆشیاری كە لەسێ پارێزگای هەرێم كراوەتەوە ئێستاش بەنیازین لەهەڵەبجەش فەرمانگەی ژینگە دەكەینەوە لەئیدارەی گەرمیان و راپەڕینیش كار لەسەر چۆنیەتی مامەڵەیەكی تەندروستی هاووڵاتیان لەگەڵ ناوچە گەشتیاریەكان دەكەین، لەگەڵ ئەوەش ئێمە لەشوێنە گەشتیاریەكان پێویستیمان بەیاساو چاودێری هەیە بۆ ئەوەی گەشتیار وەكو پێویست مامەڵە لەگەڵ شوێنەكە بكات بەتایبەت ئاگركردنەوەو بەجێهشتنی خۆڵ و خاشاكێكی زۆر.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دەستەی ژینگەی هەرێم دەستەیەكی چاودێری و راوێژكاریە نەوەك جێبەجێكردن كە بەپێی یاسای ژمارە 8 ی ساڵی 2008 كارەكانی دیاریكراوە بۆ نمونە وەزارەتێكی وەكو كارەبا پڕۆژەیەكی كارەبا جێبەجێ دەكات بەوزەی كۆن بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری ئێمە پێیان دەڵێین بەوزەی كۆن بۆ ژینگە باش نیەو وزە نوێبووەكان بەكاربێنن هەروەها بۆ وەزارەتەكانی تریش، ئێستا ئەنجومەنێكی چواردە كەسیمان هەیە كە نوێنەری چواردە وەزارەتی تێدایە كە هەموویان پەیوەندارن بەپرسی ژینگە كە دوو مانگ جارێك كۆبوونەوەیان لەگەڵ سازدەكەین.
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم گوتیشی : ئەمساڵ پڕۆژەیەكمان ئامادەكرد كە بەتایبەتكردنی سەیرانگاكان لەهەرێمی كوردستانە كە ئەگەر سەیرانگایەك كەسێك سەرپەرشتی بكات كەرتی حكومی بێت یا كەرتی تایبەت خزمەتگوزاریەكی رێكوپێك پێشكەش بكات بەهەموو شتەكانیەوە كە بریتی بێت لەخاوێنكردنەوەی شوێنەكەو پاركی وەستانی ئۆتۆمبێل و دروستكردنی توالێت و دانانی كورسی و راكێشانی هێڵی كارەبا لەبەرامبەردا پارەیەكی كەم لەسەردانیكەرانی وەربگیرێت دوای ئەوەی پڕۆژەكە چووە ئەنجومەنی وەزیران ئێستا نوێنەرێكی ئێمە چۆتە لیژنەكەو كار لەسەر جێبەجێكردنی دەكات بۆ ئەوەی ناوچە گەشتیاریەكان بەخاوێنی بمێننەوە، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا پیسكردنی بەردەوام بێت، ئەوا لەداهاتوو گەشتیار روو لەهەرێمی كوردستان ناكات.     
PUKmedia رەوەست نەوزاد – هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket